فەرامۆشكردنی توانای ژن لە كەرتی تایبەتدا

09:57 - 2024-01-21
ڕاپۆرت
274 جار خوێندراوەتەوە

هاشم غەمگین


 ژنان وەك پیاوان بۆ پڕكردنەوە و دابینكردنی پێداویستییەكان و بوون بە خاوەن دەستكەوت و قازانج وپاشەكەوتكردن،مافی بەشداریكردنیان لەهەر بوارێكی كەرتی تایبەتدا هەیە،بۆ ئەوەی لە بازاڕ و كۆمپانیاكان و كارگەكان و گشت سێكتەرەكانی دیكەی ئابووریدا بێنە پێشەوە و دەربكەون و چالاكانە كار بكەن. توێژینەوە جیهانییەكان دەریدەخەن كە یەكسانی جێندەری و بەشداریكردنی زیاتری ژنان لە سێكتەرە ئابوورییەكاندا قازانج و كارایی و بەردەوامیی درێژخایەن زیاد دەكات.
بەشداریكردنی ژنان لە كاركردن لە كەرتی تایبەتدا لەگەڵ ئەوەی دەبێتەی هۆی كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری و چەسپاندنی یەكسانی جێندەری و خۆشگوزەرانی خێزانەكان،لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆی یارمەتیدانی زیادكردنی بەهێزكردنی چالاكیی ئابووری 
لە هەرێمی كوردستاندا ژنان وەك گەورەترین سەرچاوەی مرۆیی نەتوانراوە كەڵك لە تواناكانیان وەربگیرێت،بەڵكو توانا و سەلیقەیان پەراوێزخراوە و تاڕادەیەك لە ماڵەوە گۆشەگیرن.
ئێستا رێژەیەكی بەرچاوی ژنان خوێندنیان تەواوكردووە و دەرچوون،بەڵام بێ ئیش و كارن،چونكە لە كەرتی گشتیدا هیچ بوارێكی دامەزراندن نەماوە بۆیان،بۆیە چاویان لەوەیە حكومەت بوارێكیان بۆ بدۆزێتەوە،شان بە شانی پیاوان لە بازاڕ و كەرتی تایبەتدا كار بكەن و جێی دەستیان دیار بێت. نابێت ژنان تەنها چاویان لەوە بێت حكومەت هەلی كاركردنیان بۆ بڕەخسێنێت،بەڵكو دەبێت خۆیان هەوڵ بدەن بەدوای كاردا بگەڕێن، وەك پیاوان لە فرۆشگەكانی بازاڕ و لە رێستۆرانتەكاندا كار بكەن.
بۆئەوەی ببنە خاوەنی داهاتی سەربەخۆی خۆیان و بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانیان چاویان لە دەستی كەس نەبێت.
ئەو ژنانەی خوێندنیان تەواو كردووە،لەبەر ئەوەی لە ماڵەوەن و هیچ داهاتێكیان نییە،لە رەوشێكی بێزاری و دەروونی خراپدان،چونكە هیچ كارێك شك نابەن خۆیانی پێوە سەرقاڵ بكەن و ببنە خاوەن داهاتی خۆیان.
پێویستە حكومەت لەڕێی وەزارەتی پیشەسازییەوە پلانی ئەوەی هەبێت لە هەموو بوارەكانی كارتی تایبەتدا لە كاتی مۆڵەتدان بە هەر پڕۆژەیەكی پیشەسازی مەرجی ئەوەی هەبێت، هیچ جیاكارییەك لە نێوان ژن و پیاودا نەكرێت، وەك یەك بە یەكسانی مافی بەشداریكردنی كاركردنیان پێبدرێت. چونكە حكومەت ناتوانێت ئەو هەموو دەرچوانە لە دامودەزگاكاندا لەخۆبگرێت و دابمەزرێنێت،لەبەر ئەوە دەبێت حكومەت پەرە بە گەشەسەندنی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی بدات،بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت بتوانێت ئەو دەرچوانە بگرێتەخۆ.
ژنان بەتوانا و سەلیقەن هەر ئەرك و كارێكیان پێ بسپێردرێت،دەتوانن چالاكانە بیكەن، كاركردنی ژنان لە كەرتی گشتیدا ئەوە دەسەلمێنێت كە ژنان وەك پیاوان لە راپەڕاندنی كاروبارەكاندا چوست و چالاكن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و داكۆكیكار لە مافەكان ژنانە،كۆششی زیاتر بكەن بۆ ئەوەی ماف و بەشداری ژن لە كەرتە ئابوورییەكان كاراو چالاك بكرێت،
خۆلی راهێنانی پیشەیی و هۆشیاری جۆراوجۆر بكەنەوە بۆ بەهێزكردنی تواناكانی ژنان،بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگییان لەگەڵ حكومەتدا هەبێت،بۆ ژنە دانەمەزراو و دەرچووەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان لەو گۆشەگیرییەی ماڵەوە قوتاریان بكەن لە كارگە و كۆمپانیا و بازاڕەكاندا دایانبمەزرێنن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان