سیروان محەمەد - كەركوك
یادگار عەلی - گەرمیان
جووتیارانی سنووری پارێزگای كەركوك بەردەوامن لە رادەستكردنی گەنمەكانیان و لە ماوەی 20 رۆژدا، سایلۆكانی كەركوك بڕی زیاتر لە شەش هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە.
هاوكات وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی سنووری گەرمیان دەستیپێكرد و بەوتەی بەڕێوەبەری سایلۆی كەلاریش، بەهۆی وشكەساڵییەوە بەرهەمی گەنم بە رێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە.
شەش هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە
شەرەف ئەحمەد، سەرۆكی ئەندازیاران لە سایلۆی كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەرهەمی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای كەركوك، لە رێگەی سێ بنكەی سەرەكییەوە وەردەگیرێن كە ئەوانیش سایلۆكانی: (كەركوك، ریاز و داقوق).
ئاماژەی بەوەشدا: جووتیاران دەتوانن گەنمەكەیان رادەستی نزیكترین بنكەی وەرگرتن بكەن لە سنوورەكەدا.
وتیشی: «پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە باشی بەڕێوەدەچێت و تائێستا زیاتر لە شەش هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی سنوورەكە وەرگیراوە».
راشیگەیاند: ئەمساڵ بۆ وەرگرتنی بەروبوومی گەنم، وەزارەتی بازرگانیی عیراق رێنمایی پێویستی دەركردووە و بۆ هەر تۆنێك گەنم بڕی 850 هەزار دینار دەستنیشانكراوە و بڕیاریش دراوە كە پارەی گەنمی جووتیاران دوانەكەوێت.
200 هەزار تۆن گەنم
بەوتەی ئەو بەرپرسەی سایلۆی كەركوك، وەكو قۆناعی یەكەم، دەسەڵاتی خەرجكردنی بڕی پێنج ملیار دینار خراوەتە بەردەم سایلۆی كەركوك، پێشبینیش دەكەین هاوشێوەی ساڵی رابردوو، بۆ ئەمساڵیش بڕی نزیكەی 200 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگرین، ئەو نرخەشی كە ئەمساڵ بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دیاریكراوە، نرخێكی باشە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش، بەرهەمی گەنم لە پارێزگای كەركوك بەراورد بە ساڵی 2020، بە رێژەی (40 %) كەمیكردووە.
وەرگرتنی گەنم لە گەرمیان
لەلایەكی دیكەوە، لە سایلۆی كەلار وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران دەستیپێكرد و بەهۆی وشكەساڵیشەوە، بەرهەمی گەنم بە رێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە.
لەوبارەیەوە، كاروان رەئوف بەڕێوەبەری سایلۆی كەلار، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە دوای تەواوكردنی هەموو ئامادەكارییەكان، دەستمان بە وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران كردووە.
بەپێی ئامارەكان، لە كۆی پێنج هەزار و 200 جووتیار، ئەمساڵ تەنیا هەزار و 915 جووتیار ناویان بۆ پێدانی گەنم بە سایلۆی كەلار تۆماركردووە.
سایلۆی كەلار توانای وەرگرتنی بڕی 70 هەزار تۆن گەنمی هەیە و پێشبینی دەكرێت كۆی ئەو بەرهەمەی ئەمساڵ لە ناوچەكەدا بەرهەمهاتووە، لە نێوان (15 - 20) هەزار تۆن بێت، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو سەرباری دەركەوتنی دیاردەی وشكەساڵی، بڕی 22 هەزار تۆن گەنم لە سنوورەكەدا بەرهەم هاتبوو.
بۆ كەمتر لە 20 هەزار دۆنم دابەزیوە
هاوكات، محەمەد كەریم كە جووتیارێكی سنووری قەزای كەلارە، بۆ كوردستانی نوێ-ی روونكردەوە: بەهۆی دەركەوتنی دیاردەی وشكەساڵییەوە، بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی سنوورەكە زۆر كەمیكردووە و جووتیاران زیانێكی زۆریان بەركەوتووە.
لە رێوڕەسمی دەستكردن بە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، هەریەك لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی هەرێم، باسیان لە كەمبوونەوەی رێژەی بەرهەمی گەنم لە سنوورەكە و رێكارەكانی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران كرد.
بەوتەی بەرپرسانی كشتوكاڵی گەرمیان، ئەو بەرهەمەی ئەمساڵ لە سنووری گەرمیان بەرهەمهاتووە، تایبەتە بە بەرهەمی زەوییە بەراوەكان كە پشت بە باران نابەستن لەگەڵ زەوییە كشتوكاڵییەكانی سنووری مەیدان و پێباز كە ناوچەی بارانی مسۆگەرن.
پێش دەركەوتنی وشكەساڵی لە ناوچەكەدا، ساڵانە رووبەری زیاتر لە 120 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم دادەچێنرا، بەڵام ئەمساڵ رێژەكە بۆ كەمتر لە 20 هەزار دۆنم دابەزیوە.