لیوا روكن كارزان شەقڵاوەیی خاوەنی یەكەمین بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری مێژووی سەربازیدا

09:59 - 2024-01-21
ڕاپۆرت
294 جار خوێندراوەتەوە

«بڕوانامەكەم مایەی خۆشحاڵیمە، دڵخۆش دەبم ئەگەر كاری لەسەر بكرێت تا سوودی گشتی لێ بكەوێتەوە لە وەزارەتی پێشمەرگەدا»

راپۆرتی: ئازاد ئیبراهیم

لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، لیوا روكن كارزان شەقڵاوەیی پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قسە لەسەر بڕوانامەی دكتۆراكەی دەكات لە بواری (مێژووی سەربازی)دا، كە بۆ یەكەمجارە لە مێژووی وەزارەتی پێشمەرگەدا، ئەو بڕوانامەیە بەدەستدەهێنرێت و وتی «بەهۆی بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیەوە زۆر خۆشحاڵم، من یەكەم كەسم  لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەم بڕوانامەیەم پێدەدرێت لە مێژووی سەربازیدا».
بۆ قسەكردن لەسەر دكتۆراكەی، وەك كوردستانی نوێ پەیوەندییمان بە لیوا روكن كارزان شەقڵاوەییەوە كرد و رایگەیاند: «بۆ بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیەم لەسەر مێزێك دانەنیشتووم و دەرسم وەرگرتبێت، بەڵكو دوو ساڵە بە بەردەوامی هەوڵدەدەم و زۆر ماندووبووم پێیەوە، كە پێكدێت لە بەحس و ئەتروحە لەگەڵ 12 ریسالە لەگەڵ ئەتروحەكەدا».

بڕوانامەكە
لە خزمەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا دەبێت
لیوا روكن كارزان، دەڵێت: لەڕێگەی ئەم بڕوانامەیەوە دەتوانم سوودی زیاتر بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگەیەنم لەڕووی زانیاری و رێكخستنی هێزی پێشمەرگە و چاكسازییەوە، پێویستە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هاوكاریی زیاترم بكات بۆ ئەوەی ئەو توانایەی خۆم پێشكەش بكەم، لە رابردوودا وەزیری پێشمەرگە و سەرۆكایەتیی ئەركان هاوكارییان كردووم لەڕووی مەعنەوییەوە، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت ئەوەیە و مەبەستمە مەڵبەندی پێشمەرگە و هێزەكانی فەرماندەی یەكەی 70 و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش هاوكاریم بكەن لەوەدا بۆ ئەوەی بتوانم ئەم ئەتروحەیە بكەنە كارێك و بیبەخشنەوە تا سوودی گشتی لێبكەوێتەوە.

بەرزكردنەوەی توانای زانستی و ئەكادیمی ئەفسەران
لیوا روكن كارزان شەقڵاوەیی، كە پێشمەرگەی شاخە و كۆلیژی ئەركان و قەڵاچوالانی تەواوكردووە و چەندین خولی لە ئەمریكا، ئەڵمانیا و یابان بینیوە، لە درێژەی قسەكانیدا بۆ كوردستانی نوێ، وتیشی: وەزارەتی پێشمەرگە لە پاڵ شارەزایی و لێهاتوویی ئەفسەرەكانیدا، پێویستی بە بەرزكردنەوەی توانای زانستی و ئەكادیمیی ئەفسەرانی هەیە، بۆ ئەوەی لەڕووی زانستی و سەربازی و رێكخستنی هێزەكانەوە بتوانن خزمەتی زیاتری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن.
رۆژی 17/1/2024 بەئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، رێوڕەسمێكی رێزلێنان لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕوانامەكەیدا، بۆ لیوا روكن كارزان مەولود لە وەزارەتی پێشمەرگە رێكخراو و وەزیری پێشمەرگە وێڕای پیرۆزبایی، هیوای خواست هەموان رێچكەی پەرەپێدانی بەرزكردنەوەی توانا سەربازییەكان بگرنەبەر لەڕێگەی زانستی سەربازییەوە، وتیشی: «وەكو وەزارەتی پێشمەرگە شانازییە بۆمان كە ئەفسەرێكی باڵای ئێمە ئەو بڕوانامە پڕبەخششە بەدەستبهێنێت».
 
ژیاننامەی لیوا كارزان شەقڵاوەیی
كارزان مەولود ئەحمەد ناسراو بە كارزان شەقڵاوەیی، ساڵی 1965 لەدایكبووە، ساڵی 1979 پەیوەندی بە ریزەكانی پێشمەرگەی كوردستانەوە كردووە و تا راپەڕینی گەلی كوردستان چەندین پۆستی سەربازی لە شاخ وەرگرتووە، ساڵی 1993 بووە بە ئەندامی مەڵبەندی شەشی سۆران، پاشان پۆستی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەریر و دواتریش بۆتە بەڕێوەبەری ئاسایشی شەقڵاوە و پاشانیش بووە بە بەڕێوەبەری ئاسایشی عەنكاوە.
ساڵی 1995-1996 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی سەربازی لە كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان بەدەستهێناوە. ساڵی 1997 پۆستی فەرماندەی فەوجی لە فەرماندەیی هەولێر وەرگرتووە، پاشان سەرتیپی لەشكری ئامادەیی هەولێر بووە، لەدوای 31ی ئابی 1996، بووە بە لێپرسراوی تۆپخانەی هەولێر لە كۆیە و دوای دامەزراندنی سەرۆكایەتیی ئەركانیش بە پلەی فەرماندەی كەتیبەی كاتیۆشا گواستراوەتەوە بۆ سەرۆكایەتیی ئەركان، دواتریش بووە بە فەرماندەی كەتیبەی كاتیۆشا لە فەرماندەیی.
ساڵی 2004 بەشداریی كۆلیژی ئەركانی لە چوارقوڕنە كردووە، ساڵی 2006 كۆلیژەكەی تەواوكردووە و بڕوانامەی ماستەری لە زانستی سەربازیدا بەدەستهێناوە، پاشان بووە بە بەڕێوەبەری جموجوڵی وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پێشمەرگە لە سلێمانی. ساڵی 2010ش بووە بە بەڕێوەبەری پلاندانان و رێكخستنی میلاكات لە وەزارەتی پێشمەرگە، ساڵی 2014 بووە بە بەڕێوەبەری میرەی گشتی تا ساڵی 2017 و دواتریش كراوە بە بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەحركە. دوای ئەوەش لیوا روكن كارزان گەڕێندرایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانان و رێكخستنی میلاكات لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەك بەڕێوەبەری گشتی دەستبەكاربووە و تائێستاش لەو پۆستە بەردەوامە.
لە کۆتایی قسەكانیدا، سەبارەت بە بڕوانامەكەی، ئەوەی خستەڕوو كە ساڵی 2022 لە بەغدا دەستی بە خوێندنی دكتۆراكەی لە بواری سەربازیدا كردووە تا ساڵی 2024 كە وەك یەكەم ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە توانیویەتی بڕوانامەی دكتۆرا لە سەربازیدا بەدەستبهێنێت.
لیوا روكن كارزان شەقڵاوەیی، لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا سێجار بە سەختی برینداربووە، بنەماڵەكەشی خاوەنی حەوت شەهیدی سەنگەرە.

خەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ لیوا روكن كارزان شەقڵاوەیی

بابەتە پەیوەندیدارەکان