راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
سووتاندنی زەوی و دەغڵودانی جووتیاران پێش دروێنە لە ناوچە دابڕاوەكان چەند ساڵێکە سەریهەڵداوە، هەندێکجار لەلایەن کەسانی نادیارەوە دەکرێن و نادۆزرێنەوە و هەندێکجار کەسەکان کێشەیان لەگەڵ یەک هەیە و بە مەبەست ئەو کارە دەکەن بۆ زیانگەیاندن بە بەرامبەرەکەیان.
ساڵانە دووبارە دەبێتەوە
عوسمان داودە، جووتیارە لە ئاوایی حەفتەغاری سەر بەقەزای داقوق، لەسەر سووتانی دەغڵودانەكانیان وتی: بۆ چەند ساڵێك دەچێت لە دێیەكانی دەوروبەری ئێمە لەكاتی دروێنەكردندا رووداوی سووتاندن روودەدات، بەڵام لەمساڵیشدا لە باكووری رۆژئاوای قەزای داقوق لە گوندی «زەنقر» زەوی چەند جووتیارێک سووتا و زیانی گیانیشی هەبوو.
وتیشی، 30 دۆنم زەوی كشتوكاڵیم هەیە، بەڵام بۆ ئەمساڵ نەمتوانی تۆوی بكەم، چونكە زەوییەكەم لە شیوێكدایە و نزیكە لە شوێنی هێرشەكانی چەكدارانی داعش، ساڵی پار كە تۆومانكرد خەریك بوو كوڕێكشم تیابچێت، چونكە چەكدارەكان هێرشیان كرد و هەوڵی سووتاندنیان دا.
باسی لەوەشكرد هەر چەندە لەمساڵدا هێزە ئەمنییەكان پارێزگاری لە زەوییە كشتوكاڵییەكان دەكەن، بەڵام لەم دوو هەفتەیەدا لەلایەن داعشەوە لە گوندەكانی دەوروبەری دیالە و سەڵاحەدین و كەركوكدا سووتان روویداوە و چەند كەسێكیش لە جووتیارەكان بوونەتە قوربانی.
بۆشایی ئەمنی هەیە
مەحمود كەریم، پیشەی جووتیارە لەقەزای داقوق و چەندەها دۆنم زەوی كشتوكاڵیی هەیە و دەربارەی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران وتی: چەند ساڵێكە بەردەوامە و خەریکە دەبێتە دیاردە بەتایبەت تر دوای رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر بەشێوەیەكی بەرچاو روودەدات، هەندێك لەلایەن چەكدارانی داعش بە سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران تاوانبار دەكەن، هەندێكی تریش هێزە ئەمنییەكان تاوانبار دەكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم ساڵدا هێزە ئەمنییەكان خۆیان چاودێری زەوییە كشتوكاڵییەكان دەكەن و ئەوەندە دەزانین دەستێكی نادیار بە پرۆسەیەكی وریاوە ئاگر لە دەغڵەكان بەردەدەن و دەستێكی گەورە كار دەكات لەپێناو دابەزینی رێژەی بەروبوونی دانەوێڵە و گەنم و جۆ لە وڵاتدا، بۆ ئەوەی عیراق هەموو كاتێك ئامادە بێت بۆ هاوردە كردنی دانەوێڵەی گەنم و جۆ لە وڵاتەكانی دەوروبەرەوە کە ئەمیش بە زیان بۆ عیراق و بەروبوومە كشتوكاڵییەكانی دەگەڕێتەوە.
هەڵدەكوتنە سەر دێیەكانمان
وتیشی: كێشەیەكی تر ئەوەیە عەرەبە هاوردەكانی كەركوك لە ساڵانی رابردوودا قەرەبوو كراونەتەوە، ئێستا لە پرۆسەیەكی بە عەرەب كردنی تردا و بە شێوازێكی تر و لە رێگەی لەوەڕگا و گرێبەستی كشتوكاڵییەوە ناوە ناوە هەڵدەكوتنە سەر دێیەكانمان هەڕەشەی سووتاندنی دەغڵودانەكانمان دەكەن و دەسەڵاتداری شارەكەش لە پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك هەموو دڵنیاییەكیان وەرگرتووە بە داگیركردن.
باسی لەوەشكرد لەم چەند مانگەی پێشوودا لادێ كوردنیشنەكانی كەركوك تووشی جۆرەها رووداو بوونەتەوە و بەشێك لە خەڵكی گوندەكەش چۆڵیان كردووە.
زیان بە بنەتۆوی گەنم و جۆ دەکەوێت
ئەندازیار هێرش محەمەد شارەزا لە بواری كشتوكاڵیدا راگەیاند: ئەم دیاردەی سووتاندنە زیانێكی زۆر بە بەرهەمی كشتوكاڵی دەگەیەنێت، لە پاڵ ئەوەشدا زیانێكی گەورە بە بنەتۆوی گەنم و جۆ دەگەیەنێت و لەهەمان كاتیشدا زیانێكی گەورە لە بنەتۆوی دانەوێڵەی كێویش دەدات بۆ نموونە ساڵی داهاتوو ئەو گوڵانە تۆویان لەو زەوییە سووتاوانەدا نییە و دەرناچێت.
بەرهەمێكی كرچ و كاڵ لەمساڵدا
زوهێر محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لەمساڵدا ملیۆنێك دۆنم زەوی كراوە بە گەنم و جۆ كە هەندێكی بە باران و هەندێكشی بە ئاودێری، بەڵام تەنها پێنج سەد دۆنمی بەراوی هاتووتە بەرهەم و ئەوەی تری كە پشتی بە باران بەست زیانی گەورەی بەركەوتووە و بەرهەمێكی ئەوتۆی نەبووە.
دەربارەی قەرەبوو كردنەوەی ئەو جووتیارانەی كە زەوییەكانیان بەرهەمیان نەبووە یان سووتێنراوە، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك رایگەیاند: تائێستا هیچ بەڵگەیەكی فەرمیمان نییە كە قەرەبووی زیان لێكەوتووان بكەینەوە و بتوانین بەشێك لە زیانەكانیان قەرەبوو بكەینەوە.
باسی لەوەشكرد ئەو جووتیارانە زەوییەكانیان لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە سووتێنراوە، تاكو ئێستا لەمساڵدا زیاتر لە 100 دۆنم زەوی كشتوكاڵی سووتێنراوە، وەكو بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوكیش بۆ قەرەبووی ئەو سووتانە داوامان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری كردووە، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكیان نەداوینەتەوە.
سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران لەناوچە دابڕاوەکان