ئالوودەبوون بە سێكس چییە؟

11:42 - 2024-01-28
دووتوێ
464 جار خوێندراوەتەوە

*شهرزاد پورعبدالله
ئا: هێلین محەمەد



هەتا چەند ساڵێك پێش ئێستا ئالوودەبوون بە سێكس زاراوەیەكی نەناسراو بوو. كە باسی ئالوودەبوون دەكرا زیاتر مەبەست لەو كەسانە بوو كە بە جگەرە و خواردنەوە و جۆرە جیاوازەكانی مادەی بێهۆشكەر ئالوودەبوون. بەڵام لە ساڵی  (2005) بەدواوە زاراوەی ئالوودەبوون بە سێكسیش هاتە ئاراوە. كە ئەمەیان مەبەست لەو كەسانەیە بەشێوەیەك ئالوودەی سێكس بوون خۆیان پێ كۆنترۆڵ ناكرێت و كاریگەری و مەترسی لەسەر رەوتی ژیانیان دروست كردووە. ژیانی پیشەیی و خێزانیانی تێكداوە و رووبەڕووی چەندان كێشەی كردوونەتەوە. ئیتر لەوە دەرچووە كێشەیەكی ئاكاری بێت بەڵكو بووەتە كێشەیەكی دەروونیی و پێویستیان بە چارەسەری دەروونی هەیە.

هۆكارەكانی ئالوودەبوون بە سێكس چییە؟
لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان نیشان داوە رابردووی كەسەكان رۆڵی گرنگی هەیە لە دەستنشانكردنی هۆكارەكانی ئالوودەبوون بەسێكسدا. بەڵام ئەو رابردووە دەبێت وەڵامی دوو پرسیار بداتەوە: یەكەمیان بۆچی ئەو كەسە ئالوودە بووە؟ دووەم بۆچی ئالوودە بوونەكەی سێكسە؟ دەبێت لە قۆناغی مناڵیی كەسەكەدا بۆ وەڵامی پرسیاری یەكەم بگەڕێین. وەڵامی پرسیاری دووەمیش دەبێت لە قۆناغی باڵغبوون و مێردمناڵیدا بۆی بگەڕێین. بەشێوەیەكی گشتی دوو جۆر خێزان رێخۆشكەرن بۆ ئالوودەبوونی مێردمناڵێك بە سێكسیەكەم خێزانێكی داخراوی توندوتیژ كە نەك هەر سێكس باسكردنی هەر بابەتێكی دیكە كە پەیوەندی بە دەربڕینی هەستەوە هەبێت تابۆیە. دووەم خێزانێكی بێسەرە و بەرە كە هیچ پاندی و لێپرسینەوەیەكی تیا نییە. ئیتر بەهۆی زانیاری هەڵە یان ئەزموونی هەڵەوە سەبارەت بە سێكس یان مەسەلەی پۆرنۆگرافی و شتی لەو بابەتەوە مێردمناڵ ئالوودەی سێكس دەبێت.
كەسێك چۆن بزانێت
ئالوودەی سێكس بووە؟
سەرەڕای ئەوەی ئالوودەبوون بە سێكس لە زۆر كۆمەڵگادا وەكو دیاردەی لێهاتووە، بەڵام ئەو كەسانەی ئالوودەی سێكسن ناچنە لای دكتۆری پسپۆڕ، چونكە قسەكردن لەبارەی كێشەی سێكسەوە بەلای زۆر كەسەوە مەسەلەیەكی قورسە و ئەو كەسانەی دەچنە لای دكتۆر زۆرجار بەبیانووی بابەتێكی ترەوە دەچن. 
لێرەدا دوانزە پرسیار دێتە پێشەوە، ئەگەر وەڵامی پێنج پرسیار لە مانەی لێرەدا دەكرێن، بەڵێ بێت، ئەگەری ئەوەیە هەیە ئەو كەسە تووشی ئالوودەبوون بە سێكس بووبێت.

یەكەم/ ئایا رەفتاری سێكسی كەسەكە كاریگەری لەسەر بوارەكانی تری ژیانی وەكو بەرپرسیارێتی، ئیشوكار، دەرس و دەور یان پەیوەندی سۆزداری دروستكردووە؟
دووەم/ ئایا رەفتاری سێكسی كەسەكە لەگەڵ سیستمی بەهاكانیدا جیاوازە و بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانێت بە تەواوی بە ئامانجەكانی بگات؟
سێهەم/ ئایا كەسەكە هەوڵیداوە رەفتاری سێكسی خۆی كۆنترۆڵ بكات و لەوەدا سەركەوتوو نەبووە؟
چوارەم/ ئایا كەسە كاتێك تووشی هەندێ حاڵەت و هەستی ناخۆشی وەكو سترێس، بێتاقەتی، تووڕەیی و خەمۆكی دەبێت، رەفتاری سێكسی خۆی دەردەخات؟
پێنجەم/ئایا كەسەكە رەفتاری سێكسی خۆی دەشارێتەوە و دەترسێت لەوەی كەسێك پێی بزانێت؟
شەشەم/ ئایا كەسەكە ملكەچی رەفتاری سێكسی خۆیەتی و ناتوانێت ئەڵتەرناتیڤی بۆ بدۆزێتەوە؟
حەوتەم/ ئایا كەسەكە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێكی بەرزی رەفتاری سێكسی پێویستی بە بزوێنەری زیاتر هەیە و زیاتر ریسك دەكات؟
هەشتەم/ ئایا كەسەكە لەبەر رەفتاری سێكسی لە بوارەكانی تری ژیاندا تەركیزی كەمتر بووە؟
نۆیەم/ ئایا كەسەكە بیری لەوە كردۆتەوە ئەگەر گیرۆدەی رەفتاری سێكسی نەبووایە لەبواری كار و ژیاندا پێشكەوتووتر دەبوو؟
دەیەم/ ئایا كەسەكە هەست دەكات ناتوانێت كۆنترۆڵی رەفتاری سێكسی خۆی بكات؟
یانزەهەم/ ئایا هەتا ئێستا كەسەكە ئالوودەی یاریی، قومار، خواردن، خواردنەوە، ئیش و كار یان وەرزش بووە؟
دوانزەهەم/ ئایا كەسێك لە خێزانەكەی ئێستا یان لە رابردوودا ئالوودەی ئەم شتانە بووە؟
ئەگەر كەسەكە هەست بكات خۆی یان هاوسەرەكەی رەفتاری سێكسی بەپێی ئیرادەی خۆی نییە، ئەوا دەبێت بزانێت ئالوودەی سێكس بووە. 

سەرچاوە: youTube
شهرزاد پورعبدالله/ اعتیاد بە سیكس.


#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان