شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم و كۆلۆنێڵ هامپ فەرماندە لە هێزەكانی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا، لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی پڕۆسەی چاكسازی و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەیان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، دوایین پێشهاتە ئەمنییەكانی ناوچەكە، پەیوەندییەكانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان، یارمەتییە سەربازییەكان و مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە، بەردەوامیی مەترسییەكانی داعش بۆ سەر ناوچەكە، دۆخی ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاریگەرییەكانی و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عیراق، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و تەئكید لە پڕۆسەی چاكسازی و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كرایەوە.
جێگری سەرۆكی هەرێم، رایگەیاند: لەپێناوی بەردەوامبوونی سەقامگیری و ئارامی لەناوچەكەدا، هەبوونی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش گرنگە. سەبارەت بە بارودۆخی عیراق و هەرێمیش، جەختی لە پاراستنی هێزەكانی هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماتكارەكان كردەوە.
وەفدی میوانیش، پاڵپشتی هێزەكانی هاوپەیمانیی ئەڵمانیایان بۆ بەردەوامبوونی یارمەتییەكان و هاریكاری لەگەڵ پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەكانی داعش، دووپاتكردەوە.