دروستکردنی دەرمانێک هەڕەشەیە بۆ سەر گوێدرێژ

11:12 - 2024-02-11
دووتوێ
240 جار خوێندراوەتەوە
مادەیەکی تایبەت لە پێستی گوێدرێژ دەردەهێنرێت

لە چین چارەسەری سروشتی لای پزیشک و حەکیمە میللییەکان ئەوەیە دەرمان لە گیاوگوڵ، لەناو دەریاو سروشتی وڵاتەکەیان دروست دەکەن و دەرخواردنی نەخۆشەکانیانی دەدەن، لەم دواییەدا جۆرێک دەرمانیان لە مادەیەک دروست کردووە پێی دەڵێن «ئیجاو» بریتییە لە شلەیەکی جەلاتینی و تەنها لەناو پێستی گوێدرێژدا هەیە.
ئەو وڵاتە ساڵانە 5 هەزار تۆن لەو مادەیە لەپێستی گوێدرێژ دەردێنن و لەکەرتی تەندروستی کلاسیکی بەکاریدێنن، شلەیەکی لێ بەرهەمدێنن  دەرکەوتووە ئەو مادە نایابە بۆ چالاککردنی سوڕی خوێن و پاراستنی خانەکانی جەستە و دواخستنی پیربوون و گەشەپێدانی توانای سێکسی مرۆڤ، رۆژ بەڕۆژ خواست لەسەر ئەو مادەیە زیاد دەبێت و لەم ساڵانەی دواییدا نرخەکەی زۆر لەجاران گرانتر بووە.
بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی ئاژەڵپارێزان لە هەموو جیهاندا 44 ملیۆن گوێدرێژ هەیە، بەڵام بەهۆی هەڵمەتەکانی کوشتنی ئەو گیاندارە زۆر کەمتر بۆتەوە و بگرە لە ناوخۆی وڵات بەدەگمەن دەست دەکەوێت،  چین ساڵانە پێویستی بە 10 ملیۆن گوێدرێژ هەیە بۆ ئەوەی بیانکوژێت و لە پێستەکەیاندا ئەو مادەیە دەربینێت، بەڵام تەنها دوو ملیۆنی دەست دەکەوێت و بەشیان ناکات، بۆیە ناچار کیشوەری ئەفریقیا هاوردەی دەکەن، ئەفریقیەکانیش خۆیان فێری ئەو بازرگانییە بوون و لەو کیشوەرەوە دەیان هەزار گوێدرێژ دەکوژن بۆئەوەی ئەو مادەیە لە پێستیان دەربێنن،  وڵاتی کینیا بنکەی سەرەکی بازرگانیکردنە بە پێستی گوێدرێژ بەپێی رێکخراوی Brooke Action for Horses and donkeys ساڵانە 160 هەزار پێستی گوێدرێژ هەناردەی دەرەوە بەتایبەتی چین دەکات.
هەروەها لەم دواییەدا لە وڵاتە عەرەبیەکانیش رەواج لەسەر ئەو بازرگانییە پەیدا بووە بەتایبەتی لە میسر و سودان، خاوەن بەرژەوەندی سەرمایەدارەکان بێویژدانانە و بێ گوێدانە مافی ئاژەڵان بێ بەزەییانە ئەو گیاندارە بەستەزمانە دەکوژن و کەوڵیان دەکەن.
سەرچاوە: National Geographic

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان