خێزان زێدی لەدایکبوونی کەسایەتیی تاکە

10:41 - 2024-02-04
دووتوێ
254 جار خوێندراوەتەوە

چنار عەزیز

بەشێوەیەکی گشتی کەسایەتی تاک دروستکراوی پەروەردەی خێزانە، واتا خێزان فۆرم دەدات بەو کەسایەتییە، تاک کاتێک تازە چاوی بە ژیان هەڵهێناوە بە‌ پەروەردەی خێزان دەورە دراوە، کەواتە ئەو تاکە کەسایەتییەی لەو سنوورە پەروەردەییەدا دروست دەبێت کە خێزان بۆی دروستکردووه، ئەوە دەبینێت کەسانی ناو خێزان بەو بەها رۆشنبیرییە خێزانییە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن کە هەیانە، ئەویش لەسەر ئەو بەها رۆشنبیرییە  دەڕوانێتە ژیان، کەسایەتییەکی بەهێز لەناو خێزانێکی بەهێز نەبێت دروست نابێت، زۆر دەگمەنە لەناو خێزانێکی پڕ لە کێشەدا دروست  ببێت، زانای کۆمەڵناس سیمز دەڵێت: «دەوڵەت تەنها لە کۆمەڵگەیەک دروست دەبێت کە بەرهەمهێنەری لە بەکارهێنەر زیاتر بێت» ئێمە ئەگەر ئەم وتەیە لەناو خێزاندا بەرجەستە بکەین. تاکێکی سەرکەوتوو تەنها لە خێزانێکدا دروست دەبێت کە ئەو خێزانە لەسەر بنەمای رێز و خۆشەویستی بەڕێوەدەچێت.
رێز و خۆشەویستیش دروست نابێت تەنها ئەو کاتە نەبێت کە پەروەردە خێزانییەکەی بە رێگەیەکی باش و ئارام پێشکەش بە منداڵ دەکرێت، ئەمەش‌ بێگومان لەناو ژینگەیەکی باشی خێزانیدا دەکرێت. کەواتە ژینگە کاریگەری لەسەر پێکهاتەی کەسایەتی تاک هەیه، بۆیە ئەو تاکە بەو جۆرە رەفتار دەکات کە لەناو خێزاندا هەیە.
ئەگەر پەروەردەی خێزان لاواز بێت ئەوا سێبەرەکەی لەسەر کۆمەڵگە کورت دەبێتەوه، لەبری ئەوە کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای بێ ئیرادەیی دروست دەبێت. 

هۆکارە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان
ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتی و خێزانییانەی هەر لە منداڵییەوە کاریگەرییان لەسەر خودی منداڵەکە هەیە بەرە بەرە لەگەڵ گەورەبوونی تەمەندا ئەو کاریگەرییانەش گەورە دەبن و لە گەورەبووندا لە کەسایەتیاندا رەنگدەداتەوە، کاتێک سیفەتێکی خراپ لە منداڵێکدا دەبینین لە تەمەنێکی بچووکدا بێت یان گەورە ناکرێت لۆمەی تاکەکە  بکرێت، بەڵکو ئەو سیفەتە خراپە لە ئەنجامی بارودۆخ و ژینگەی کۆمەڵایەتی و خێزانیدا  دروستبووه، چونکە پەروەردەی خێزان باش یان خراپ زیهنی تاک پڕدەکات لە بیرۆکەی باش یان خراپ و دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوت و رەفتاری مرۆڤ هەبێت، ئەو تاکەبەرهەمی ئەو پەروەردە خێزانییەیه. 
وەک چۆن جەسته پێویستی بە خۆراک هەیە، بەهەمانشێوە دەروونی مرۆڤ پێویستی بە پەروەدەیەکی دروست هەیە، وەک خۆراکێکی دەروونی وایە بۆ مرۆڤ، تاک وەک رووەکە پێویستی بە خاکێکی گونجاو هەیە بۆئەوەی گەشە بکات، ئەگەر بێتو لە خاکێکی نەگونجاودا دابنرێت ئەوە ناتوانێت باش گەشە بکات، کەواتە تاک پێویستی بە پەروەردەیەکی دروستی خێزان هەیە بۆئەوەی بتوانێت گەشە بە کەسایەتیی خۆی بدات، ئەگەر پەروەردەیەکی گونجاوی نەبوو، ئەوە ناتوانێت باش گەشە بە کەسایەتی و بیرکردنەوە و پیشکەوتنەکانی بدات،  کەواتە خێزانەکە دەتوانێت دەروونێکی جێگیر بە تاک ببەخشێت هەر خێزانیش دەتوانێت بە کەموکووڕی لە پەیڕەوکردنی پەروەردەدا ئەو دەروونە جێگیرەی لێ بستێنێتەوە. خێزان زێدی لەدایکبوونی کەسایەتیی تاکە دواتر ئەو کەسایەتییە دەنێردرێتە نێو کۆمەڵگە و بە هەڵسوکەوتەکانی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دادەنێت.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان