فێستیڤاڵی بۆجلود لە مەغریب

11:07 - 2024-02-11
دووتوێ
124 جار خوێندراوەتەوە
#لەو فێستیڤاڵەدا جلوبەرگی ئاژەڵان دەپۆشن

بۆجلود یان بێلماون کەلتورێکی کۆنی گەلی ئەمازیغە لە مەغریب، بەرلەهاتنی ئاینی ئیسلام ئەوان ئەو بۆنەیەیان سازکردووە، ساڵانە لە کۆتایی جەژنی قوربان و لە ژمارەیەک گوندی ناوچەی باشووری وڵاتەکە  لەخوار شاری ئەغادیر سازدەکرێت، لەم فێستیڤاڵەدا گەنج و لاوان لەو دەڤەرە بۆ دەربڕینی خۆشی و شادی و هاتنی ئەو جەژنە خۆیان دەڕازێننەوە و جلی دروستکراو لە پێستی مەڕ یان بزن یان مانگا لەبەردەکەن و کەللەسەری ئاژەڵەکانیش دەکەنەسەر، ئەو کارەکتەرانەی وا لەخۆیان دەکەن پێیان دەوترێت «بولحلایس»  هەر یەکەشیان قاچی یان باڵی  ئاژەڵێکیش بەدەستەوە دەگرێت و بە ئامادەبواندا دەیکێشێت، هەر کەسەی بەری بکەوێت ئەوا گوایە خێر و بەرەکەتی بەسەردا دەبارێ و خودا چاکەی بۆ دەهێنێت، بەم شێوازە کۆمیدیە بەناو کۆڵان و شەقامەکاندا بەدەم گۆرانی و سەماوە دەسوڕێنەوە، خەڵکی ئاوایەکانیش بەشدارییان دەکەن و پێیان پێدەکەنن و دیاری و پارەیان پێشکەش دەکەن، لەو ئاهەنگە کەس لەکەس ناکەوێت و کەس بۆی نییە ئازاری بەرامبەرەکەی بدات، هەمویان بۆ دەربڕینی شادی کۆدەبنەوە و ئەو فێستیڤاڵە کەلەپورییە سازدەکەن.

پیرۆزی ئاژەڵ
جاران لای ئەمازیغییەکان ئەو بۆنەیە تەنها کەلتور بووە بەڵام لەدوای هاتنی ئایینی ئیسلام ئێستا موسڵمانەکان لەپێناو پیرۆزی جەژنی قوربان بەشداری دەکەن و بۆتە جەژنێکی فەرمی وڵات لەو ناوچەیە، هەزاران کەس لەناو وڵاتەکەوە دەچنە سەیریان و بەشداریان دەکەن، مێژوونووسان دەڵێن ئەم کەرنەڤاڵە واتای پەیوەندی بەهێزی مرۆڤ لەگەڵ گیانداران و سروشتی دەوروبەری دەگەیەنێت، مانای پیرۆزی ئاژەڵە لای مرۆڤ، چونکە لە کۆنەوە و لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکانەوە مرۆڤ کشتوکاڵی کردووە و بەهاوکاری ئەو ئاژەڵانە بەروبوومەکەی خواردووە، بۆیە جەژنەکەیان لەوەوە سەری هەڵداوە و پێ بەپێ رۆژگار و قۆناغ بە قۆناغ پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە، بەپێی مێژوونووسانی دیکە گوایە لەدێرزەمانەوە ئەمازیغیەکان میرێکی باشیان هەبووە، ئەو میرە هەمیشە شاخی بزن و مانگای بەسەر سەریەوە کردووە و جلەکانیشی هەر لە پێستی ئەو ئاژەڵانە دروستکردووە و لەبەری کردون، بۆ رێزلێنان لەو میرە و کارە باشەکانی کردوویانە بەکەلتور و دەیپارێزن.

ناکۆکی کۆمەڵایەتی
ئەو فێستیڤاڵە لەم ساڵانەی دواییدا مشتومڕێکی زۆری لەناو رای گشتیدا بەدوای خۆیدا هێناوە بەوەی هەندێک دەڵێن ئێستا ژیان پێشکەوتوو بووە و پێویست ناکات ئەو کەلتورە کۆن و سواوە چیتر پیادەبکرێت، هەشن داکۆکی دەکەن و دەڵین ئەوە کەلەپوری ئەمازیغیەکانە و نابێت دەستبەرداری ببن.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان