یادەوەریی وەرزشی

11:12 - 2024-01-16
وەرزش
136 جار خوێندراوەتەوە
کاوە سدیق

خەسرەو گورون

98


لە چەند ئەڵقەی رابردووی ئەم باسانەمدا تیشكێكم خستە سەر خولێكی دۆستانەی یانەو دامەزراوە وەرزشییەكانی سلێمانی كە لقی سلێمانی یەکێتیی تۆپی پێی عیراق رێکیخستبوو (یانەی سلێمانی، یانەی سیروان، مەڵبەندی لاوانی سلێمانی، مەڵبەندی لاوانی شەهید، پۆلیسی سلێمانی، یانەی قوتابیان و لاوانی سلێمانی) بەشدارانی ئەم خولە بوون، خولەكە رۆژی 1/8/ 1990 دەستیپێکرد و رۆژی پێنجشەممە 16/8/1900 کۆتاییهات و ئێمە وەک یانەی سلێمانی یەکەمی خولەکە بووین.
پاش ئەم خولە بەشداریی خولێکی ترمان کرد، ئەم خولەیان لە هەولێر رێکخرا، ئەمانەی عاممەی حوکمی زاتی ئەوسا رێکیخست، تیپی یانەکانی (سلێمانی، سیروان، زاخۆ، هەولێر، برایەتی) تیایدا بەشدارییان کرد، یارییەکانیش هەموویان لە یاریگای ئیدارە محەلی هەولێر بەڕێوە برا.
لەکاتی بەڕێوەچوون و دەستپێکردنی ئەم خولەدا، عیراق تازە کوەیتی داگیر کردبوو، رەشبگیر بۆ جەیشی شەعبی و ئەرکی سەربازی لە ئارادابوو، بۆیە خەڵک بەزۆری نەیان دەتوانی بێن بۆ سیری یارییەکان بەتایبەتی لە شارەکانەوە بۆ هەولێر.
رۆژی 20/8/1990 ئێمە وەک یانەی سلێمانی یەکەم یاریی خۆمان لەم خولەدا کرد، یارییەکە تیمێکی ناوبژیوانی هەولێر بەڕێوەیان برد کە (فاروق تۆفیق و فەیسەڵ و ئازاد) بوون، ئێمە بەدرێسی سپییەوە یاریمان دەکردو برایەتیش درێسی سوریان لەبەردابوو، عومەر خەتاب و حەمە بچکۆل راهێنەرانی ئێمە بوون، خوالێخۆشبوو دکتۆر عەتا چارەسەرکەری تیپ بوو، پێکهاتەکەشمان لەم یارییدا بەمجۆرە بوو؛
*گۆڵچی: سیروان محەممەد-عەبۆل.
* بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، ئامانج سەید برایم، نەوزاد مستەفا، شەماڵەڕەش.
*ناوەند: کاوە سدیق، ئاسۆ قەلە، جەعفەر تۆفیق، سەڵاحی شێخ ئەمین.
*هێرشبەر:ئالان قادر و بەکری شێخ مستەفا.
لە یارییەكەدا هەردوو راهێنەر ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد: دێرێ لەتیف بۆ شوێنی جەعفەر،شەهید هەرسین رەسوڵ بۆ شوێنی کاوە، یاریزانە یەدەگەکانیشمان (شوان عەتوف و کاژاو کەمال و تەنیا حەسەن و زانا و ئومێدی شێخ حسێن و هادی کەریم و خوالێخۆشبوو عەتای گۆڵچی) بوون.
هەتا دەقیقەی 70 ی یارییەکە یەکسان بووین، بەڵام لە دەقیقەکانی 70 و 85 دا تیپی برایەتی دوو گۆڵیان کردوو یارییەکەیان بەو ئەنجامەش بردەوە، دوای ئەم یارییەش زاخۆ 1-0 لە هەولێری بردەوە و ئەو رۆژە ئەم دوو یارییە کران.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان