سوپاس کە توندوتیژ نیت!

11:01 - 2024-02-11
دووتوێ
113 جار خوێندراوەتەوە

مانی دڵشاد

توندوتیژی تەنیا ئەوە نییە کەسێک لێتبدات یان لە کەسێک بدەیت توندوتیژی زۆر جۆری هەیە هەندێکیان دیار و زانراون و هەندێکیان تا ئێستا زۆربەمان نازانین چییە و چۆنە؟ بەڵام دەچنە ژێر پێناسەی توندوتیژییەوە، ژنێک زۆر بە دڵخۆشی و مەمنوونییەوە وتی: بیست ساڵە هاوسەری یەکترین چەندینجار کێشە و ناخۆشیمان بووە تا ئێستا زللەیەکی لێنەداوم. ئەو قسەیە تووشی شۆکی کردم ئاخۆ بۆچی دەبێت ئەو ئەگەرە لە ئارادا بێت و بۆچی دەبێت سوپاسگوزار بێت کە تائێستا مێردەکەی زللەیەکی لێنەداوە؟ نەوەشاندنی ئەو زللەیە لەلایەن پیاوەوە بەرامبەر بە ژن بەجۆرێک لە خۆشگوزەرانی و تایبەتمەندی دابنرێت، نەک مافێکی ئاسایی مرۆڤێک کە نابێت توندوتیژی بەرامبەر بکرێت جا چ ژن بێت یان پیاو.
 زللەیەکی لێنەداویت نابێت جێی دەستخۆشی بێت، بەڵکو مافێکی سروشتی خۆتە و نەک ئەو هیچ کەسێک بۆی نییە بە قسە یان بەکردار توندوتیژیت بەرامبەر بکات.

نازانین توندوتیژییە
هاوکات زۆرجار هەندێ رەفتارمان بەرامبەر دەکرێت لە دەرەوەی ماڵ و لە شوێنە گشتییەکان یان لەشوێنی کار تووشی شۆکمان دەکات و لێی تێناگەین و نازانین کاردانەوەمان چۆن بێت؟ لەبەرئەوەی تائێستا زۆرمان بە ژن و پیاوەوە هەموو پێناسەکان و جۆرەکانی توندوتیژی نازانین بۆ نموونە کاتێک کەسێکی غەریبە وشەی سێکسی و نەشیاو بەرامبەرت بەکاردێنێ و تۆش پێی بێزار و ناڕەحەت دەبیت، واهەستدەکەیت سنووری کەسییان بەزاندوویت ئەوەش بێگومان جۆرێکە لە توندوتیژی، توندوتیژی هەر ئەوە نییە بە جەستە ئازارت بدەن، بەڵکو جەنگی دەروونی و جنێو و بێزارکردن بە وشە و گێچەڵی سێکسی و هەڕەشە و زۆری دیکە دەچنە ژێر پێناسەی توندوتیژییەوە، بۆیە کاتێک لەگەڵ خۆشەویست یان هاوسەرەکەت ناخۆشیتان دەبێت لەبەرئەوەی دواجار ئێوە هەردووکتان مرۆڤن دەبێت بزانیت بۆی نییە و ئەوە خۆشگوزەرانی نییە کە لێت نادات، چونکە چۆن بەمافی خۆی دەزانێت توندوتیژی بەرامبەر نەکەیت بە هەمانشێوە مافی تۆیە چەندە لەیەک تووڕە بن و گفتوگۆکانتان توند بێت دەست لەیەک بەرزنەکەنەوە.
داوای سزا بکە
جگەلەوە دەبێت بەمافی خۆتی بزانیت و نەترسیت و داوای سزا بۆ ئەو کەسانە بکەیت کە لە دەرەوەی ماڵ بەهەر جۆرێک بێت لە جۆرەکان توندوتیژیت بەرامبەر دەکەن و بە شێوە و جۆرەکانی توندوتیژی ئاشنا بیت و لەمافی خۆت بێدەنگ نەبیت، چونکە ئەوەی دەتوانێت بتپارێزێت و مافەکانت بە دەستبێنێت و داکۆکیت لێبکات تەنیا خودی خۆتە نەک هیچ کەسێکی دیکە.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان