״پێویستە گفتوگۆ لە نێوان لیستە براوەكان و پێكهاتەكاندا دەستپێبكرێت״

10:00 - 2024-01-22
ڕاپۆرت
194 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: تاهیر ئیبراهیم

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەند كرد.

ئێوارەی دوێنێ 21/1 كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئەنجامی تانەكانی یەكلاییكردەوە، كە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان درابوون و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسەند كرد.
لە پاش راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، كۆمسیۆن دەرگای تانەدانی لە ئەنجامەكانی پڕۆسەكەدا كردەوە، 338 تانە لە پڕۆسەكە دران و پاش یەكلاكردنەوەی تانەكان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە 18ی كانوونی یەكەم، لە 15 پارێزگای عیراق كرا.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، دوێنێ یەكشەممە 21/1/2024 ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكرد. لە لێدوانێكی تایبەتیشدا بۆ كوردستانی نوێ لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی تەئكیددەكاتەوە كە «هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ كورد گرنگ بوو، گرنگییەكەشی لەوەدایە بارودۆخی پارێزگای كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان ئاسایی دەكاتەوە و لە كەركوك هیچ لایەنێك بە تەنها ناتوانێت حكومەتی خۆجێیی پێكبهێنێت».

دانوستان لەنێوان هەموو لیستە براوەكاندا
رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لێدوانەكەیدا بۆ كوردستانی نوێ، راشیگەیاندووە: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لە سەرەتاوە وتوومانە لە كەركوك هیچ لایەنێك بە تەنها ناتوانێت حكومەتی خۆجێیی پێكبهێنێت، پێویست بەوە دەكات دانوستان لەنێوان هەموو لیستە براوەكاندا هەبێت، باوەڕیشمان وایە هەموو نەتەوەكان كە لە هەڵبژاردندا كورسییان بەدەستهێناوە، دەبێت پێكەوە دابنیشین و گفتوگۆ بكەین و لەسەر دروستبوونی حكومەتی خۆجێیی داهاتووی پارێزگای كەركوك پێكبێین.

کاتی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا
هەر لەوبارەیەوە، پەروین فاتیح ئەندامی سەركەوتووی یەكێتی لە لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، وتی: تائێستا هیچ رێكەوتنێك لە ‌نێوان لایەنە سیاسییەكانی كەركوكدا نەكراوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆك و هەردوو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، وتیشی: لەو رۆژەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەسەندكرا، كە رۆژی 21/1/2024 بوو، پێویستە بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەن بكرێت بۆ كۆبوونەوە، ئەگەر ئەوەش نەكرا ئەوا 16 رۆژی دیكە ئەنجومەنەكە یەكەم كۆبوونەوە دەكات. «بەپێی مادەی حەوتی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دەبێت بەندە كە بەتەمەنترین ئەندامی سەركەوتووی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكم، سەرۆكایەتی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكەم».
ئەو ئەندامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، وتیشی: «دانیشتن و سەردان لە‌نێوان یەكێتی و لیستەكانی دیكەدا هەیە، بەڵام بەڕەسمی تائێستا رێكەوتن بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكان نەكراوە، هەركاتێكیش بانگهێشتی ئەندامان كرا، ئەوا وەك بە تەمەنترین ئەندام، سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكەم». وتیشی: دەبێت سەرجەم كوتلە سیاسییەكانی براوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رەزامەندبن بۆ كۆبوونەوەی یەكەمی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەمەش ئەركێكی قورسە و دەبێت پێش وادەی یەكەم دانیشتن گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا و بەتایبەتیش سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا بكرێت، چونكە كەركوك لە چەند نەتەوەیەک پێكهاتووە و رەنگە ئاسان نەبێت لە ‌یەكەم كۆبوونەوەدا هەموو شتێك وەك خۆی بڕوات و سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردرێن، بۆیە چاوەڕواندەكرێت كۆبوونەوەكە بەكراوەیی بمێنێتەوە.

                                             دیمەنێک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان