وەکو جاران یەکیان گرتۆتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز

11:20 - 2024-01-16
وەرزش
114 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل

 

چوار ئەستێرەی سەردەمی زێڕینی یانەی بارسیلۆنا كە لە تەمەنی لاویدا بۆ ئەو یانەیە یارییان دەكرد، جارێكی تر و ئەمجارە لە تەمەنی سەرو 30 ساڵیدا و لە یانەیەكی دوور لە یانەی بارسیلۆنا یەكدەگرنەوە.

سەردەمی زێڕین
ئەو چوار ئەستێرەیە بریتین لە هەریەك لە مێسی و سوارێز و جۆردی ئەلبا و بۆسكێتس، ئەم ئەستێرانە لەتەمەنی خوار 30 ساڵییاندا چوار یاریزانی زۆر كاریگەر و لێهاتووی بارسیلۆنا بوون و بۆ تیپی زێڕینی یانەكە یارییان دەكردو چەندین دەستكەوت و جامی پاڵەوانێتیی گرنگیان بۆ بارسیلۆنا بەدەستهێنا، بەڵام لە ناكاو مێسی كە هێشتا لە لووتكەی ئەداو یارییكردندا بوو چووە یانەی پاریس سانجێرمان، ساڵی پاریش چووە یانەی ئینتەر میامی، پاشان لویس سوارێزیش لەگەڵ كومانی راهێنەری بارسیلۆنادا هەڵینەكردوو چووە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید و پاشان گەڕایەوە ئۆرۆگوای و ئەمساڵ ئەمیش چووە یانەی ئینتەر مەیامی، پاشان جۆردی ئەلباو بۆسكێتسیش ئەمساڵ نەیانتوانی لە یانەی بارسیلۆنا بەردەوام بن و پاش بارسیلۆنا نەچوونە هیچ یانەیەكی ترو لە ژێر كاریگەریی مێسیدا یانەی ئینتەر مەیامیان هەڵبژارد، ئێستا ئەم چوار ئەستێرەیە  لە دوا ساڵەكانی تەمەنی یاریكردنیاندا  لەم یانەیەی ئەمریكا  یاری دەكەن.

یەکیانگرتەوە
دوا یاریزان كە پەیوەندیی بە ئینتەر مەیامییەوە كرد، لویس سوارێزی ئۆرۆگواییە، تەمەنی 36 ساڵە، لە ساڵی 2014 – ەوە تا ساڵی 2020 واتە 6 ساڵ یاریی بۆ بارسا كردوە، ئەمساڵ پەیوەندیی بە یانەی ئینتەر مەیامییەوە كردووەو لەگەڵ مێسی و ئەلبا و بۆسكێتس جارێكی تر وەك سەردەمی بارسا یەكدەگرنەوە.

دوا یاریزان
لەبەر ئەوەی سوارێز دوا یاریزان بووە لەو چوار یاریزانەی پێشووی بارسا كە پەیوەندیی بە سیانەكەی ترەوە كردووە، كەناڵێكی راگەیاندنی ئەمریكا چاوپێكەوتنێكی لەگەڵدا كردووەو چەندین پرسیاری لێكردووە، لەنێو پرسیارەكاندا باسی بارسا و سەردەمی بارسا كراوەو ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داونەتەوە:
لە وەڵامی پرسیارێكدا دەڵێت: زۆر جوان دەبێت ئەو ساتە جوان و مەزنانە بهێنینەوە یادی خۆمان كە هەرچوارمان لە بارسیلۆنا بەسەرمان بردووە، لە یانەیەك كە هەموومان هەموو كاتێك خەونمان پێوە بینیوەو یەكەم هۆكاری هاتنیشم بۆ ئەم یانەیە ئەو هۆکارە بووە.
بە بیرمدا نەدەهات
پرسیاری ئەوەشیان لێكردووە كە ئایا هیچ كاتێك ئەوەت بەبیردا دەهات جارێكی تر هەرچوارتان ئاوا لە یانەیەكدا بۆ یاریی كردن یەكبگرنەوە، سوارێز ووتی: لەراستیدا نەخێر، هەرگیز ئەمەم بە بیردا نەهاتووە، چونكە من بڕوای تەواوم هەبوو كە مێسی لە بارسیلۆنا كۆتایی بە سەردەمی یارییكردنی خۆی دەهێنێت، ئەو هەمیشە دەیوت كە هەتا مردن قەرزارباری بارسیلۆنام، هەرچیشم ویست لەو یانەیە بەدەستم هێناوە، ئەمەش بۆ جۆردی و سێرجیرۆش راستە، بەڵام ئەم یەكگرتنەوەیەمان مانایەك زیاتر هەڵناگرێت ئەوەیش ئەوەیە هەرچوارمان و تایبەتیش من و مێسی پەیوەندییەكی هاوڕێیەتی پتەومان هەیە و لەناو یاریگاو لە دەرەوەی یاریگاش هەمیشە دەمانەوێت پێكەوەبین و تەنانەت پەیوەندیی خێزانیشمان بەهێزە.
ئاگامان لێێانە
سەبارەت بەبارسیلۆناش ووتی: هەرچوارمان یەك (DNA) ی هاوبەشمان هەیە ئەوەیش یانەی بارسیلۆنایە و ئەم یانەیە پێكمانەوە دەبەستێتەوە، ئێستاش هەرچوارمان چاومان لەو یانەیەیە، ئاگامان لە بارودۆخ و ئەنجامەكانییەتی، راستە بەدڵی ئێمە نییە، بەڵام بڕوامان بەوەهەیە كە نەوەیەكی لاو لەم یانەیە هاتوونەتە پێشەوە و چاوەڕوانی زۆریان لێدەكرێت.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان