21 ساڵ لەمەوبەر شەمشەمە کوێرەکانی تاریکی لە گوندی (گامێش تەپە) دوور لە هەموو ئاداب و عورفێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە دەستی لەرزۆکیان تاوانێکی تیرۆرستییان دوور لە هەموو بنەمایەکی مرۆڤایەتی کرد.
ئەو کاتەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە ویستی لەپێناوی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان و ناوچەکەدا ئارامی و ئاسایش لە سنوورەکە بەر قەرار بکات و دەرفەتی گفتوگۆ دروست بکات بەڵام تیرۆرستانی بەناو (انصارولئیسلام) ناپاکیان بەرامبەر بەڵێنی خۆیان و متمانەی هەڤاڵانی یەکێتی کرد و دەستی گڵاویان بە خوێنی سەرکردە (شەوکەتی حاجی موشیر) و هەردوو فەرماندە (حیکمەت حاجی عوسمان، سەردار غەفور سلێمان ) و چوار کەس لە بنەماڵەی (مام ساڵح سوور) کرد.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە ماڵە گەورەکە بووە بۆ کۆکردنەوەی بیروڕا جیاوازەکان و هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ هەوڵی ئاشتەوایی بەڵام ئەوە یەکەمجار نییە خیانەت و ناپاکی بەرامبەر ئەم حزبە نیشتمانییە کرا بێت، ئەوانەی کە چاویان بە خەبات و مێژووی یەکێتی و چاویان بە ئازادی و ئارامی و ئاسایشی سنوورەکەدا هەڵنەدەهات هەمیشە لە بۆسەدا بوون بۆ نانەوەی ئاژاوە و ئازاردانی خەڵکی سنوورەکە و کردەوەی تیرۆرستی تاوەکو بە شەهیدکردنی ئەو هەڤاڵانە و چەندین تاوانی تر تاریکپەرستی و دواکەوتویی و ناپاکی خۆیان بۆ هەموان دووپاتکردەوە .
تا ئەوەی دواتر لە بەردەم دەنگی دلێر و گیانبازی و ئازایەتی پێشمەرگەکانی یەکێتی و خۆڕاگری و هاوکاری خەڵکی سنوورەکە و بە خوێنی چەندین پێشمەرگەی قارەمان توانەوە و سەری شۆڕیان دای لە تاشەبەردەکانی هەورامان.
دروود بۆ رۆحی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگەی رزگاری، دوورد بۆ گیانی پیرۆزی ئەو پێشمەرگە شەهیدانەی کە هەمیشە پێش مەرگ کەوتبوون لەپێناوی کوردو کوردستاندا.
مەڵبەندی 9 ی شارەزوور