کیل، پاکترین شاری دنیا

11:03 - 2024-02-04
دووتوێ
138 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان



کاتێک باس لە ریسایکلین دەکرێت، شاری کیل-ی ئەڵمانی لەم بوارەدا لە هەموو شارەکانی جیهان پێشکەوتووترە، جگە لە قەدەغەکردنی ئەو کەلوپەلانەی یەکجار بەکاردەهێنرێن، ئەم شارە پلانی هەیە سوود لە پاشماوەکانی خۆراک وەربگرێت، هەروەها سوودیان لەو مووە بینی کە لەئەنجامی قژ بڕین و ریشتاشین دروست دەبێت و دەیکەن بە قوماشێکی چنراو بۆ جیاکردنەوەی زەیت لە ئاو، هاوکات هاوکاری بە بەهای 200 یۆرۆ وەک هاندانێک پێشکەش بەو دایکانە دەکەن کە دایبی دروستکراو لە قوماش بۆ منداڵەکانیان دەکڕن لەجیاتی ئەوانەی یەکجار بەکاردێن  و بەهۆیەوە ژینگە پیس دەبێت، لە ساڵی رابردووشدا لە گەورەترین فێستیڤاڵی ئەو شارەدا رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئەو کەرەستانەیان بەکارهێنا کە بۆ چەندینجار بەکاردێن لەجیاتی  کەرەستەی پلاستیک کە بۆ یەکجار بەکاردێن.

لە بواری ریسایکلیندا پێشەنگە
ئەڵمانیا بەوە ناسراوە لەسەر ئاستی دنیا لە بواری ریسایکلیندا پێشەنگە، بەڵام شاری کیل-ی ئەڵمانی بەوە ناسراوە پلان و تایبەتمەندی باشتری هەیە لەو بوارەدا و دەتوانرێت جێبەجێبکرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خۆڵ و خاشاک و ریسایکلیندا، ئەو شارە یەکەم شاری ئەڵمانیایە دەگاتە خاڵی سفر لە خۆڵ و خاشاکدا بە بڕوانامەی گروپی هەڵمەتی ژینگەیی سفر خۆڵ و خاشاک لە ئەوروپادا.
لەو بارەیەوە بێتینا ئۆست سیاسەتمەداری پارتی سەوز، کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا بە سەرۆکی ئەنجومەنی شاری کیل هەڵبژێردرا، دەڵێت: «ئەوە هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروستدا»، هەروەها دەڵێت :دەبێت بەردەوام بین لە بیرکردنەوە و لە شوێنی خۆیدا نەوەستین.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبردنی پاشماوەی ئەی بی کەی لە کیل، دینۆ کلۆزن-یش دەڵێت: رەوتی بەکارهێنانی وڵاتەکە لە زبڵدانەکانیدا دەبینرێت، سەبەتەی ریسایکلینی کاغەز سەردەمانێک پڕ بوون لە رۆژنامە ئێستا بەشدارن لە بەرهەمهێنانی کارتۆن کە لە گەیاندندا بەکاردەهێنرێن، ئەوەش وایکردووە بڕی بەفیڕۆدانی کاغەز کەمبکاتەوە، بەڵام بازاڕکردنی ئۆنلاین و ئەو کیسەی کڕینانەی تێیدا بەکاردێت دیسانەوە کێشەکە گەورەتر دەکەن.
شارەکانی وەک کیل بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ کەمکردنەوەی پاشماوە و ریسایکلینی زیاتری ئەو پاشماوانەی کارگەکانیان دروستی دەکەن، ئەنجومەنی شارەکە ئەو پڕۆژانەی خستەڕوو بریتین لە قەدەغەکردنی ئەو کەرەستانەی یەکجار بەکاردێن لە دامەزراوە رەسمی و حکومییەکاندا، لەگەڵ دانانی ئامێری زیاتری ئاوخواردنەوە بۆ کەمکردنەوەی بتڵی ئاوی پلاستیک، هەروەها فێرکردنی منداڵان لە خوێندنگەکاندا لەبارەی خۆڵ و خاشاک و ریسایکلینەوە، جگەلە هاندانی خەڵکی بۆ کردنی هەندێک گۆڕانکاری سادە لەسەر رەفتاریان وەک بەکارهێنانی سابوونی رەق لەبری شامپۆی نێو بتڵی پلاستیک.

سزادانی سەرپێچیکاران
پێشنیاری دیکەش هەن  توندترن، بەو پێیەی شارەکە بیر لە غەرامە و پێبژاردنی پارە دەکاتەوە لەو کەسانەی زبڵ و خاشاک فڕێ دەدەنە ناو سەتڵی زبڵ و خاشاکی هەڵە (بەپێی رێساکان پێویستە زبڵ و خاشاک فڕێبدرێتە ناو سەتڵی گونجاو بەپێی جۆرەکەی) لە راپۆرتێکدا ساڵی رابردوو لەلایەن ئاژانسی ژینگەی ئەوروپاوە بڵاوکرایەوە، ئاشکرایکردووە نزیکەی 30 ٪ی ئەڵمانیا پلانێکی لەو شێوەیە دەگرێتەبەر، هەرچەندە ئەو ناوچانەی ئەو پلانەیان تێدا جێبەجێکراوە بە تێکڕا کەمبوونەوەی مامناوەندی بەخۆوە بینیووە لەئاستی کەمبوونەوەی بڕی خاشاک تێیاندا ئەویش رێژەی 25 ٪ کەمبوونەوەی بەخۆوە بینی.
هاوکات هەرچەندە هەوڵەکانی کەمکردنەوەی پاشماوە وەک هەوڵەکانی کیل لە ئەڵمانیا تاڕادەیەک نوێن، بەڵام ریسایکلینی رەگ و ریشەی لە کەلتوری وڵاتەکەدا هەیە، بۆ نموونە لە ساڵی 2021 ئەڵمانییەکان زیاتر لە دوو لەسەر سێی پاشماوەی رەقیان کۆکردەوە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەیان، زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا، هەروەها زۆربەی ئەوەی مایەوە بۆ وزە سووتاندیان، تەنها 1 ٪ یان فڕێدایە زبڵدانەکانەوە لەکاتێکدا  لە تێکڕای یەکێتی ئەوروپا 16 ٪  بووە. 
لەو بارەیەوە راوێژکاری پاشماوە لە کۆمپانیای بلاک فۆرست سۆڵوشنز لە بەرلین، راجات هاندە دەڵێت: ژێرخانی ئەڵمانیا بۆ جیاکردنەوە و چارەسەرکردنی زبڵ و پاشماوە لە لووتکەدایە،  بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر پاشماوە ریسایکلین بکەین یان بیسووتێنین بۆ وزە وتی «سەرەتا دەبێت بەباشی رێکبخرێت و جیابکرێتەوە، ئەگەر تۆ پاشماوەکانت جیا نەکەیتەوە یان ئەگەر لەلایەن ئەو کەسانەی زبڵەکانت کۆدەکەنەوە جیا نەکرێتەوە، ئەوا هەموو پلانە فەنتازییەکانت شکست دێنن بۆ ریسایکلین.
ئەڵمانییەکان لەسەر ئەوە راهاتوون پاشماوەکانیان جیابکەنەوە لە ساڵی 2015 ەوە بووە بە یاسا و لە رێگەی دانانی کۆمەڵێک سەتڵی زۆر لە شوێنە گشتییەکان و کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکاندا کارەکەی ئاسانتر کرد، جگەلەوەی کارگوزارەکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک رەتیدەکەنەوە سەتڵی پڕکراو بە هەڵە وەربگرن و تێبینی لەسەر کیسەکان جێدەهێڵن کە شتومەکی نەشیاوی تێدایە.

سەرچاوە: ا‌‌لأمارات الیوم

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان