عەزییە سوورەکە پڕۆژەیەکی مرۆیی ناوازە

11:55 - 2024-01-28
دووتوێ
133 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی
هیچ شتێک لەبارەی پڕۆژەی عەزییە سوورەکەوە دەزانیت کە ماوەی 10 ساڵی خایاند و 244 کەس بەشدارییان لە نەخشاندنیدا کرد 239 -یان ژنن و پێنجیان پیاون، 139 -شیان لەپای کارەکانیان کرێیان وەرگرتووە؟
پڕۆژەکە سەرەتا ساڵی 2009 دەستیپێکرد کاتێک هونەرمەند و دیزاینەری جلوبەرگی بەریتانی کریستی ماکلیۆد بە پاڵپشتی ناوەندی بەریتانی پڕۆژەیەکی جیهانییان دەستپێکرد بۆ چنین و نەخشاندنی عەزییەکی سوور وەک پڕۆژەیەکی مرۆیی.

گەشتی عەزییە سوورەکە
ماوەی نێوان ساڵی 2009-2019 ئەو عەزییە لە گەشتی بەردەوامدا بوو چووە زیاتر لە 120 وڵات و لەنێو ئەو ژنانەی بەشدارییان لە نەخشاندنی ئەو عەزییەدا کرد ئەو ژنانە بوون کە لە ئیشی چنین و نەخشاندنی دەستییدا شارەزا بوون وەک ئاوارە فەلەستینییەکان و قوربانیانی جەنگی ناوخۆی کۆسۆڤۆ و رواندا و کۆنگۆی دیموکراتی، هەروەها ژنانی دیکە لە باشووری ئەفریقا و کینیا و ژاپۆن و پاریس و سوید و پیرۆ و ماڵەکانی دیزاینی جلوبەرگ لە مۆمبای و سعودییە، هونەرمەندانی وێڵز و کۆڵۆمبیا، جگە لە هەوڵەکان بۆ هاوکاریکردنی ئەو ژنانەی لە هەژارییدا دەژین وەک میسی-بابا لە کایب تاون لە باشووری ئەفریقا، فان-سینا ئەوانەی پاڵپشتی کارە دەستییەکان دەکەن لە شاخەکانی سانت کاترین لە ناوچەی سینا لە میسر.

پارچەیەکی هونەریی ناوازە
دواجار ئەم کارەی کۆمەڵێکی زۆر ژنی دەستڕەنگین لە زۆربەی ناوچە و کەلتور و باکگراوندی جیاوازەوە تێیدا بەشدار بوون پارچەیەکی بێ وێنە و ناوازەی هونەریی لێ بەرهەمهات.
شایانی باسە کریستی ماکلیۆد عەزییەکی حەریری سووری هەڵبژارد تا ژنان لە کەلتوری جۆراوجۆرەوە جێدەستی رەنگینی خۆیانی بخەنە سەر، ترۆپکی پڕۆژەکە بۆ ئەوە بوو پەیوەندی لەگەڵ ژناندا بکەن لە کەلتور و باکگراوندی رۆشنبیری جیاواز تا لەڕێگەی ئەو جۆرە نەخشونیگارانەی لەسەر عەزییەکە دایدەنێن تەعبیر لە هەستەکانیان بکەن و دەنگی نەبیستراوی خۆیان بگەیەنن، هەروەها بەجۆرێک لە جۆرەکان ناسنامەی خۆیان یان ئەو چیرۆکانەی دەیانەوێت خەڵکی لە دنیادا بیزانن بگێڕنەوە.

لە چەندین پیشەنگادا نماییشکرا
لە کۆتاییدا و دوای تەواوبوونی نەخشونیگاری سەر عەزییەکە کاتێک گەیشتەوە دەستی کریستین و کاری کۆتایی بۆ عەزییەکە کرد لە چەندین پیشەنگا و مۆزەخانەی هونەرییدا نماییشکرا وەک دوبەی و ئیتالیا و مەکسیک و پاریس..هتد، دیزاینەری ئەم عەزییە توانی لەڕێگەی ئەم کارەوە چیرۆکی ناوازەی ئەو ژنانەی کارییان تێدا کردووە بگێڕێتەوە، ئەوەی جێی سەرنجە ئەو پڕۆژەیە هەوڵیدا بەهۆی ئەو عەزییە سوورەوە جۆرە گفتوگۆیەکی ناسنامە دروستبکات لەڕێگەی چنینی نەخشونیگار و نەمانی سنوور لەنێوان کەلتور و رۆشنبیرییە جیاوازەکان و یەکگرتنیان لە عەزییەکدا، بەڵام بەتێپەڕبوونی ئەو چەند ساڵە و کۆبوونەوەی ئەو هەموو چیرۆکەی بەشداربوان لەو پڕۆژەیەدا لەسەریان نەخشاند ئەو عەزییە زۆر زیاتر لەو ئامانجەی پێکا کە لەسەرەتادا بۆی دانرابوو، چونکە عەزییەکە گەشتی کرد و گەیشتە چەندین کۆمەڵگەی جۆراوجۆر و جیاواز، گەیشتە دەستی ئەو ژنانەی دەستڕەنگینن، بەڵام لاواز و ژێردەستەن، گەیشتە دەستی قوربانیانی جەنگ و کوشتار و چەوساندنەوە ئەوانەی زۆر کەم بواریان پێدەدرێت خاوەن دەنگی خۆیان بن و زۆر بە زەحمەت نان و بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.  

هێشتا لە گەشتکردن بەردەوامە
تائێستا ئەو عەزییە زیاتر لە 28 وڵات گەڕاوە، هەروەها خەڵاتی یەکەمی لە ئاهەنگی پریمۆ ڤالسیلینا بۆ چنین لە مانیانگۆ-ی ئیتالیا بەدەستهێنا، جگەلەوە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری ئامادە دەکرێت باس لە چیرۆکی گەشتی ئەو عەزییە دەکات لەگەڵ چیرۆکی ئەو ژنانەی لە نەخشاندنیدا بەشداربوون.

کریستی ماکلیۆد

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان