گەورەترین و بەناوبانگترین ڤێستیڤالە لەسەرتاسەری وڵاتی هیندستان وجەژنی هیندۆسەکانە ، ئەو فێستیڤاڵە بەمانای «تیشک» دێت و پێشوازیکردنە لەساڵی نوێ، بەمانای سەرکەوتنی هێزی خێرە بەسەر شەڕدا، ئاشتی بەسەر جەنگ و ئیرادەی چاکەیە بەسەر خراپە و رووناکی بەسەر تاریکیدا، حیکایەتە لە گەڕانەوەی خواوەند «لاکشمی» ەوە هاتووە کاتێک لە دوای 14 ساڵ لە مەنفا لە بەرەکانی شەڕی دژ بە ئەژدەهاکی شەیتانی دە سەر گەڕاوەتەوە و رۆژی گەڕانەوەی فێستیڤاڵی سەرکەوتنیان گێڕاوە، ئەو فێستیڤاڵە رێزلێنانە لە شکۆی نەتەوە و مەزهەبێکی ئاینی ستایشکردنی لاکشمیبایە، پیاهەڵدانە بە ئازایەتی و قارەمانێتی ئەو کچە گەنجە، سەرکەوتنی گەل و ئاینی هیندۆسە بەسەر داگیرکەر و زاڵم و زۆردارەکاندا.
رۆژی خوشک و برا
دیوالی بەپێی رۆژمێری هیندۆس هەر ساڵەی لە رۆژێکی جیادا سازدەکرێت ئەمساڵ کەوتە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر و پێنج رۆژی خایاند، بۆ هەر رۆژەی بەرنامەیەکیان داناوە، رۆژی یەکەم ژنان بەماڵ پاککردنەوە و جوانکردن بە ئێکسسوارات و بخورد پێکردن و خۆپۆشتەکردن خەریک دەبن، پیاوانیش کاڵاو شمەک و خواردن دەهێننەوە ماڵەوە، دووەم وەستان و پێشوازیکردنی میوانانە لە بەردەرگای دەرەوە و بەدەم میوزیک گاڵتەوگەپەوە، سێیەم خێزان و بنەماڵە و دۆستان کۆدەبنەوە و شەوەکەی تا نیوە شەو لە دەرەوە دەمێننەوە و مۆمی رەنگاوڕەنگ و مەشخەڵی ئاگر دادەگیرسێنن و بەناو شەقام و کۆڵانەکاندا دەڕۆن و یارییە ئاگرینەکان هەڵدەدەن و وێنە و تابلۆی لاکشمیبای بەرزەدەکەنەوە و گۆرانی و سروودی بۆ دەڵێن، کاتێک یەکتری دەبینن پیرۆزبایی لەیەک دەکەن و باوەش بەیەکدا دەکەن، دیاری و شیرینی پێشکەش بە یەکتر دەکەن، چوارەم رۆژ یەکەم رۆژی سەری ساڵی تازەیانە و ئەمجارە سەردانی یەکتر دەکەن، پێنجەم رۆژ رۆژی خوشك و براکانە، لەم رۆژەدا هەرچی خوشک و برای ئەو وڵاتە هەیە خاڵ و نەخش لەسەر روخساری یەکدی دەنەخشێنن، هەروەها دڵسۆزی و وەفا و پشتیوانیش بۆ یەکتر دووپات دەکەنەوە، دواڕۆژ بە شایی و گۆڤەند و سەما و گۆرانی و میوزیکەوە بەڕێدەکەن، خواردنی خۆش دەخۆن و ماڵئاوایی لە ساڵی رابردوو دەکەن.
مۆم وەک هێما
سیمای دیاری ئەو فێستیڤاڵە داگیرساندنی مۆم و چرا و رووناکی و ئاگرکردنەوەیە، ئاگر بەمانای ئیرادەی هێز و بەرەکەت و سەرکەوتن و جوانی و بردنەوەیە، هەموو ماڵیک گەڕەکێک شۆستەو شەقامێک پڕدەکەن لە مۆم و رووناکی، ئاگر بەئاسماندا هەڵدەدەن و یاری لەگەڵ پیرۆزترین هێمای سەرکەوتنیان دەکەن.
گەشتیارانیش دەچنە ئەوێ
ئەو فێستیڤاڵە لە هەموو شارو شارۆچکەکان سازدەکرێ و هی هەموو هیندۆسەکان بگرە لە چین و تایوان و مالیزیاو وڵاتی تریشەوە هەمان شێوەسازی دەکەن، جگە لە هاووڵاتیانی خۆیان ساڵانە سەدان هەزار گەشتیاری وڵاتانی دەرەوەش بۆ بینینی چالاکییەکانی فێستیڤاڵ سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن و لەگەڵیان رادەبوێرن، شارەکانی باکووری هیندستان قەرەباڵغترین و نایابترین فێستیڤاڵی لێ دەکرێت، هەموو رۆژەکانی فێستیڤاڵ لەسەرتاسەری هیندستان پشووی فەرمیە و ئاهەنگی خۆشی و شادی و سەرکەوتن دەگێڕن و شانازی بە مێژووی خۆیانەوە دەکەن.
سەرچاوە: www.indienaktuell.com