راگەیەنراوی کۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
مەکتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبۆوە و بەتوندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێکی تاکڕەوانە و دەنگۆی رێکەوتنی لایەنەکان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کرد کە بڕیارە لە 10-6-2024 ساز بکرێت. پشتیوانیی خۆشی بۆ بەردەوامی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق لەپێناو سەرخستنی هەڵبژاردن لە هەمان وادەدا دووپاتکردەوە.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا (1-5-2024) کە لە دەباشان بەڕێوەچوو، مەکتەبی سیاسی لەپێناوی داكۆكیكردن لە مافی دیموكراسیی خەڵكی کوردستان، بڕیاریدا بە هەموو رێکارێکی یاسایی و بە هەوڵی هەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، بەگژ هەوڵە ناڕەواكانی دواخستنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی 10-6دا بچێتەوە.
کۆبوونەوە هەموانی لەو پێشهاتە ترسناكە ئاگادارکردەوە كە هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن وێڕای ئەوەی پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و رێوشوێنەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنە، دەشبێتە مایەی خەوشێكی گەورە بە تەوێڵی پڕۆسەی سیاسیی كوردستانەوە کە سەرەنجام هیچ ئیعتیبارێك بۆ ویستی ئاڵوگۆڕی دیموکراسیانەی دەسەڵات و بۆ ناوبانگی دامەزراوەکانی هەرێمی كوردستان ناهێڵێتەوە و شەرعیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە ئێستا خۆی کاربەڕێكەرە، دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە.
مەکتەبی سیاسی ئەم جۆرە هەوڵانەی دواخستن بە پاشقولگرتن لە ئیستیحقاقی دیموكراسی دەزانێت و هیچ پاساوێكی بۆ نییە تەنیا رەچاوكردنی بەرژەوەندیی تەسكی ئەوانە نەبێت كە خۆیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەدزنەوە و بەدوای دەرچەیەكی ناڕەوادا دەگەڕێن كە زۆرینەیەكی زۆرەملێ و پێشوەختی مسۆگەرکراویان بۆ دابینبكاتەوە. هەر بۆیە رایدەگەیەنێت هەرگیز بەشێک نابێت لە کەینوبەینی ژێربەژێر و پێشوەختیش هەموو کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە.
بڕیاری کۆبوونەوەکەی دەباشان ئەوەیە کە یەکێتی بۆ پارێزگاری لە مافی دیموكراسیی گەلەكەمان:
-بە یاداشتی فەرمی و دیداری راشكاو و جدی دۆستانی پڕۆسەی سیاسیی کوردستان، عیراق و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەم پەرۆشییە دیموکراسییەی خۆی ئاگادار دەکاتەوە.
-بە کۆدەنگیی نیشتمانیی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکانی داکۆكیكار لە پابەندبوون بەوادەی هەڵبژاردن، یەکڕیزی و دیموکراسی پتەوتر دەکات.
-پەنا بۆ سكاڵای یاسایی دەبات و بەگوێرەی دەستووری عیراق و یاسا بەركارەكانی، داكۆكی لەم مافەی میللەتەکەمان دەكات.
هەروەك بانگەوازی نیشتمانی و دیموكراسیی خۆی ئاڕاستەی هەموان دەكات لەم خەباتە یاسایی و دیموكراسییەدا پشتیوان و هاوكاربن.
لە کۆتاییشدا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییانە، کوردانە و دیموکراسییانە رووی کردە:
رای گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دەنگدەرانی تازەی پڕۆسەی هەڵبژاردن کە بۆ یەکەمینجارە ئەم ئیستیحقاقە دیموکراسییە پیادە دەکەن، با پێكەوە داكۆكی لە ئەزموونی دیموكراسیی كوردستان بكەین و ئەركی راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی خۆماڵی سەربخەین كە تەنیا بە هەڵبژاردنێكی بێگەرد و لە وادەی خۆیدا دێتەدی.
بۆ پێشەوە بەرەو سەركەوتنی بژاردەی هەڵبژاردن و دەربازكردنی قەوارەی هەرێم لە هەڕەشەی چەقبەستن و بێئیعتبارکردنی دامەزراوەكانی.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان