هەریەک لە باڵیۆزی ئەمریکا و بەریتانیا و باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عیراق بەتوندی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر ئیدانە دەکەن و لە پەیامەکانیاندا دەڵێن: "ئەو هێرشە بۆ سەر کۆرمۆری هەرێمی کوردستان بووە هۆکاری بێبەشکردنی چەندین ملیۆن هاووڵاتی لە کارەبا لەم وەرزی زستانەدا".
ئێوارەی 25ی 1ی 2024 هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ و زیانی مادی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباش راگیرا. لەو چوارچێوەیەدا ئالینا رومۆنسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق رۆژی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی x وەک هەڵوێستی رەسمی ئەمریكا رایگەیاند: "ئەو هێرشەی کۆرمۆر پەلاماردانی ژێرخانی ئاوەدانی و ئابوورییە و ئەنجامەکەی ئەوەیە کە لەم وەرزی زستانەدا چەندین ملیۆن هاووڵاتی بێکارەبا بوون، بۆیە ئەمریکا پشتیوانی هاوبەشەکانی دەکات لە عیراق و هەرێمی کوردستان و پاڵپشتیکردنی سەروەری و ئارامی".
هاوکات لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس X بڵاویکردووەتەوە، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات و دەڵێت: "ئەم هەوڵانە پێشکەوتنی عیراق و هەرێمی کوردستان دوادەخەن".
هەر بەو هۆکارە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عیراق بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: "زۆر بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین و کە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە و راگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئەو هێرشانە دەستدرێژییە بۆسەر سەقامگیری عیراق و هەرێمی کوردستان و قبوڵنەکراوە".
شەوی 2024/1/25 بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێكەوە لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر، لەپێناوی سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی، بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.