ئوسترالیا ئۆپن كۆتاییهات و چەندین ریكۆردی تیادا تۆماركرا

10:24 - 2024-01-30
وەرزش
89 جار خوێندراوەتەوە

یەكەم گراندسلامی ئەمساڵ  (AO OPEN)  رۆژی شەممە 14/1 دەستیپێكردو رۆژی یەكشەممە 28/1 پاش 14 رۆژ ململانێی توند لە نێوان كوڕ و كچە ناودار و خاوەن پلە باشەكانی ریزبەندیی جیهانیدا كۆتاییهات.

كچان
سەرەتا خولی كچان كۆتاییهات و ئارینا سابالینكای بیلۆ روسی و پاڵەوانی ساڵی پاری ئەم گراند سلامە، ئەمساڵیش جامی پاڵەوانی بەرزكردەوە و لە یاریی كۆتاییدا توانی 2-0 (6-3)(6-2) و زۆر بە ئاسانی لە كینوین زهینگی چینی بباتەوە.
بەدەر لەم ئەنجامەی ئەم كچە بیلۆ روسییە كە لەم چەند ساڵەی دوایدا بۆتە ركابەرێكی سەخت بۆ سەرجەم كچە یاریزانەكانی تر، بەم یەكەمییە ئەم ئامارانەی خوارەوەی تۆماركرد:
*لەم 10 ساڵەی دوایدا سابالینكا بوو بە سێیەم كچە یاریزان بتوانێت لە پاڵەوانێتییەكانی گراند سلامدا پارێزگاری لە نازناوی ساڵی رابردووی بكات، پێشتر سیرینا ویلیامزی ئەمریكی لە ویمبڵدۆنی (2015 و 2016) و ئیگا شیڤیۆنتیكی پۆڵەندی رۆڵاند گارۆسی(2022 و 2023) ئەم ریكۆردەیان تۆمار كردووە.
*ئەم كچە یاریزانە بوو بە پێنجەم كچە یاریزان لەم سەدەیەدا بتوانێت نازناوی پاڵەوانی ئەم گراند سلامە بباتەوە بەبێ ئەوەی هیچ سێتێك بدۆڕینێت، پێشتر لینسای داڤنپۆرت - 2000  و مارییا شاراپۆڤا - 2008 و سیرینا ولیامز - 2017 و ئاشلی بارتی - 2022 ئەم ریكۆردەیان تۆمار كردووە.
*سابالینكا بوو بەدووەم یاریزان لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا جامی پاڵەوان بەرز بكاتەوە بێ ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا هیچ كام لە و سێتانە بدۆڕێنێت كە خۆی سێرفی لێداوە و لەسەر تۆپ لێدان بووە، پێشتر سیرینا ویلیامز 2007 ئەم ریكۆردەی تۆمار كردووە بەرامبەر شاراپۆڤا.
*بوو بە دووەم كچە یاریزان ئەو دوو گراند سلامەی لەمێژووی ژیانی وەرزشی خۆیدا دەستەبەریکردوون، هەردووكیان لە ئوسترالیا بوون پاش ڤیكتۆریا ئازارینكا.
شایانی باسە سابالینكا یاریی كۆتایی (6-3 ، 6-2) بە یەك سەعات و 17 دەقیقە لە زهینگ بردەوە.
لە یاریی کۆتایی کوڕانیشدا یانیک سینەری ئیتاڵی جامی پاڵەوانی بەرز کردەوە و لە یارییەکی سەخت و دراماتیکیدا  3-2 لە دانێل میدڤیدیێڤی روسی بردەوە و یەکەم جامی گراند سلامی لە ژیانی ئیحتیرافی خۆیدا بەرزکردەوە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان