رزگاری و كۆیه‌ و پیشه‌سازی له‌ لووتكه‌ی ركابه‌ریدان

10:11 - 2024-02-04
وەرزش
175 جار خوێندراوەتەوە

پاش ته‌واو بوونی یارییه‌كانی هه‌فته‌ی ده‌یه‌مینی خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی كوردستان كه‌ رۆژانی پێنجشه‌ممه‌و هه‌ینی رابردوو كراون، هه‌ردوو یانه‌ی رزگاری و كۆیه‌ له‌ لووتكه‌ی ركابه‌ریییه‌كی توندان بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوی پاڵه‌وانی ئه‌مساڵی خولی پله‌ی یه‌كی كوردستان و گه‌یشتن به‌ خولی نایابی وه‌رزی ئاینده‌ و پیشه‌سازیش گوشاری له‌سه‌ر هه‌ردووكیان درووستكردووه‌. 
ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ ئه‌م دوو تیپه‌ لووتكه‌ی ریزبه‌ندییان گرتووه‌، هه‌ردووكیان له‌ كۆی بردنه‌وه‌و یه‌كسان بوون و دۆڕاندندا وه‌كو یه‌كن، هه‌ریه‌كه‌یان 8 یاریی بردۆته‌وه‌ و یه‌ك یه‌كسان بوون و یه‌ك دۆڕاندنیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ جیاوازی گۆڵ رزگاری یه‌كه‌مه‌و 20 گۆڵی كردووه‌و 5 گۆڵی لێكراوه‌، به‌ڵام كۆیه‌ دووه‌می ریزبه‌ندییه‌و 15 گۆڵی كردووه‌و 4 گۆڵیشی لێكراوه‌.
له‌م هه‌فته‌ نوێیه‌ی یارییه‌كانیشدا(هه‌فته‌ی ده‌یه‌م) هه‌ردووكیان براوه‌ بوون، رزگاری هه‌شته‌مین بردنه‌وه‌ی تۆمار كردو له‌ نێو یاریگاو هانده‌رانیدا 1-0 له‌ سێمێلی بردۆته‌وه‌، كۆیه‌ش له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆیدا ئه‌نجامێكی باشی تۆمار كردووه‌و 3-1 له‌ قه‌ڵادزێی بردۆته‌وه‌.
له‌كۆی 16 یانه‌ی به‌شداری ئه‌م خوله‌، ته‌نیا یانه‌یه‌ك كه‌ تا ئێستا توانیویه‌تی گوشار بۆسه‌ر ئه‌م دوو یانه‌یه‌ درووستبكات یانه‌ی پیشه‌سازییه‌، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ئه‌میش له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی بردنه‌وه‌یه‌كی باشی تۆمار كردوو 2-1 له‌ شۆرجه‌ی كه‌ركوكی بردۆته‌وه‌،  ئه‌م تیپه‌ش ئێستا سێیه‌می ریزبه‌ندییه‌و 24 خاڵی هه‌یه‌ و ته‌نیا یه‌ك خاڵ له‌دوای رزگاری و كۆیه‌وه‌یه‌، پیشه‌سازی به‌پێچه‌وانه‌ی دوویانه‌ی لووتكه‌وه‌ هیچ یارییه‌كی نه‌دۆڕاندووه‌، به‌ڵام سێ یاریی یه‌كسان بووه‌ و 24 خاڵی هه‌یه‌. 
سه‌باره‌ت به‌تیپه‌كانی تری به‌شداری ئه‌م خوله‌، تا هه‌فته‌ی ده‌یه‌م هیچ كام له‌ 13 یانه‌كه‌ی تری به‌شداریی ئه‌م خوله‌، هیچیان نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ ركابه‌رێكی توندی ئه‌و سێ یانه‌یه‌، چونكه‌ سێمێلی چواره‌م 19 خاڵی له‌ 6 بردنه‌وه‌ و یه‌ك یه‌كسان بوون و سێ دۆڕاندن هه‌یه‌، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش 0-1 به‌ رزگاری دۆڕاوه‌، قه‌ڵادزێی پێنجه‌میش 18 خاڵی هه‌یه‌و 5 یاریی بردۆته‌وه‌و 3 یاریی یه‌كسان بووه‌و دوو دۆڕاندنیشی هه‌یه‌، هه‌رچی تیپی یانه‌كانی سلێمانی و شۆرجه‌و خاكه‌، ئه‌مان تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ بازنه‌ی ملمڵانێیه‌كان چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، هیوایه‌كی لاوازیان هه‌یه‌ بگه‌نه‌ پله‌ باشه‌كانی ریزبه‌ندیی و سه‌ركه‌وتن بۆ خولی نایابی كوردستان.

شیروانه‌ له‌ لووتكه‌دا باشتر خۆی قایم كردووه‌
خولی نایابی یانه‌كانی كوردستانیش هه‌فته‌یه‌كی تری تێپه‌ڕاندو یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 17 یه‌می كران، له‌م هه‌فته‌یه‌ی یارییه‌كاندا، یانه‌ی شیروانه‌ی گه‌رمیان باشتر خۆی له‌ لووتكه‌ی ریزبه‌ندیدا قایم كرد پاش ئه‌وه‌ی له‌ یاریگای خۆی و له‌ نێو هانده‌رانیدا 1-0 له‌ برایه‌تی برده‌وه‌، به‌م بردنه‌وه‌یه‌وه‌ كۆی خاڵه‌كانی كرده‌ 31 خاڵ و له‌ پله‌ی یه‌كه‌میی ریزبه‌ندییدا وه‌ستاوه‌.
ئاكرێش دووه‌می ریزبه‌ندیی ئه‌م خوله‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ یاریگای خۆیدا 1-1 له‌گه‌ڵ ده‌ربه‌ندیخان یه‌كسان بوو، به‌ڵام به‌ 29 خاڵ دووه‌می ریزبه‌ندییه‌، سیروانی نوێش پاش ئه‌م دوو یانه‌یه‌ له‌ پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندییدا وه‌ستاوه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی  له‌ ئه‌نجامێكی باشدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆیدا 1-1 له‌گه‌ڵ چوارقوڕنه‌ یه‌كسانبووه‌ و به‌ 28 خاڵ سێیه‌می ریزبه‌ندیی خوله‌كه‌یه‌.
چوار قوڕنه‌ و ده‌ربه‌ندیخانیش پله‌كانی چواره‌م و پێنجه‌می ریزبه‌ندییان گرتووه‌، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ چوار قوڕه‌نه‌ له‌ یاریگای خۆیدا 0-0 له‌ گه‌ڵ سیروانی نوێ یه‌كسان بووه‌، ده‌ربه‌ندییه‌كانیش له‌ ئاكرێوه‌ به‌ خاڵێكی گرنگی یارییه‌كه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ شاره‌كه‌یان و 1-1 له‌گه‌ڵ ئاكرێ یه‌سكان بوون.
شایانی باسه‌ تیپی سێ یانه‌ی كوردستان هه‌ریه‌كه‌و خاوه‌نی 25 خاڵن و پله‌كانی پێنجه‌م تا حه‌وته‌میان گرتووه‌ ئه‌وانیش ده‌ربه‌ندیخان و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و زاخۆن، به‌ڵام به‌ جیاوازی گۆڵ له‌ پێش یه‌كتره‌وه‌ن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان