هەمواری یاسای بودجە، رێكەوتنی هەولێر و بەغدای دەوێت

10:02 - 2024-02-11
کوردستان
283 جار خوێندراوەتەوە
هاووڵاتیان و مووچەخۆران چاوەڕوانن کۆتایی بە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بێت فۆتۆ: حەمە

هەمواركردنەوەی یاسای بودجە، رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدای دەوێت. ئەندامێكی لیژنەی دارایی پێیوایە: «هەمواركردنەوەی یاساكە سەرجەم كێشەكانی پرسی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەرناكات، بەڵام پابەندبوونی هەرێم بەو رێكەوتنەوە، كلیلی چارەسەری بەشێكی زۆری كێشەكانە».

پابەندبوونی هەرێم كلیلی چارەسەری زۆربەی كێشەكانە
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاندووە: «هەمواركردنەوەی یاسای بودجە سەرجەم كێشەكانی پرسی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ناكات، چونكە ئەم پرسە رێكەوتنی هەردوو حكومەتی دەوێت». ئاماژەی بەوەشكردووە كە «پابەندبوونی هەرێم بەو رێكەوتنەی كە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ دەیكات، كلیلی چارەسەری بەشێكی زۆری كێشەكانە، چونكە پرسی نەوت دۆسێیەكی گرنگە و پێویستی بە رێكەوتن و پابەندبوونی هەردوو حكومەت هەیە».

مادەكانی تایبەت بە نەوتی هەرێم پێویستیان بە هەمواركردنەوەیە
هەروەها، د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIAی وتووە: «مادەكانی پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی عیراقدا لەگەڵ رێكەوتنی سیاسی، پێویستی بە هەمواركردنەوەیە». وتیشی: «ئەو بڕە پارەیەی لە یاسای بودجەدا بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دیاریكراوە، كە نرخەكەی شەش دۆلارە بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت، بۆ هەرێمی كوردستان نابێت، چونكە حكومەتی هەرێم خۆی نەوت بەرهەم ناهێنێت و كۆمپانیا بیانییەكان نەوت لە هەرێمی كوردستان دەردەهێنن، ئەو بڕە پارەیەش بۆ كۆمپانیاكان دەستنادات».

مانگانە 1.6 ترلیۆن دینارە
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە گفتوگۆی ورد لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە لەسەر بڕگە بەبڕگەی پڕۆژەیاسای بودجە و دواتر گفتوگۆی نوێنەرانی عیراق لەسەر پڕۆژەكە و پێنج رۆژیش دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران، پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەكانی 2023، 2024 و 2025 پەسندكرا و عیراق گەورەترین پڕۆژەیاسای بودجەی تێپەڕاند كە 134.5 ترلیۆن دینارە و پشكی هەرێمی كوردستانیش تێیدا 12.67 %ە، كە مانگانە 1.6 ترلیۆن دینار دەكات.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان