مۆبایلەکەت لابدە کاتی پشووە

10:51 - 2024-02-04
دووتوێ
131 جار خوێندراوەتەوە

زیرەکی دەستکرد و سۆشیال میدیا بیروهۆشی زۆرێک لە چین و توێژی کۆمەڵگەکانی نەهێشتووە و هەیە شەو تابەیانی بەدیار مۆبایلەکەیەوە رۆژ دەکاتەوە، کە بە ڕۆژیش دەخەوێ و دوای ئەوە بەزۆر لەخەوی هەڵدەستێ، وەک کەسێكی بێزار و خەواڵوو دەردەکەوێ و توانای قسەکردن و گفتوگۆی خەڵکی نامێنیت ، لای خەڵکانێک ئەو بارە بۆتە خوویەکی هەمیشەیی و کەڵکی هیچیان نەماوە، دەبنە کەسێکی نەخۆش و بێتاقەت و بێبەرهەم، ئەم حاڵەتە لە زۆر وڵاتانی جیهاندا بۆتە کێشە بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا، هەمیشە زۆرێک لە دایک و باوک و خێزانەکان لە منداڵ و نەوەکانیان ناڕازین و گلەیی لە دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەن خەم لە نەوەی ئێستا و داهاتوو ناخۆن.
لەسەر ئەمە لەلایەن کەسانی ئاسایی و دەزگا تەندروستی و پەروەردەییەکان سکاڵایەکی زۆر گەیشتۆتە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و داوایان کردووە رێوشوێنێک بدۆزنەوە منداڵەکانیان دەستبەرداری ئەو خووانە ببن و چارەیەکیان بۆ بدۆزنەوە، بۆیە کۆمپانیای Meta کە سپۆنسەری فەیسبووک و ئینستایگرام و واتس ئەپ دەکات لەم دواییەدا لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا ژوورێکی خێزانیی دروستکردووە بۆ چاودێریکردنی کاتی پێویست بۆ ئەو هەرزەکارانەی ناویان لەو تۆڕانە تۆمارکردووە و تەمەنیان لە نێوان 13 تا 17 ساڵیدایە رێنماییان دەکات کەمتر بچنە نێو تۆڕەکانیانەوە.
لەم رۆژانەشدا کۆمپانیاکە ئاشکرایکرد لەمەودوا بۆ ئەو جۆرە هەرزەکارانە رێوشوێنێکی نوێ دەگرێتەبەر هەر بەشداربوویەک لە شەواندا زیاتر لە 10 دەقیقە لەنێو تۆڕەکە بمێنێتەوە، بۆ نموونە لە ئینستاگیرام یەکسەر لەڕێی Reels ەوە نامەیەکی کورتی پێدەگات و داوای لێدەکات ئیتر بەسە کاتی تەماشاکردنی مۆبایل و بەکارهێنانی تەواوبووە، لەدوای سەعات 10 ی شەویش دیسانەوە تۆڕەکە لەسەر مۆبایل شاشەکەی رەش دەبێ و پێی دەڵێت ئێستا کاتی پشووە، بڕۆ بخەوە.
سەرچاوە: Deutsches Jugendinstitut

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان