یادەوەریی وەرزشی

09:46 - 2024-01-23
وەرزش
161 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد شێخ حسێن

خەسرەو گورون

99



لە ئەڵقەی رابردووی ئەم باسانەمدا تیشكێكم خستە سەر خولێكی دۆستانەی تۆپی پێی یانەکانی کوردستان کە لە هەولێر رێکخرا، (ئەمانەی عاممەی رۆشنبیری و لاوانی حوکمی زاتی ئەوسا) سەرپەرشتی کردو رێکیخست، تیپی یانەکانی (سلێمانی، سیروان، زاخۆ، هەولێر، برایەتی) تیایدا بەشدارییان کرد، یارییەکانیش هەموویان لە یاریگای ئیدارە محەلی هەولێر بەڕێوە بران.
لە یەکەم یاریماندا کە رۆژی 20/8/1990 کرا، 0-1 بە یانەی برایەتی دۆڕاین، ئێمە وەک یانەی سلێمانی رۆژی 21/8/1990دووەم یاریی خۆمان لەم خولەدا کرد، یارییەکشمان بەرامبەر تیپی یانەی هەولێر بوو 1-0 ئەم یارییەمان بردەوە.
تیمێکی ناوبژیوانی شاری هەولێر ئەم یارییەیان بەڕێوە برد کە (فاروق تۆفیق و جەعفەر فەهیم و ئازاد) بوون، ئێمە بەدرێسی سپییەوە یاریمان دەکرد و هەولێریش درێسی زەردیان لەبەردابوو، عومەر خەتاب و حەمە بچکۆل راهێنەرانی ئێمە بوون، خوالێخۆشبوو دکتۆر عەتا چارەسەرکەری تیپ بوو،دۆڕاوی ئەم یارییە دەکرایە دەرەوە، چونکە هەردووکمان یەکەم یاریمان دۆڕاندبوو، بۆیە یارییەکە بۆ هەردوولا قورس بوو پێکهاتەکەشمان لەم یارییدا بەم جۆرە بوو:
*گۆڵچی: سیروان محەممەد-عەبۆل.
* بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، تەنیا حەسەن تەنیا، نەوزاد مستەفا، کاوە سدیق.
*ناوەند: زانا، ئاسۆ قەلە، ئامانجی سەید برایم.
*هێرشبەر:ئالان قادر و سەڵاحی شێخ ئەمین و ئومێدی شێخ حسێن.
لە یارییەكەدا هەردوو راهێنەر ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد: شەماڵە ڕەش بۆ شوێنی ئامانج، هادی کەریم  بۆ شوێنی زانا، کاژاو کەمال بۆ شوێنی نەوزاد، یاریزانە یەدەگەکانیشمان (شوان عەتوف و عەتا سوور و دێرێی دکتۆر لەتیف و بەکری شێخ مستەفا و خوالێخۆشبوو عەتای گۆڵچی) بوون.
تاکە گۆڵی بردنەوەکەی ئێمەش ئومێدی شێخ حسێن لە دەقیقەی 70 دا کردی، لە دوای ئەم یارییەش برایەتی 4-0 لە زاخۆی  بردەوە و ئەو رۆژە ئەم دوو یارییە کران.
لەکاتی بەڕێوە چوون و دەستپێکردنی ئەم خولەدا، عیراق تازە کوەیتی داگیر کردبوو، رەشبگیر بۆ جەیشی شەعبی و ئەرکی سەربازی لە ئارادابوو، بۆیە خەڵک بەزۆری نەیان دەتوانی بێن بۆ سەیری یارییەکان بەتایبەتی لە شارەکانەوە بۆ هەولێر.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان