بەبۆنەی یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی کرد کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەڕێز/ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەڕێزان/ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان..
بەبۆنەی (47)ەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و ئەندامان و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەین و هیوادارین لە کار و بەرنامە و چالاکییەکانی داھاتووتاندا بۆ خزمەتی گەلەکەمان بەردەوام و سەرکەوتووبن.
لەو دەرفەتەدا وێڕای بەرزنرخاندنی ئەم یادە و تێکۆشانی یەکێتیی نیشتمانی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەماندا، دووبارە جەختدەکەینەوە لەسەر هەماهەنگی و تەبایی و دۆستایەتی نێوانمان و تێکڕای هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ زیاتر هاودەنگی و یەکڕیزی و داکۆکیکردن لەو ئەزموونە و دەسکەوتەکانمان و پتەوکردنی گیانی یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفت و کێشەکان و پاڵپشتیکردنی حکومەت و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان.
دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەین.. هەر سەرکەوتوو بن
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
1ـی6ـی2022