فێستیڤاڵی سانتاکروز لە ئیسپانیا

10:47 - 2024-02-04
دووتوێ
104 جار خوێندراوەتەوە

لەو کاتەوەی شانشینی ڤێنیسیا بەسەر بەتریک ئۆکیلیا سەرکەوتووە و ئازادی بۆ گەلەکەی بەدەستهێناوە، لەو کاتەوە فێستیڤاڵی بە پچڕ پچڕی دەکرا بەڵام  لە ساڵی 1920 ەوە بۆتە جەژنی گشتی و هەموو ساڵێک لە کۆتایی مانگی شوبات و سەرەتای مارتدا لەشاری «سانتاکرۆز دی تینیریف» فێستیڤاڵ دەستپێدەکات و 10 رۆژ دەخایەنێت، کە بریتییە لە کەرنەڤاڵێکی هەمەجۆری هونەری، کۆمەڵایەتی گشتی و زیاتر لە 200 گروپ و تیپی میوزیک و گۆرانی و سەما و سێرک بەشداری تێدادەکەن. 

شاژنی فێستیڤاڵ
ئەو کەلتورە وەک جەژنی گشتی وایە و گوایە لەوکاتەوە پەیدابووە کە ئەو وڵاتە سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێناوە و یەکی گرتۆتەوە، فێستیڤاڵی سانتاکروز گوزارشت لە شادی و خۆشی و یادکرنەوەی ئەو رۆژانە دەکات کە خەڵکی ئەو وڵاتە ئازاد و سەربەخۆ بوون و بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست جەژن و شادی دەگێڕن، لەپاڵ جەژنەکەشدا سەدان چالاکی لە گۆڕەپانێکی فراوان و بەئامادەبوونی سەدان هەزار کەس سازدەکەن، لە رۆژی پێش کۆتاییدا شاژنی فێستیڤاڵ هەڵدەبژێرن تا ساڵی داهاتوو دەبێتە نموونەی کەسایەتی ئەو ساڵە، لەو ماوەیەدا نوێنەرایەتی تەواوی فێستیڤاڵەکە دەکات لە بۆنەکاندا.

ماسی سەردین
لە رۆژیی کۆتایی فێستیڤاڵدا وەک خۆپاککردنەوە لە خراپەکاری و رۆحی شەڕانگێزی و نزیکبوونەوە لە خودا پەیکەر یان شێوەی ماسی  سەردینی دروستکراو لە پلاستیک یان تەختە دێنن و لەنێو حەشاماتی خەڵکەکەدا دەیسوتێنن و ژمارەیەک بێوەژن بە دەوریدا دەخولێنەوە و دەگرین و لەخودا دەپاڕێنەوە لەو خەڵکە خۆش بێت و خۆشبەختی بۆ هەموان بێنێت، دەستنیشانکردنی بێوەژنەکانیش بەمانای پاکی و بێکەسیی دێت، بەڵکو خوا بەزەیی پێیاندا بێتەوە کە خۆشەویستترین کەسیان لەدەستداوە.

چالاکی هەمەڕەنگ
هەموو رۆژەکان پڕاوپڕن لە کۆنسێرتی میوزیک و سەما و یاری سێرک و قسەی خۆش و دیداری کەسایەتییە بەناوبانگەکان و پیاسە لەنێو سەنتەری شار و خواردن و خواردنەوە و بینینی فیلمی کۆمیدی و شانۆی گەڕۆک و دەیان چالاکی تر کە هەموویان لەپێناو خۆشگوزەرانی و رابواردنی خەڵکەکە ئامادەدەکرێن و بە رێزەوە پێشوازی لە ئامادەبوان دەکرێ و دیاریان پیشکەش دەکرێت، خەڵکی شارەکانی تر بە پاس و شەمەندەفەر دەچنە ئەو شارە و ئوتێلەکان پڕ دەبن لە گەشتیاری ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئەوەی بیەوێت لەوێ بمێنێتەوە دەبێت چەند هەفتەیەک بەر لە دەستپێکردنی فێستیڤاڵ شوێن مسۆگەر بکات و تێیدا بحەوێتەوە، لەناو ئەو شارەدا مۆزەخانەیەکی تایبەتی بۆ فێستیڤاڵەکە کراوەتەوە، چی کەلوپەل و جلوبەرگ و خشڵی شاژن هەیە لەسەدان ساڵ بەر لە ئێستا لەوێ دانراون لەگەڵ پۆستەر و وێنەی ئەرشیف و ڤیدیۆ و دەیان مادەی دانسقەی تر کە خەڵکی بەزەوقەوە سەیریان دەکەن و مێژووی گەل و شارەکەیان دەخوێننەوە.
سەرچاوە: www.elconfidencial.com

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان