فێستیڤاڵی ریۆ دی جانیرۆ

10:34 - 2024-01-21
دووتوێ
262 جار خوێندراوەتەوە

فێستیڤاڵی Rio de Janeiro لەسەر ئاستی جیهان کۆنترین و گەورەترین و بەناوبانگترینە، کەرنەڤاڵێکی ئایینی کاسۆلیکیە و لە سەدەی حەڤدەیەمەوە بۆ ماوەی یەک هەفتە لە بەرزایل بەردەوامدەبێت، مێژووەکەی بۆ سەدەی 16 ەیەم دەگەڕێتەوە و پورتوگالییەکان لە سەردەمی داگیرکارییەکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە لەوێ سازیان کردووە و دوای ئەوە بۆتە باو، ملیۆنان کەس بەجلی ئاڵوواڵاوە دێنە سەر شەقام و سەیری چالاکییەکان دەکەن، کچ و ژن سەمای سامبا دەکەن و کوڕانیش بەدیاریانەوە هەڵدەپەڕن و گۆرانی دەچڕن، بە هەموان کەرنەڤاڵێکی خۆش دەگێڕن، لەساڵی 1840 بۆ یەکەمینجار لەشاری «ریۆ» ی بەرازیل سازکراو جەماوەرێکی زۆر بەشدارییان کرد لەوکاتەوە لەو شارە گەورەترین و نایابترین بەڕێوەدەچێ و سەرتاپای شار دەبێتە خۆشی و سەما، ئێستا لە هەموو شارەکانی ئەو وڵاتە هەر بەو ناوە دەکرێ و سەرتاپای هاووڵاتیان بەشداری تێدادەکەن.

وڵات یەکپارچە دەبێتە سەما
سەرتاپای خەڵک لەو رۆژانەدا بە هەڵپەڕکێ و سەماو میوزیک خۆشی خۆیان دەردەبڕن، سەرەتا ئەگەر تەنها دەربڕینی خۆشی و شادی بووبێ و بۆ بۆنەیەکی ئایینی و پێشوازی لە رۆژبوونی گەورە، بەڵام ئێستا گۆڕاوە و بۆتە بۆنەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و گەشتیاری، دەرفەتێکە بۆ گەیاندنی کێشەکانی وڵاتەکە، بۆنموونە ناعەدالەتی نێوان ژن و پیاو زوڵمکردن لە منداڵ و پیروپەککەوتە، کەمی خزمەتگوزاری، ئەم بابەتانە هەموویان لەسەر شانۆی فێستیڤاڵ ئامادەییان دەبێ و بە کۆمیدی و تراژیدیاوە دەخرێنە بەردەم ئامادەبوان، خوێندگەکان رۆڵی تایبەتی و کاریگەریان هەیە لە رێکخستن و نماییشکردنی چالاکییەکان، کەرنەڤاڵی هەمەجۆر، کەژاوەی جوان و خۆنمایشکردنی هونەرمەند و کەسە ناسراوەکان، تیپەکانی میوزیک و گۆرانیبێژان، هونەرمەندان هەریەکە و بەرهەمی خۆیان پێشکەش دەکەن و دڵی جەماوەرەکانیان خۆش دەکەن، لە رۆژی کۆتاییدا چالاکی تیپە مۆسیقی و هونەری و سەماکەرەکان دەخرێنە بەردەم لیژنەیەکی دادوەری 40 کەسی و یەکەم و دووەم و سێیەم رادەگەیەنرێن.

بۆ هەموو چین و توێژەکانە
تایبەتییەکی تری فێستیڤاڵ ئەوەیە بۆ هەموانە گەورە و بچووک ژن و منداڵ و بەتەمەنەکانیش لەزەتی لێ دەبینن، پرۆگرامی فێستیڤاڵ کەس بێبەش ناکات و هەموو چین و توێژەکانیش دەگرێتە خۆی رۆژی تایبەتی بۆ منداڵان تەرخانکراوە و  دەیکەن بە جەژنی منداڵ، جلی رەنگاوڕەنگ دەپۆشن و لەبەردەم ملیۆنان کەس بەرهەمی خۆیان نماییشدەکەن، بینینی دیمەن و چالاکییەکان بە خۆڕایی نییە و ساڵانە بایی نزیکەی ملیارێک دۆلار داهاتی تکتی هەیە، لەکۆی داهاتەکەدا هەر شارێک بۆ پەرەپێدانی کاری خزمەتگوزاری و ئاوەدانی خەرجی دەکات، فێستیڤاڵی ئەمساڵ دەکەوێتە ناوەڕاستی مانگی شوبات و چاوەڕواندەکرێت خەڵکێکی زیاتر لە ساڵانی رابردوو بەشداری بکەن، چونکە لەماوەی کۆرۆنادا وەستابوو، جگەلەوەش تادێت ئامادەبوانی زیاتر دەبن، لە ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیاوە خەڵک سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن بۆ ئامادەبون لە رۆژانی فێستیڤاڵ.
سەرچاوە: www.rio.com




#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان