ئەفسانەی ماسی رۆژی دوایی

11:45 - 2024-01-28
دووتوێ
311 جار خوێندراوەتەوە

ئا: فەرید دڵشاد 


دوای بوومەلەرزەكەی سەرەتای ئەمساڵی ژاپۆن كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیكەی 50 كەس و رووداوی تسۆنامی بەدوای خۆیداهێنا جارێكی تر لە كەناراوەكانی ژاپۆن جۆرە ماسییەك بینراوە كە لەلای ژاپۆنییەكان بە ماسی رۆژی دوایی ناسراوە، لە ئاوە قووڵەكاندا دەژی و بەدەگمەن دێتەسەر رووی ئاو.

روودانی تسۆنامی
دوورگەی هۆنشۆی ژاپۆن كاریگەری گەورەی بوومەلەرزەكەی لەسەر بوو كە بە گوڕی 7.6 پلە بە پێوەری رێختەر ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی تسۆنامی بە بەرزی یەك مەتر كەناراوەكانی دوورگەكەی گرتەوە و دواتر ئەفسانەی ماسی رۆژی دوایی بەشێوەیەكی بەرفراوان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆوە.
لای ژاپۆنییەكان ماسی رۆژی دوایی هەندێكجار بە ماسی بوومەلەرزە و هەندێكجاری تر بە ماسی پەلەوەر دەناسرێت كە ماسییەكی دەگمەنە و درێژییەكەی دەگاتە 11 مەتر و لەشێوەی ماری دەریایە، لای ژاپۆنییەكان ئەفسانەیەك هەیە، دەڵێن ئەمجۆرە ماسییە شوومە و بەدەركەوتنی كارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

بوومەلەرزەکەی ئەمساڵ
ئەم ماسییە لە هاوینی ساڵی 2023 لەلایەن دەریاوانەكانەوە بینراوە و پێیانوایە دەركەوتنی ئەو ماسییە بووەتە هۆی روودانی بوومەلەرزەكەی سەرەتای ئەمساڵ، چیرۆكەكەش لە ساڵی 2011 دەستیپێكرد كاتێك ژمارەیەك ماسی لەمجۆرە لە كەناراوەكانی تۆكیۆ لە ژاپۆن دۆزراونەتەوە و دواتر بەهێزترین بوومەلەرزە تۆماركراو رووداوی تسۆنامی لێكەوتەوە و بەهۆیەوە 19 هەزار كەس گیانیان لەدەستدا.
هەرچەندە ژاپۆنییەكان پێیان وایە دەركەوتنی ماسی رۆژی دوایی لە وەرزی هاویندا بەواتای هاتنی نیشانەی خراپ دێت، بەڵام پەیمانگەی جیۆفیزیكی ئیكوادۆر پێیوایە هیچ بەڵگەیەك نییە بۆ پەیوەندی نێوان ئەم جۆرە ماسییە و هاتنی كارەسات، ئاشكرایكردووە ئەو ئەفسانەیە لەهیچ لێكۆڵینەوەیەكی زانستی پشتڕاست نەكراوەتەوە.
سەرچاوە: روسیا الیوم

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان