ئا: فەرید دڵشاد
روسەكان و هەندێ لە گەلانی تری سلاڤیكی، وەك نەریتێكی باو بۆ پێشوازیكردن لە میوانە ئازیز و تایبەتەكانیان نان و خوێ بەكاردەهێنن، دواتر ئەم نەریتە بڵاوبۆوە بۆ گەلانی غەیرە سلاڤی وەك لا تیڤییەكان و رۆمانییەكان و فنلەندیییەكان، هەروەها تا ئێستا ئەم نەریتە لە ئەلبانیا و ئەرمینیا پەیرەو دەكرێت.
لای روسەكان، نان هێمای سەروەت و سامان و میوانداری دێت، خوێ كە لەلای روسەكان پێگەیەكی تایبەتی هەیە وەك تەلیسمێكە بۆ پاراستن لە هەموو خراپەیەك و هاوڕێیەتی درێژخایەن، هەروەها لە سەدەكانی ناوەڕاستدا نان و خوێ هێمای ئاشتەوایی بووە، كاتێك دوژمنان نان و خوێیان دابەشكردووە، واتە ئامادەن ئاگربەست رابگەینن و ببن بە دۆستی یەكتر.
وەك باوە كچێك بە جلوبەرگێكی نەریتی لەسەر پەڕۆیەكی تایبەت، نانێك كە شێوەی خڕە و ناوەڕاستەكەی لە بەشی سەرەوە كونێكی بچووكی هەیە كە خوێی تێدایە لەسەر سینییەك پێشوازی لە میوان دەكات، بە واتای نیشاندانی رێزگرتنە لە میوان، هەروەها بە واتای دەربڕینی هاوڕێیەتی و میوان دۆستییە.
هەروەها ئەو كەسەی نان و خوێیەكەی پێشكەش دەكرێت پارچەیەكی بچووك لە نانەكە لێ دەكاتەوە و دەیخاتە ناو خوێیەكە و دواتر دەیخوات، ئەوە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی میوانەكە هاوڕێیەتی و میوانداریی خانەخوێ قبووڵ دەكات، هەندێكجار ئەگەر میوانەكە بە رەچەڵەك سلاڤی بێت، نانەكە ماچ دەكات، ئەمەش بە واتای دەڕبڕینی هاوسۆزی خۆی بۆ كەلتوری گەلی خانەخوێیە.
هەر بەپێی دابونەریتەكان نان و خوێ لە زەماوەندەکاندا پێشكەش دەكرێت، دایكی بووك و زاوا لەسەر سینییەك كە بە پەڕۆ داپۆشراوە نان و خوێ پێشكەش بە بووك و زاوا دەكەن، بە مانای بەختێكی باش و ژیانێكی خۆش و تەندروست بۆ هاوسەرە تازەكان دێت.
ئەم نەریتە لە بۆنە ئاینییەكانیشدا هەیە، بە تایبەت لای ئەرسەدۆكسییەكان، كاتێك قەشەیەك سەردانی كەنیسەیەك دەكات بە نان و خوێ پێشوازی لێ دەكەن، لە ئێستاشدا ئەو نەریتە بۆ بواری سیاسی گواستراوەتەوە، ئەو وڵاتانەی ئەمجۆرە نەریتەیان تێدا باوە كاتێك سەرۆكی وڵاتێك یان سیاسەتمەدارێكی دیار سەردانی وڵاتەكەیان دەكات نان و خوێی پێشكەش دەكەن.
سەرچاوە: موسوعة الحرة