کاتێک خەونێکی منداڵیی دێتەدی

10:32 - 2024-01-21
دووتوێ
275 جار خوێندراوەتەوە

ژوان باقی


ژوان منداڵێكی بچووك بوو تاقانەی سێ برا یاری منداڵانە و سەیركردنی فیلم كارتۆن و هەموو رۆتینەكانی لەگەڵ سێ براكەی بوو، كاتێك منداڵ بوو لەگەڵ براكانی سەیری فیلم و فیلم كارتۆنیان دەكرد و پلەیستەیشنیان دەكرد، زۆرجار ئەو فیلمانەی سەیریان دەكرد نمایشی زیادكردنی تابلۆی هونەرمەندە جیهانییەكان بوو، ژوانی وردیلە جۆش و خرۆشێكی تایبەتی هەبوو بۆ ساتی كۆتایی مەراقی بوو بزانێت تابلۆكە دەبێت بە هی كێ؟ نرخەكەی چەند دەڕواتە سەرتر؟ لە دوای بینینی ئەم دیمەنانەی فیلمەكان، یاری منداڵانەی هەمان نمایشی دەکرد، وەك دەڵێن: منداڵان چی ببینن دووبارەی دەكەنەوە و كاریگەری رووداو و ژینگە و ئەو فیلمانەش كە سەیری دەكەن لە رەفتاریاندا دەردەكەوێت، ئەویش وەك هەر منداڵێك كاریگەربوو بەو دیمەنانەی لەسەر تابلۆی هونەرمەندان بوو، هەربۆیە تابلۆی دەكێشا و هەمان كاری فیلمەكانی دووبارە دەكردەوە هەمیشە قەڵەم بۆیەكانی وەك میوان دادەنا و لاستیك و قەڵەمدایەنەكەی وەك لیژنەی بڕیاردەر خۆی دەبوو بە هونەرمەند و تابلۆكەی خۆی نماییشدەكرد، لە خەونی منداڵیدا لەو ساتەدا وەك مەلیكی نمایشی زیادكردنەكە خۆی دەبینی و دیالۆگی هەموانی دەوتەوە، خولیایەكی هێندە زۆری بۆ هونەر هەبوو خەونی بەوەوە دەبینی رۆژێك لە رۆژان بتوانێت تابلۆیەك بكێشێت لە زیادكردنی ئاشكرادا نماییشبكرێت و بفرۆشرێت بە حەسرەتی ئەوە بوو هەمان پێشبڕكێ بكرێت بۆ تابلۆكەی، ئەوكات هەرچەند منداڵ بوو هەمان باوەڕی ئێستای هەبوو هیچ لەلای گرنگ نەبوو نرخی تابلۆكە تا چەند دەڕوات ئەوەی گرنگ بوو بەلایەوە ئەو یەكەم كەس بێت ئەو هەنگاوە گەورەیە بنێت، بەجۆرێك ئەم باوەڕە كاریگەری لەسەری هەبوو كە تابلۆی دەكێشا، خەونێك بوو بە ئەندازەی گەردوون گەورە بوو بۆی، كاتێك تابلۆی نماییشی زیادكردنەكەی كێشا هەر زوو لە دەفتەرەكەی كردەوە و چوار قەدی كرد لە ترسی ئەوەی نەكا لە مەكتەب مامۆستا بیبینێت و پرسیاری لێ بكات بڵێت: ئەمە چییە؟ دواتر خوێندكارەكانی هاوڕێی گاڵتەی پێ بكەن و پێی پێبكەنن، چونكە بۆ ئەو قۆناغەی تەمەن لای هاوڕێكانی هاوتەمەنی خەونێكی لەو شێوەیە ئێجگار مەحاڵ بوو، هەر لەبەرئەوە هەمیشە دەیشاردەوە هەتا كەس نەیبینێت دەی ئاخر ئەوە خەونی ژوان بوو بە تەنها خۆی دەبوو بیبینێت.

دوای چەندین ساڵ
چەند ساڵ بەسەر ئەم باسەدا تێپەڕی، هەروەك خولیای منداڵی رێگەی هونەری هەڵبژارد و شوێن خەونەكەی كەوت بەو ئومێدەی خزمەتێك بە هونەری شێوەكاری بكات و بەڕاستی رۆڵی هەبێت لە مەیدانی هونەردا.
ساڵەكان تێپەڕین و ژوان-ی كیژۆڵە بچكۆلەكە خەونەكەی لەگەڵیدا گەورەبوو،  تا لە رۆژی سینەمای كوردیدا  (9/9/2022) لەپاش كۆتایهاتنی مەراسیمی رۆژی سینەمای كوردی چەند بیرۆكەیەكی لەگەڵ سینەماكار هاوار مستەفا خان باسكرد، یەكێك لەو بیرۆكانەی پێشنیاری كرد بۆ ساڵی ئایندە پیشەنگایەكی شێوەكاری نماییشبكرێت تابلۆكان گوزارشت بێت لە سینەما كارێكی جوان دەبێت، هاوار مستەفا خان وتی: دەتوانین وێنەیەكی یەڵماز گونەی هەڵبژێرین، تۆ دەتوانی ئەو تابلۆیە بكێشیت؟ ژوان وتی: بێگومان دەتوانم ئەوە زۆر باشە بەو پێیەی زۆربەی كتێبەكان بەرهەمەكانی یەڵماز گونەی بوو ئەوە بیرۆكەیەكی ناوازە بوو.
كات تێپەڕی و بیرۆكەكەیان دەوڵەمەندتر كرد، هاوار مستەفا وتی: پێشنیارێكی نوێم هەیە، پێت چۆنە تابلۆكە لە زیادكردنی ئاشكرا بفرۆشین؟ بەبێ بیركردنەوە بیرۆكەكەی پەسەندكرد و هەندێك بۆچوونی خۆیان خستەڕوو دواتر دەستی كرد بە كێشانی تابلۆكە بۆ ماوەی شەش مانگ، چونكە بە رەنگی زەیت كاری دەكرد كاتی زۆرتری دەویست، كات نزیك بووەوە ژوان تابلۆكەی تەواوكرد، شەوێك بە حەسرەتەوە سەیری ئەرشیفەكانی خۆی  دەكرد ئەو ئەرشیفانەی لە منداڵییەوە پاراستبوونی كە بەشێكی گرنگی ژیانی ئەو بوون، لە نێویاندا پارچە كاغەزێكی كۆنی قەدكراوی بە چوار بەشەوە بینی، بیری نەمابوو ئەمە چییە؟! سەیربوو بەلایەوە بە تامەزرۆییەكی زۆرەوە كردیەوە تا بزانێت ئەمە چییە؟ كە ئاوا پاراستوویەتی و هەڵیگرتووە؟! كاتێك كردیەوە سەری سوڕما وتی: (خودایە چەند سوپاسگوزاری میهرەبانیتم لە كاتێكدا ئەم یادگاری و خەونەمم بینی كە لە كات و ساتی خۆیدا بوو)  رێك دوای 19 ساڵ ئەو تابلۆیەی بینیەوە كە گەورەترین و پڕ حەسرەتترین خەونی منداڵی بووە، بە دڵخۆشییەكی زۆرەوە كردیە نێوان پەڕەكانی كتێبێكەوە تا قەدی 19 ساڵی كاغەزەكە بشكێت بڕیاریشیدا لە رۆژی مەراسیمی زیادكردنی ئاشكرا بۆ تابلۆكەی لە كاتی پێشكەشكردنی وتارێكی كورت و سوپاسكردنی ئامادەبوان و هەموو ئەو كەسانەی ماندوو بوون بە مەراسیمەكەوە پیشانی ئامادەبوانی بدات و بڵێت: دوای (19) ساڵ پەرۆشی خەونی منداڵیم بەدی هات.. !

پێش مەراسیمەکە
رۆژێك پێش مەراسیمەكە ژوان پەیوەندی بە مامۆستا محەمەد ئەمین پێنجوێنیەوە كرد و پێیوت: سڵاو مامۆستا گیان هیوادارم تەندروست باش و ئاسودە بیت، رێز و خۆشەویستیم هەیە بۆ هەموان، بە ئومێدم سبەی سەعات 4 ی ئێوارە لە كافێی نێت لە ئەمنەسورەكە بۆتان گونجاو بێت ئامادەی كارێكم بن وەك مامۆستایەكی خاوەن ئەزموون و رۆشنبیر كە هەمیشە جێی شانازیمانی، كچێكی شارەكەتان سەركێشییەك دەکات، بۆ یەكەمجار لە كوردستان مەراسیمێك دەکات بۆ زیادكردنی ئاشكرا بۆ تابلۆی هونەریی، ئامادەبوونتان پشتیوانییەكی گەورەیە بۆ بەندە و بەختەوەر و خۆشحاڵ دەبم بە ئامادەبوونتان.
مامۆستا محەمەد ئەمین پێنجوێنی لە وەڵامدا وتی: سڵاوت لێ بێت كیژەكەم زۆر دڵخۆشم بە كارەكانت شانازی دەكەم كە كیژێكی شارەكەم هێندە خەمخۆری شارەكەیی و هونەری كوردییە، هەرچەندە بارودۆخی تەندروستیم باش نییە، بەڵام پەیمان بێت ئەگەر بە عەرەبانە هاتبم ئامادە دەبم بە شانازییەوە لە ناخی دڵەوە هیوای سەركەوتنت بۆ دەخوازم. ژوان سوپاسێكی زۆری كرد و بانگهێشتی زۆرێك لە ئازیزانی كرد.

رۆژی مەراسیمەکە
سبەی داهات و كاتی دەستپێكردنی واژۆكردنی تابلۆكە نزیك بووەوە و پەرۆشی سات بەساتی دیدارەكە بوو دڵخۆشی و تامەزرۆی و حەسرەتی بەدیهاتنی خەونی منداڵی و شڵەژانی سەركەوتنی دیدارەكە بە روخساریەوە دیاربوو، دەنگی چەكوشی زیادكردنی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی تابلۆكە بیسترا و لە گوێی هەموان دەنگی دایەوە هونەرمەند دڵشاد كوێستانی: زیادكردنی تابلۆی نامۆ كە لەلایەن هونەرمەندێكی وردیلە و هەست جوانەوە كێشراوە كە ئێستا لەویادا دانیشتووە بە دەستەكانی ئاماژەی بۆ لای ژوان كرد و وتی كە ژوان باقییە لە 500 دۆلارەوە دەست پێ دەكات فەرموون... چاوەڕوانی و بێدەنگی دەستی پێكرد لە ناكاو دەنگێك هات و وتی: ٥١٠ دۆلار محمد ئەمین پێنجوێنی. 
دووبارە بێدەنگی باڵی بەسەر ئامادەبواندا كێشا هەق بە هەموان بوو یەكەمجار بوو لە كوردستان ئامادەی ئیڤێنتی لەو شێوەیە بن، دوای چاوەڕوانییەكی زۆر كەس دەنگی نەبوو تەنانەت سەرمایەگوزارەكانی شار بێدەنگ بوون، دڵشاد كوێستانی چەكوشەكەی لە مێزەكەدا و وتی: پیرۆزە تابلۆی نامۆی یەڵماز گونەی كە لەلایەن ژوان باقییەوە كێشراوە مامۆستا محەمەد ئەمین پێنجوێنی بووە خاوەنی پیرۆزە، هەموان دەستیان بە چەپڵەلێدان كرد، محەمەد ئەمین پێنجوێنی وتارێكی پێشكەشكرد  و سوپاسی هەموانی كرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی سەرەڕای ئەوەی نە سەرمایەدار و نە سەرمایەگوزار، بەڵام دڵخۆشبوو كە توانی ببێت بە خاوەنی تابلۆكە و پشتیوانی خۆی بۆ ژوان دووپات كردەوە.
ژوان وەك ئەو شەوە كە تابلۆی منداڵی خۆی بینییەوە دوای ئەو هەموو ساڵە و بەڵێنی دابوو تابلۆی خەونەكەی پیشانی ئامادەبوان بدات كاتێك  چووە سەر ستەیج هەر وای كرد تابلۆكەی بەرز كردەوە وتی: دوای 19 ساڵ خەونی منداڵیم بەدیهات، سوپاسی هەموانی كرد و سوپاسی دڵسۆزی و پشتیوانی مامۆستا محەمەد ئەمین پێنجوێنی كرد و دوای تۆماركردنی چەند وێنەیەكی یادگاری مەراسیمەكە كۆتاییهات و خەونە جوانەكەی منداڵی بەدیهات.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان