بۆچی ئەڵقە دەکرێتە پەنجەی چوارەم؟

11:51 - 2024-01-28
دووتوێ
206 جار خوێندراوەتەوە

هەر لەکۆنەوە واباوە کاتێک کچان و کوڕان لەیەک مارەدەکرێن لەماوەی دەستگیرانیدا ئەڵقەی زێڕ یان زیو دەکەنە پەنجەی چوارەمی دەستی راست، بەڵام لەدوای گواستنەوە دەیکەنە پەنجەی چوارەمی لە دەستی چەپ، ئەو نەریتە لای زۆربەی میللەتان وەک یەک وایە، لەسەر ئەمە زۆر لێکدانەوە و بۆچوون هەیە لە دیارترینیان ئەوەیە لە فەرهەنگی ئۆلۆس گیلیۆس مێژوونووسی کۆنی چەرخی رۆمانیدا هاتووە بەناوی  Brever کە لەساڵی 1870 چاپ و بڵاوکراوەتەوە و تایبەتە بە ئەفسانە و دیرۆکە مێژووییەکان.

دەماری خۆشەویستی
بەپێی ئەو فەرهەنگە لە پەنجەی چوارەم دەمارێکی خوێن هەیە لەگەڵ مێشک و دڵدا بەستراوەتەوە، ئەو دەمارە پێیدەڵێن دەماری خۆشەویستی Vena Amoris کاتێک ئەڵقە دەکرێتە ئەو پەنجەیەوە خۆشەویستی بەردەوام دەبێ و گەشەدەکات، بۆ ئەوەیە بۆتە کەلتور، بەڵام زانستی نوێ سەلماندویەتی هەموو پەنجەکان دەمارێکی پەیوەندیان لەگەڵ دڵدا هەیەو پێدەچێ ئەو بۆچوونە راست نەبێت، لێکدانەوەی دووەم هی کاسۆلیکە رۆمانیەکانە دەڵێن: پەنجەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم پیرۆزن، بەڵام هی چوارەم تایبەتە بە پیاو، کاتێک ژنان دەیکەنە ئەو پەنجەیە لای خودا بەمانای ستایش و ریزگرتن دێت لە پیاوان، میسرییە کۆنەکانیش بە هێمای خولانەوە و بەردەوام بوونیان داناوە بەو مانایەی هاوسەران لەیەک جیانابنەوە و تا مردن بەیەکەوە بەردەوام دەبن، بە هەرحاڵ لێکدانەوەیەکی دروست و گشتگیر بۆ ئەو کەلتورە جیهانییە نییە و بەپێی شارەزایان بێت ئەڵقە گۆڕینەوە و کردنە پەنجە مانای خۆشی و شادی و بەیەکەوە ژیان و خۆشەویستی و بەردەوامبوون دێت، میللەتان وەک هیندی و رۆژئاواییەکان و زۆربەی گەلانی ئەوروپا وەک ئەڵمانی، هۆڵەندی، سویسری، بەلجیکی، نەمساوی، دانیمارکی و سویدی و نەرویژی دەیکەنە پەنجەی دەستی راست و هەشیانە  وەک ئەمریکای باشوور و وڵاتە عەرەبییەکان و پۆڵەندا و روسیا و بولگاریا و تورکیا و لای خۆشمان  لەدوای مارەبڕین دەیکەنە پەنجەی دەستی راست، لەدوای مانگی هەنگوینیش دەیکەنە پەنجەی دەستی چەپ.

لەچین جیاوازە
بەپێی شارستانیەتی چینیەکان هەموو پەنجەکانی دەستی چەپ گوزارشت لە ئێستاو ئایندەی خێزان دەکەن، پەنجەی گەورە دایک و باوکە، دووەم خوشک و برا، ناوەڕاست خودی کەسەکەیە، پەنجەی چوارەم هاوسەرە، پەنجە تووتە منداڵەکانە، ئەوان دەڵێن لەوانەیە لەگەڵ دایک و باوک و مناڵەکان لێکجیاببیتەوە، بەڵام هەرگیز ژن و مێرد لێکجیانابنەوە و وەک یەک گیانن لەناو دوو جەستەدا. 

سەرچاوە: T-Online    

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان