دەستبەکاربوونی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەردەم ئاستەنگەکاندا

09:57 - 2024-02-11
ڕاپۆرت
242 جار خوێندراوەتەوە
رۆیشتن بۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


بڕیاربوو رۆژی 5ی شوباتی رابردوو یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوە بچێت، بەڵام پێكهاتەی عەرەبی و توركمانی كۆبوونەوەكەیان پەكخست و تائێستا هیچ وادەیەك بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیار نییە، چونكە لیستی عەرەبی و توركمانی داوای رێكەوتنی پێشوەختە دەكەن.
سەرۆكی كاتی ئەنجومەنەكەش رایدەگەیەنێت: ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا دەبێت دادگای فیدراڵی عیراق پرسی كەركوك یەكلایی بكاتەوە.

لیستە عەرەبی و توركمانییەكان رێكنەكەوتوون
پەروین فاتیح، سەرۆكی كاتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رایگەیاند: وەكو ئەندامانی لیستە كوردستانییەکان و كۆتای مەسیحییەكان بەشداریی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگامان كرد، بەڵام بەداخەوە لیستەکانی پێکهاتەی عەرەب و توركمان بەشداریان نەكرد، ئەمەش وایكرد كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە.
وتیشی: ئەو دوو لیستە ئەگەر داواكاریشیان هەبوایە، دەبوو لە كۆبوونەوەكەدا بیانخستایەتەڕوو، دواتر هەر خۆیان رایانگەیاند: لە نێو خۆیاندا نەگەیشتوون بە رێكەوتن. پەكخستنی كۆبوونەوەكەش زیان بە هاووڵاتیانی پارێزگاکە دەگەیەنێت، چونكە ئەوان چاوەڕێی ئەو ئەنجومەنەن كە دەنگیان پێداوە بۆئەوەی خزمەتیان بكرێت. 
لیستە كوردستانییەكان رێككەوتوون
سەرۆكی كاتی ئەنجومەنەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەگەرهاتوو دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ئێمە وەكو ئەندامانی كوردی ئەنجومەن دەتوانین سكاڵایی یاسایی پێشكەش بكەین تا بتوانین پۆستەكان بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن دابەش بكەین.
هەریەكە لە پێکهاتە و لیستەکانی عەرەب و توركمان چەند كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵییان كردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ رێكەوتنێكی سەرەتایی.
پەروین فاتیح، باسی لەوەشكرد ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە هەریەكە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌ و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و گەیشتوونەتە ئەو رێكەوتنەی كە پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دابنێن، بۆیە ئەم كۆبوونەوەیە رەنگدانەوەیەكی ئەرێنی هەبوو بۆ ئامادەبوونی لیستە كوردستانییەكان و كۆتای مەسیحییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگا.

عەرەب و توركمانەكانیش  پێشنیاری جیاوازیان هەیە
د. ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، رایگەیاند: هەریەكە لە عەرەب و توركمانەكان چەند جارێك كۆبوونەوەیان بۆ رێككەوتن و دروستكردنی لیستێكی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا ئەنجامداوە، بەڵام تا ئێستاكە نەیانتوانیوە لیستێكی هاوبەش دروست بكەن.
وتیشی: لە سەرەتادا پێكهاتەی توركمانی پێشنیازی ئەوەیان كرد كە پۆستی پارێزگاری كەركوك لە نێوان هەرسێ پێكهاتەكەدا بێت، بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، هەروەها هەموو پۆستەكانی تریش بە هەمان شێوە دابەشبكرێت، بەڵام عەرەبەكان بۆچوونیان وایە كە پۆستی پارێزگار لەنێوان كورد و عەرەبدا دووساڵ دوو ساڵ دابەش بكرێت، سەرۆكی ئەنجومەنیش لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی توركمانیدا دوو ساڵ دوو ساڵ، بەڵام خۆیان باوەڕیان بە پێشنیازەكانی یەكتریی نییە.
باسی لەوەشكرد خۆشبەختانە كوردەكان توانیویانە تاڕادەیەكی باش هەماهەنگی دروستبكەن و بتوانن بگەنە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لەسەر دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە.

ترسیان لە لەدەستدانی پۆستەكانە
محەمەد ئەمین، چاودێری سیاسی، رایگەیاند: پێكهاتەی عەرەب و توركمان ترسیان لە دەستدانی ئەو پۆستانەیانە كە دوور لە شایستەی هەڵبژاردن لە پارێزگەكەدا وەریانگرتووە، بۆیە دەیانەوێت دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، یان پۆستی زیاتر لە قەبارەی خۆیان پێبدرێت، جگەلەوەش زۆربەی دەسەڵاتە ئیدارییەكانی شارەكە لای ئەوانە، بەتایبەتی پۆستی پارێزگار كە لای عەرەبە، بۆیە مەبەستیانە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كارا نەبێت‌ و لە رێگەی پارێزگاری بەوەكالەتەوە كاروبارەكانی كەركوك بەڕێوەبەرن، چونكە سوود و بەرژەوەندیی خۆیانی تێدایە، هەروەها ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر هاتوو ئەنجومەن كارا كرایەوە، ئیستحقاقی پێكهاتەكانی تر بدرێت، ئەوكات زۆریی كورسییەكان دەبێتە سەنگی مەحەك ‌و پۆستەكانی شارەكە یەكلایی دەكاتەوە و كورد دەنگی كارای دەبێت و دەتوانێت خزمەتگوزاریی زیاتر پێشكەش بە پارێزگاکە بكات. 

نەگەیشتوینەتە رێكەوتن
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە لیستی بەرەی توركمانی، رایگەیاند: وابڕیاربوو لەم دانیشتنەی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا بەشداربین، بەڵام لەبەر كۆبوونەوەمان لەگەڵ لیستە عەرەبییەكانی كەركوكدا نەمانتوانی نە كۆبوونەوەكە ئەنجامی هەبێت و نە خۆشمان بگەینە رێكەوتنێكی یەكلاكەرەوە بۆئەوەی بەهاوبەشی لە لیستێكدا بەشداربین.

لە نێو خۆماندا كۆكین
ئەحمەد عەبدولواحید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەسەر لیستی هاوپەیمانیی عەرەبیش، رایگەیاند: وەكو لیستە عەرەبییەكان چەند جارێك دانیشتنمان بۆ یەك هەڵویستیمان بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك کردووە، بەڵام نەمانتوانیوە بگەینە ئەنجامێكی یەكلاكەرەوە بۆ دانانی پارێزگارێكی عەرەب، بۆیە رێكەوتنەكان تا ئێستا لە چوارچێوەی ناوخۆیی پارێزگاكەدا جێبەجێ نەكراوە، چونكە دەستی دەرەكیش كەمتەرخەم نیین لە دروستکردنی كێشە و ئاستەنگ بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.
ئەوەی جێی ئاماژەیە ئێستا بەشێكی زۆری پارێزگاكانی عیراق هەڵبژاردنی ئەنجومەن ‌و پارێزگاریان تەواوکردووە و تەنیا كەركوك نەبێت، چونكە عەرەب و توركمان ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوون، ئەمەش وایكرد لەكاتی دانانی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا كۆمەڵێك گۆڕانكاریی لە یاساكەدا بكرێت و كۆمەڵێك كۆت و بەندیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دانا، ئەمەش بووە هۆكارێكی گەورە بۆ دروستكردنی ئاستەنگ لەنێوان قەوارە و پێكهاتەكانیدا.

خەڵکی پارێزگاکە چاوەڕوانی خزمەتن
هەموو ئەم گرفتە سیاسییانەش لەکاتێکدایە کە هاووڵاتیانی پارێزگاکە ئەوەی لەسەریان بووە دەنگدان و بەشداری بووە لە پڕۆسەکەدا و چاوەڕوانی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی پارێزگاکەن تا پارێزگار هەڵبژێرن و لیژنەکان دەستنیشان بکەن بۆئەوەی خزمەت بە پارێزگاکە بکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان