تانیا ئەحمەد

با وەرزش بکرێتە پیشە

10:47 - 2024-02-13
وەرزش
157 جار خوێندراوەتەوە

محەممەد ئەحمەد


تانیا ئەحمەد عەبدولرەحمان ساڵی 1993 لە قەزای دوکان لە دایکبووە، دبلۆمی لە ژمێریاریدا هەیه، لە منداڵییەوە خولیای بۆ تۆپی پێ هەبووە، لە ڕێگای چالاکی قوتابخانەکانەوە هاتۆتە ئەم جیهانە فراوانەوە،ساڵی 2008 لە یانەی دوکان دەستی بە وەرزش کردووە، بەڵام یانەی دوکان تا ساڵی 2012 تیمی کچانەکەی بەردەوام بوو، دواتر ساڵی 2016 فێرگەی کچانی یانەی دوکانی دامەزراندووە و بناغەیەکی بەهێزی بۆ کچانی دوکان داناوە، بۆ بەسەر کردنەوەی ئەم وەرزشکارەی ئەو سنوورە، ئەم دیدارەمان لەگەڵدا کردو ئەم پرسیارانەمان لێکرد؛

*تانیا لەناو خەڵکدا بەچی ناسراوە؟
-ناسراوم بە تانیای وەرزش یان تانیای ڕاهێنەری کچان.

*حەزدەکەی لەدوای پیشەی ڕاهێنەریی چ کارێکی تر بکەیت؟
-ئەمەوێت تەنها لە کاری ڕاهێنەری بەردەوام بم و پەرە بە تواناکانی خۆم بدەم.
*هاتنت بۆ نێو دنیای وەرزش بە ڕێکەوت بوو یان بە بەرنامە بوو؟
-بە ڕێکەوت نەبوو هەر لە منداڵییەوە خولیای وەرزشم هەبوو، ئاواتم ئەوە بوو ببمە یەکێ لە یاریزانه باشەکان، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕاهێنەر و ڕێنیشاندەر و نەبوونی تیمی کچان له شارەکەم ئەو خەونەم نەهاتەدی بۆیە لە بواری ڕاهێنەریدا خۆم بینیەوە.

*بۆچی لەناو هەموو یارییه وەرزشییەکاندا یاری تۆپی پێت هەڵبژردووە؟

-تۆپی پێ یارییەکی تایبەته و چێژ بەخشە و یاریەکی جەماوەرییە، بۆیە حەزم بەم یاریه هەیە.

*وەک ڕاهێنەرێک، ئاستی تۆپی پێ لە قەزای دوکان چۆن دەبینیت؟
-زۆر باشە و فێرگەیەکی فراوانی کچانمان هەیە لە ئاستێکی زۆر باشدایە بە هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر لەگەڵ فێرگەکەم چاوەڕوانی ئایندەیەکی گەش دەکەم.

*ئەی لەسەر ئاستی کوردستان چۆنە؟
-ئاستی تۆپی پێی کچان لاوازە لەبەرئەوەی هیچ پاڵپشتییەکی دارایی نییە بۆ کچان، ئەوەی هەیە سەرجەمیان خۆبەخشی و هەوڵی تاکه کەسییە، بۆ ئەوەی یاری تۆپی پێ پێش بکەوێت پێویسته وەرزش بکرێت بە پیشە.

*گرفتی ئێوەی ڕاهێنەر چییە؟
-ئێمەی ڕاهێنەران پێویستمان به پاڵپشتی مادی و مەعنەوی هەیە، چونکە ئێستا ئێمەی ڕاهێنەران بە خۆبەخش یاریزان پێ دەگەیەنین.

*وەکو کچە ڕاهێنەرێک خەونی وەرزشیت چییە و ئامانجت لە وەرزشکردن چییه؟
-من خەونم ئەوەیە ببمە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان و له ئاستی کوردستانیش ئێمە ببینە پاڵەوانی کوردستان و پاڵەوانی خولی فێرگەکانی کوردستان.

*بەچ یاریزانێکی جیهانیی سەرسامیت؟
-بە میسی سەرسامم.

*کاتەکانت چۆن بۆ وەرزش تەرخان کردووە؟
-زۆربەی کاتەکانی ژیانم بۆ وەرزش تەرخان کردووە، بەردەوام لە فێرگەی تۆپی پێی کچانی دووکان ڕاهێنان بە کچان ئەکەم.

*چیت ماوە له کۆتاییدا بیڵێێت ؟
-زۆر سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز بۆ ئەم بەسەرکردنەوەیه ماندوونەبن.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان