فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ PUKMEDIA رایگەیاند: "ئەنجامی هەڵبژاردن نەخشەی سیاسی و ئیداری ناوچە جێناكۆكەكان دەگۆڕێت و بەشێك لە كێشەكانی ئەو ناوچانە چارەسەر دەكات". دەشڵێت: "مادەی 140 ی دەستوور مادەیەكی هەمیشەییە، بەڵام بەڕێوەچوونی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی مادەكە لاوازە".
دەقی چاوپێكەوتنەكە:
* ئایا ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەبێتە هۆی گۆڕانكاری ئیدار و بەڕێوەبردن لە ناوچە جێناكۆكەكاندا؟
- بەشێوەیەكی گشتی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە لە بەردەم گۆڕانكاری و قۆناغێكی نوێدایە، نەخشەی ئیداری و ئەمنی و سیاسی دەگۆڕێت، بۆیە دەكرێت وەك دەرفەتێك سوود لەو گۆڕانكاریانە وەربگیرێت و كێشەی زەوی و زارو بۆشایی ئەمنی و كێشەی یاسایی كە رووبەڕووی گەڕەكە كوردنشینەكان دەبێتەوە، چارەسەر بكرێن.
* كاری پێكەوەیی تا چەند چارەسەری كێشەكانی ناوچە جێناكۆكەكان دەكات؟
- "هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەتوانێت بەشێك لەو كێشانەی ئاماژەمان پێدا چارەسەر بكات و سەرەتایەكی نوێ لە كاری ئیدار و پێكەوە كاركردن بهێنێتە ئاراوە.
* هەنگاوەكانی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی ناوچە جێناكۆكەكان بەكوێ گەیشتووە و بۆ بەلاوازی بەڕێوە دەچێت؟
- مادەی 140 ی دەستوور مادەیەكی هەمیشەییە و وەكو خۆی ماوەتەوە، بەڵام بەڕێوەچوونی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی مادەكە لاوازەو دڵخوازی ئێمە نییە، ئەو بڕە پارەیەشی بۆ جێبەجێكردنی تەرخانكراوە بە بۆچوونی ئێمە ناتوانرێت قەرەبووی زیانلێكەوتووانی پێبكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەكانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی هەنگاوی یەكەمی مادەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
* كێشەی گەڕەكی نەورۆز چارەسەر كرا؟
- چارەسەركردنی كێشەكانی گەڕەكی نەورۆز كە گەڕەكێكی كوردنشینی كەركوكە، هەنگاوەكانی بەباشی بەڕێوەچوون و ئاسۆیەكی روون بۆ چارەسەركردنی كێشەكە دەركەوتووە، بڕیاری چۆڵكردنی خانووەكانی گەڕەكی نەورۆز راگیراوە، هەروەها چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەیەكی نزیكدا سوپا لەو گەڕەكە بكشێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە خالید شوانی وەزیری دادی عیراق نوێنەرانی گەڕەكەكەی بینیوە و بەجدی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عیراقدا لەسەر هێڵە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە.