لێبووردن ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ خودی خۆتدا

10:30 - 2024-01-21
دووتوێ
359 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی


لێبووردن یان لێخۆشبوون بڕیارێکە مرۆڤ دەیدات بۆ چاوپۆشیی و وازهێنان لە هەست و بیرکردنەوەی تۆڵەسەندنەوە و تووڕەیی لە کەسێک یان کۆمەڵە کەسانێک، راستە رەنگە لێبووردن و لێخۆشبوون لە ناخەوە رووبدات و بەڕاستی خراپەی کەسێکت لەبیربچێتەوە، بەڵام زۆرجار پاشماوە و کاریگەریی ئەو کردارەی وایکردووە لە کەسێک تووڕە و زوویر بیت لە نەستی مرۆڤدا هەر دەمێنێتەوە بە تایبەتی لەکاتی بێڕێزیکردن یان خیانەتدا، هاوکات ئاسانترە لە کەسێک ببووریت کە جێگەیەکی تایبەتی نییە لەلات بە بەراورد بە لێبووردن لە کەسێکی خۆشەویست و نزیک وەک ئەندامێکی خێزانەکەت.
دەتوانن خراپتر بریندارمان بکەن
ئەو وتەیە راستە هەمیشە کەسە نزیک و خۆشەویستەکان زۆر خراپتر دەتوانن بریندارمان بکەن و ئازارمان بدەن وەک لە غەریبەکان، ئەوەش بەحوکمی ئەوەی باشتر دەمانناسن و خاڵە لاوازەکانی ناخ و کەسێتیمان دەزانن، بەڵام بە هەر جۆرێک بێت بەپێی زانستی دەروونناسی لێبووردن و هەوڵی لێخۆشبوون لە بەرامبەر، پێش ئەوەی بۆ ئەو کەسە سوودی هەبێت بۆ خودی خۆت بە سوودە و ئەوە کارێکی باش لەگەڵ خۆتدا دەکەیت کاتێک لە کەسێک خۆشدەبیت یان هیچ نەبێت ئەو هەموو هەستە نێگەتیڤ و ژەهراوییانەی بەرامبەر ئەو کەسە هەتە لەبیری دەکەیت، لەبەرئەوەی ئەو هەستانە پێش هەموو شتێک ناخی خۆت ژەهراوی دەکات و کاریگەری خراپی بۆ تەندروستی دەروونی مرۆڤ هەیە، بێگومان گەیشتن بەو پلەیە کە بتوانیت لە خراپەیەکی گەورەی کەسێک ببووریت پێوستی بە راهێنانی تایبەتی هەیە و کارێکی ئاسان نییە و هەموو مرۆڤێک ناتوانێت بیکات.

بۆ تەندروستی خۆت باشە
بیر بکەرەوە ئایا کەسێک بە شێوەیەکی سەخت ئازاری داویت کە بیرت دەکەوێتەوە دەڵێیت «هەرگیز لێی خۆش نابم؟» یان هەستت کردووە دڵت ناتوانێت ئازارەکان لەبیر بکات یان لەو کەسە خۆش بێت؟ ئەگەر ئەم هەستەت ئەزموون کردبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەزانیت ئەو توڕەییەی بەسەرتدا دێت هەرکاتێک یادەوەری کەسێک یان دۆخێک لە پێش چاوتدا تێدەپەڕێت، ئازاربەخشە، بۆیە بەردەوام دەوترێت لێبووردن زۆر گرنگە بۆ تەندروستی دەروونی و باشیی دەروونمان و لەڕاستیدا هەندێک لێکۆڵینەوەی زانستی کراوە چاودێری گرنگی لێبووردنیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی تەندروستی دەروونی و جەستەیی.
بۆیە کاتێک سەرکەوتوو دەبیت لەو کارە، خۆت لە هەستە درێژخایەنەکانی توڕەیی و تاڵیی و رق بەدوور دەگریت، کە هەستێکی لاوازکەرن و قورسایی دەخەنە سەر جەستە و بیرکردنەوەکانت، کاتێک ئەو هەستانە دەرناچن ئەوا لەناو تۆدا گیریان خواردووە، هەروەها دەبنە هۆی نەخۆشی جەستەیی وەک ئازاری گەدە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جگەلەوەی دەتوانێت هەندێک تێکچوونی دەروونی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێت تووش بکات.

رەنگدانەوەی ترسنۆکیی نییە
هاوکات گرنگە بزانین لێبووردن و لێخۆشبوون رەنگدانەوەی ترسنۆکیی و لاوازیی نییە، زۆر تێڕوانینی هەڵە هەن لەو بارەیەوە بۆ نموونە هەندێک پێیان وایە لێبووردن واتا لاوازبوون، یان داوای دادپەروەری نەکردن، یان پاساوهێنانەوە بۆ رەفتاری خراپ، یان رێگەدان بە مامەڵەی خراپ لەگەڵ خۆتدا بەبێ ئەوەی هیچ هەڵوێستێکت هەبێت بۆ ئەوەی ئەو کارە بوەستێنیت، ئەم تێڕوانینانە بۆ لێبووردن بەتەواوی هەڵەن، لێبووردن واتا وازهێنان لە هەستکردن بە ناڕەزایی بەرامبەر کەسێک یان شتێک، هەروەها ئاماژەیە بۆ هێز، چونکە ئەو کەسەی دەتوانێت ئەو کارە بکات کەسێکە دەزانێت چۆن کۆنترۆڵی هەستەکانی بکات واتا تۆ بەهێزیت بۆیە دەتوانیت لە کەسێک ببووریت نەک بە پێچەوانەوە، چونکە لێبووردن دەتخاتە پێگەیەکی دەسەڵاتەوە و پاساو بۆ رەفتاری خراپ و ئازاربەخش و خۆپەرستانە ناهێنێتەوە، بەهەمانشێوە لێبووردن بە مانای ئاشتبوونەوە لەگەڵ تاوانبار یان ستەمکار نییە، بەڵکو ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ خودی خۆتدا و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە خراپەیە کە لە رابردوودا پێیدا تێپەڕیویت. 
هەروەها لێبووردن بەو مانایە نییە بەرامبەرەکەت کردەوە و رەفتار و قسەکانی بگۆڕێت، بەڵکو تۆ تەنها کۆتایی بە توانای لایەنی بەرامبەر دێنیت بۆ کۆنترۆڵکردنی ژیانت، توانای ئەوەت پێدەدات سنوورێکی روون دابنێیت و لە داهاتوو بڕوانیت.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان