جمال میر صادقی
له كورته مێژووی گۆڕانكارییه‌كانی كورته‌چیرۆكدا، گۆگۆڵ و پۆ وه‌كو دوو نووسه‌ری تازه‌گه‌ر و گه‌وره باس ده‌كرێن، چیرۆكه‌كانی ئه‌م دوو نووسه‌ره به بناغه‌دارێژه‌ری كورته‌چیرۆكی ئه‌مڕۆ داده‌نرێن.
هه‌ردوو نووسه‌ر، له یه‌ك ساڵدا واته له ساڵی (1809)دا له‌دایكبوون به سێ ساڵ جیاوازی ماڵئاواییان له ژیان كرد. ئه‌دگار ئالان پۆ ساڵی (1849) كۆچی دواییكرد و سێ ساڵ دوای ئه‌وه‌ش ساڵی (1852) نیكۆڵای ڤاسیلی ڤیچ گۆگۆڵ ماڵئاوایی له ژیان كرد. هه‌ردووكیان ژیانێكی پڕ دڵه‌ڕاوكێ و ناخۆشیان به‌سه‌ر برد و گیرۆده‌ی ئازاری ده‌روونی و په‌رێشانیی عه‌قڵی و فیكری بوون.
سه‌باره‌ت به ئالان پۆ چه‌ند پڕوپاگه‌نده‌یه‌ك له‌سه‌ر زاران بوو، ئه‌وه بڵاوببۆوه كه مه‌شروبخۆر و ئالووده‌یه، به‌ڵام وادیاربوو كه خودی نووسه‌ر زیاتر ئه‌م پڕوپاگه‌ندانه‌ی سه‌باره‌ت به خۆی بڵاوده‌كرده‌وه، له‌وانه‌یه كاردانه‌وه‌یه‌ك بووبێت به‌رامبه‌ر به‌و رۆژگاره‌ی تیا ده‌ژیا. ژیانی سارد و بێ شه‌وق و زه‌وق و نائاسایی پۆ هۆكاری ئه‌و كاردانه‌وانه بوو، ژیانی له راده‌به‌ده‌ر چالاكی، راستی ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی ره‌ت ده‌كرده‌وه.
گۆگۆڵ له‌ناو قه‌یرانه ده‌روونییه‌كانی كۆتایی ته‌مه‌نیدا به‌ته‌واوی په‌نای بۆ كڵیسای ئه‌رسه‌دۆكسی روسیا برد. كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی قه‌شه‌یه‌كی رووكه‌ش و ساخته‌چی و ده‌مارگیره‌وه كه نه‌فره‌تی له ئه‌ده‌ب ده‌كرد و وای له گۆگۆڵ گه‌یاندبوو ئه‌ده‌ب نیشانده‌ر و نوێنه‌ره‌وه‌ی روخساری شه‌یتانییه. گۆگۆڵ به‌ره‌به‌ره باوه‌ڕێكی په‌یداكرد كه په‌یامێكی مه‌زهه‌بی له ئه‌ستۆدایه و له ئه‌نجامی فشاره ده‌روونییه‌كاندا نه‌خۆش كه‌وت.
ئاڵان پۆیان له‌ناو جۆگه‌له‌یه‌كی ئاوی شه‌قامدا له ویلایه‌تی (به‌لتیمۆر) دۆزییه‌وه كه له‌هۆش خۆی چوو بوو. چوار رۆژ له سه‌ره‌مه‌رگدا بوو، وڕێنه‌ی ده‌كرد و سه‌باره‌ت به تارماییه‌كی سه‌ر دیوار باسی شتی خه‌یاڵی ده‌كرد، به‌ڵام نه‌یتوانی بڵێت چی لێ قه‌وماوه و له 17ی ئۆكتۆبه‌ری (1849) دا مرد.
گۆگۆڵ له قه‌یرانی هه‌ڵچوونی ده‌روونی و هه‌ژانی سۆزداریدا له حاڵه‌تێكی نائاساییدا به‌رگی دووه‌می (نه‌فسه مردووه‌كان) یان (مردوو خۆران)ی سووتاند و سێ رۆژ دوای ئه‌وه له ئه‌نجامی زیاده‌ڕه‌وی له راهێنان و به‌ڕۆژووبووندا له 21ی شوباتی (1852)دا چاوانی لێكنا.
زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م دوو نووسه‌ره ئاوێته‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی چیرۆك و خاسیه‌ته‌كانی ئه‌ده‌بیاتی گۆسیك بوو، دنیای پڕ توندوتیژی و نائاسایی چیرۆكه‌كانیان زۆرجار خاسیه‌تی هه‌ستبزوێن و رۆمانسی هه‌بوو، كاریگه‌ریی تۆقێنه‌ر و مایه‌ی دڵه‌ڕاوكێی ئه‌ده‌بیاتی گۆسیكی له‌سه‌ر بوو كه له‌و رۆژگاره‌دا باو بوو.
هه‌ردوو نووسه‌ر زۆر له ژێر كاریگه‌ری نووسه‌رانی رۆمانسی ئه‌ڵمانی وه‌كو (ئه‌رنێست هۆفمان)دا بوون و به‌رهه‌مه‌كانیان بایه‌خی به رووداوی سه‌یر و سه‌مه‌ره و بابه‌تی وه‌همی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌دا.
گۆگۆڵ له ژێر كاریگه‌ری چیرۆكه‌كانی هۆفمان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی چیرۆكی میللی ئۆكرانیادا چیرۆكی ده‌نووسی و بیروباوه‌ڕی پڕوپووچ و ژیانی جووتیاران كه به‌رده‌وام له ژێر ده‌سه‌ڵاتی جادووگه‌ران و جنۆكه‌گراندا بوون، له چیرۆكه‌كانیدا ره‌نگیدایه‌وه و له رووداوی مێژوویی ئه‌وانه‌وه رۆمانی مێژوویی (تاراس بولبا)ی نووسی.
چیرۆك و رۆمانه‌كانی گۆگۆڵ زۆر ره‌هه‌ندیان هه‌یه، له‌وانه‌ش ره‌هه‌ندی قۆشمه‌یی و ته‌نزئامێزی رووكه‌ش و ره‌هه‌ندی ئاكاری و ره‌شبینانه‌ی ناوه‌كی. ئه‌م خاسیه‌تانه له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی گۆگۆڵدا، به‌تایبه‌تی له كاره پێشكه‌وتووه‌كانی دواییدا به‌هێزێكی زیاتره‌وه خۆیان نیشان ده‌ده‌ن و ناوه‌ڕۆكی به‌رهه‌مه‌كانی بریتییه له ململانێی نێوان خێر و شه‌ڕ و سه‌ركه‌وتنی خێر به‌سه‌ر شه‌ڕدا.
ئالان پۆش وه‌ها كه‌وتبووه ژێر كاریگه‌ریی به‌رهه‌مه‌كانی هۆفمانه‌وه كاتێك ره‌خنه‌گران له به‌رهه‌مه‌كانیدا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌و لێكچوونانه كرد، په‌رێشان بوو، نووسی:
«ئه‌گه‌ر له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی مندا، ترس وه‌كو (تێز) گریمانه‌كراوه (له‌به‌رئه‌وه‌یه) به باوه‌ڕی من، ترس له ئه‌ڵمانیاوه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه، به‌ڵكو له رۆحه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و من ئه‌م ترسه‌م ته‌نیا له سه‌رچاوه ره‌واكه‌یه‌وه به‌رهه‌م هێناوه و جه‌ختیشم له‌سه‌ر سه‌رچاوه ره‌واكه‌ی كردۆته‌وه«(1)
ئالان پۆ باوه‌ڕی وابوو ترس له خوڵقاندنی چیرۆكدا گرنگییه‌كی ژیانیی زۆری هه‌یه و هه‌ژان و هه‌ڵچوونی ده‌روونی و كاریگه‌ریی ده‌روونی بۆ رۆحكردن به‌به‌ری چیرۆكدا زۆر گرنگه. ناوه‌ڕۆكی چیرۆكه‌كانی ئه‌م ترس و دڵه‌ڕاوكێ و ناڕه‌حه‌تییه نه‌ناسراو و پڕ ئازاره‌یان پێك ده‌هێنا.
گۆگۆڵ یه‌كه‌م نووسه‌ر بوو له روسیا له هه‌ندێ له چیرۆكه‌كانیدا، رووی له ریالیزم كرد، له قۆناغی ناوه‌ڕاستی قوتابخانه‌ی رۆمانسییه‌ت واقیعیه‌ت یان ریالیزمدا له روخساره دیاره‌كانی ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی بوو. له راستیدا گۆگۆڵ له بواری رۆمانتیكدا رووی له ناوه‌ڕۆك و بابه‌ته واقیعییه‌كان كرد و له‌و چیرۆك و رۆمانانه‌دا كه له لووتكه‌ی داهێنانیدا نووسی، ژیانی خه‌ڵكی ئاسایی و ئه‌فسانه باوه‌كانی ناو خه‌ڵك كاریان تێكرد و به زمانێكی ته‌نزئامێز گاڵته‌ی به نه‌ریت و رێوڕه‌سمی زیانبه‌خش و خورافه كۆنه‌كانیان ده‌كرد، په‌رده‌ی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و نابووتییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لادا. ژیانی ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاران، ترسنۆك و ئازاكان، باش و خراپه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز یان یه‌ك ریتمی و بێتاقه‌تی ژیانیان و گه‌لێ لایه‌نی ژیان و كاره‌كته‌ریاندا باس ده‌كرد. بۆ نموونه له یه‌كێك له چیرۆكه گرنگ و شاكاره‌نی خۆیدا، كورته‌چیرۆكی «پاڵتۆ» بۆ یه‌كه‌مجار له دنیادا، كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كه‌ی له‌ناو چینه بێبه‌ش و هه‌ژار و نه‌فره‌ت لێكراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ڵبژارد و ژیانی واقیعی و رۆژانه‌ی پیاوێكی ئاسایی، كارمه‌ندێكی بچووكی تۆماری فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومه‌تی كرد به بابه‌تی چیرۆكه‌كه‌ی. كورته‌چیرۆكی «پاڵتۆ» به یه‌كه‌م كورته‌چیرۆكی كلاسیكی جیهان ناوده‌به‌ن. پێش گۆگۆڵ چیرۆكێكی ئاوا به ناوه‌ڕۆكێكی ئاوا و لایه‌نی هونه‌ری كورته‌چیرۆك نه‌نووسراوه و پاش گۆگۆڵ بابه‌تی ئه‌م چیرۆكه له ده‌یان چیرۆكی به‌ناوبانگی روسیدا به‌كارهێنرا. «مانا شاراوه زۆره‌كانی ئه‌م چیرۆكه، ئاڵۆزی گێڕانه‌وه‌ی، هونه‌ریی زمانه‌كه‌ی بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌ڕای شرۆڤه و لێكدانه‌وه زۆره‌كانی، هێشتا جێگای شرۆڤه و لێكدانه‌وه‌ی تر بێت. ئه‌م چیرۆكه به‌هیچ جۆرێك ناتوانرێت به پشت به‌ستن به چه‌مكی وه‌كو به‌زه‌یی، هاوده‌ردی، پاداشت و سزا شیبكرێته‌وه. « (2)
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی گۆگۆڵه‌وه كه ژیانی واقیعی و رۆژانه تیایاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، چیرۆكه‌كانی ئه‌دگار ئالان پۆ له ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكی ئاسایی به‌دوورن و په‌یوه‌ندی دووریان له‌گه‌ڵ واقیعی ژیاندا هه‌یه، ئینسایكلۆپیدیای (كاسل) ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مه‌كانی پۆ ده‌نووسێت:
«چیرۆكه‌كانی ئه‌دگار ئالان پۆ، چیرۆكی پلۆت، حاڵه‌تی دواخستن یان ترس و تۆقاندن و فه‌زا و ره‌نگ و بار‌و دۆخن. هه‌موو ئه‌مانه له رووی ته‌كنیكه‌وه به‌هێز و هونه‌رین و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی په‌یوه‌ندییان به ژیانی واقیعییه‌وه نییه. واقیعییه‌تیان یان ته‌نانه‌ت واقیعییه‌تی ده‌سكردیشیان هونه‌رییه. له روانگه‌ی ئه‌دگار ئالان پۆوه، كورته‌چیرۆك تا راده‌ی زیاده‌ڕه‌وی ده‌بێته هونه‌ری، به‌شێوه‌یه‌ك له راستیدا كورته‌چیرۆك بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌كه‌وێته زیندانی ته‌كنیكه‌وه.»
ئالان پۆ یه‌كه‌م نووسه‌ر بوو كورته‌چیرۆكی به ژانرێكی ئه‌ده‌بی سه‌ربه‌خۆ حساب كرد و متمانه‌یه‌كی زۆری پێبه‌خشی و له رۆمان به باڵاتری له قه‌ڵه‌م دا، چونكه له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو ئه‌وه‌ی كورته‌چیرۆك ده‌یخوڵقێنێت، وردیی و كورتی و چڕی و كاریگه‌ریی یه‌كپارچه‌ییه‌تی، له‌م رووه‌وه، له رووی جوانیناسییه‌وه له رۆمان باڵاتره، ته‌نیا شیعر ده‌توانێت هاوتای كورته‌چیرۆك بێت، پۆ یه‌كه‌م كه‌س بوو كه كورته‌چیرۆكی پێناسه كرد و كاریگه‌ریی یه‌كپارچه‌یی بۆ كورته‌چیرۆك به‌پێویست له قه‌ڵه‌م دا، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو هه‌ر به‌شێك له به‌شه‌كانی كورته‌چیرۆك ده‌بێت بۆ دروستكردنی ئه‌و كاریگه‌رییه‌دا به‌كاربهێنرێت. تیۆری پۆ له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا بۆ دوو پره‌نسپی سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه:
یه‌كه‌م: چیرۆكێك به سه‌ركه‌وتوو حساب ده‌كرێت كه كاریگه‌ریی یه‌كپارچه‌یی له‌سه‌ر خوێنه‌ر دروست بكات، دووه‌م: ئه‌و كاریگه‌ریی یه‌كپارچه‌ییه نابێت بدرێته ده‌ست رێكه‌وت و ئیلهام، به‌ڵكو ده‌بێت به حسابكردن بۆ وردترین ورده‌كاریی شێواز و بابه‌ت و ئه‌نجامی قووڵبوونه‌وه و بیركردنه‌وه‌ی لۆجیكی نووسه‌ر بێت.
هه‌ندێك له ره‌خنه‌گران چیرۆكه‌كانی ئالان پۆ به جۆرێك له چیرۆكی گه‌شه‌كردووی هونه‌ری ده‌زانن، چونكه زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی وه‌كو چیرۆك، رووداوی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و سه‌یرو سه‌مه‌ره و لێكدانه‌وه‌ی رووداوی گشتییه و له ژیانی واقیعی و كاروباری رۆژانه به‌دوورن. هه‌ڵبه‌ته پۆ توانیوێتی به حسابكردن بۆ ورده‌كاری و كه‌ره‌سه و بابه‌تی واقیعی دره‌وشانه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش به‌چیرۆكه‌كانی بدات، یانی وه‌كو حه‌قیقه‌تیان لێ بكات.
پۆ چیرۆكه‌كانی دابه‌شكردووه بۆ دوو به‌ش: «چیرۆكی خه‌یاڵی» وه‌كو كورته‌چیرۆكی «ده‌مامكی مه‌رگی سوور» و «چیرۆكی بیرلێكراوه« وه‌كو كورته‌چیرۆكی «قالۆنچه‌ی ئاڵتوونی».
چیرۆكی «بیرلێكراوه« بریتییه له چیرۆكی پۆلیسی و تاوانكاری و زانستی، چیرۆكی «خه‌یاڵی»ش بریتییه له چیرۆكی خه‌یاڵ و وه‌هم «فه‌نتازی» و خه‌یاڵاوی. ئه‌وه‌ی چیرۆكی پۆلیسی و تاوانكاری و زانستی له چیرۆكه‌كانی تر جیاده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی عه‌قڵ و لۆجیك به‌سه‌ریاندا زاڵه. ئامانجی ئه‌م چیرۆكانه دروستكردنی ترس و دڵه‌ڕاوكییه لای خوێنه‌ر، له‌گه‌ڵ فه‌زا و ره‌نگێكی تۆخ و ترس و تۆقاندنێكی زۆردا، به‌توندی خوێنه‌ر به‌خۆیه‌وه شه‌ته‌ك ده‌دات، هه‌ر ئه‌م چیرۆكانه پاشان جۆره‌های چیرۆكی پۆلیسی و تاوانكاری و زانستیان له دنیادا هێنایه ئاراوه. كه زۆرجار له تایبه‌تمه‌ندیی ده‌روونناسی كه تایبه‌ته به كورته‌چیرۆك و رۆمانی ئه‌مڕۆ، بێبه‌شن، له‌به‌رئه‌وه‌یه زۆربه‌ی چیرۆكناسان و ره‌خنه‌گران به‌ها بۆ ئه‌م جۆره چیرۆكانه دانانێن و ئه‌مانه به چیرۆكی ده‌ستی دوو و بێبه‌ها ده‌زانن. ئالان پۆ له چیرۆكه خه‌یاڵییه‌كانیدا خه‌یاڵه ترسناكه‌كانی فۆرمه‌ڵه ده‌كات و چه‌ند رووداوێكی سه‌یر دروست ده‌كات كه نائاگا یان نه‌ستی له ترسی سه‌ركوتكردن، ناچار بووه بیشارێته‌وه. چیرۆكه‌كان له زمانی كاره‌كته‌ره‌كانییه‌وه ده‌گێڕدرێنه‌وه، هه‌ربۆیه خه‌یاڵ و بیروبۆچوونی ناساغی پۆ له‌م چیرۆكانه‌دا خۆی نیشان ده‌دات. هه‌ڵبه‌ته ئه‌م چیرۆكانه هیچ له چیرۆكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر یان نائاسایی ناچن كه تیایاندا ره‌گه‌زی وه‌كو تارمایی و شه‌یتان و جادووگه‌ر تیایه. خوێنه‌ر له‌م چیرۆكانه‌دا زیاتر رووبه‌ڕووی خه‌ونی پڕ كابوس و دڵه‌ڕاوكێی نه‌ناسراو و ره‌مزی ده‌بێته‌وه.
«چیرۆكه‌كانی ئالان پۆ كه به‌پێی ماهیه‌تیان ده‌بوو خودی نه‌بن، له راستیدا ره‌گ و ریشه‌یان ده‌چێته‌وه قووڵایی وجودی نووسه‌ر. هه‌ریه‌ك له‌م چیرۆكانه په‌رده‌یه‌كن له‌سه‌ر ده‌رگای ئه‌شكه‌وتێك كه له قووڵایی تاریكی‌دا بوونه‌وه‌ری هیولایی - بیروبۆچوونی خۆره و ترسی تاڕاده‌ی نه‌خۆشی نووسه‌ر- دێن و ده‌چن.
یان ئه‌گه‌ر وێنه‌یه‌كیتر نیشان بده‌ین، هه‌ر چیرۆكێك نووسینێكی تازه‌یه له‌سه‌ر نووسینێكی كۆنی سڕاوه كه ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین له ژێر ده‌قێكدا كه ده‌خوێنرێته‌وه، ده‌ستنووسێكی ته‌واو سڕاوه بخوێنینه‌وه كه ده‌قه تازه‌كه ده‌یشارێته‌وه، ئه‌و ده‌قه سڕاوه‌یه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بین له خوێندنه‌وه‌یدا هه‌موو شتێك روون ده‌كاته‌وه. خودی ئالان پۆ سه‌روه‌ختێ وتویه‌تی: «ئه‌و گریمانه‌یه‌ی كتێبی نووسه‌ر شتێكه جیا له خۆی به‌ڕای من گریمانه‌یه‌كی ناڕاسته.»(3)
ده‌ڵێن له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا به‌رهه‌مه‌كانی گۆگۆڵ زیاتر به‌هه‌ڵه لێكدراونه‌ته‌وه، ته‌نیا حساب بۆ خاسیه‌تی ریالیزمی چیرۆكه‌كانی كراوه و جه‌ختكردنه‌وه له‌وه‌ش، ره‌هه‌نده‌كانی دیكه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی له‌به‌رچاو ون ده‌كات.
«ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌گران له‌م دواییانه پێی گه‌یشتوون ئه‌وه‌یه به‌رهه‌مه‌كانی گۆگۆڵ مانای ناوه‌كی زۆریان هه‌یه له هه‌موو ئاسته‌كاندا وه‌كو (هونه‌ری، ئاكاری، ده‌روونزانی، فه‌لسه‌فی و مه‌زهه‌بی) كه چاوی ره‌خنه‌گرانی كۆن ئه‌مانه‌ی نه‌دیوه. ئه‌م ره‌خنه‌گرانه‌ی دوایی ئه‌وه‌یان یه‌كاڵا كردۆته‌وه كه زۆربه‌ی خوێنه‌ران تێگه‌یشتنێكی گشتییان له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌كانی گۆگۆڵه‌وه. گۆگۆڵ له هه‌مانكاتدا كه نووسه‌رێكی قۆشمه و شیرینه، قووڵیشه، نووسه‌رێكه به‌رهه‌مه‌كانی كۆن نابن. هه‌رجاره‌ی شرۆڤه‌یه‌كی تازه‌یان ده‌وێت و جیهانی شێوێنراوی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی گۆگۆڵ ناچارمان ده‌كات كه به‌شێوه‌یه‌كی نوێ سه‌یری ئه‌م دنیایه بكه‌ین كه تیایدا ده‌ژین.»(4)
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
په‌راوێز:
-1 Arthur Voss: The American Short Stories, Oklahoma,1973,p.49.
-2 نویسندگان روس: به سرپرستی خشایار دیهیمی، تهران، نشرنی، 1379، ص112.
-3 راجر اسلینو: ادگار ال‌ن پو، ترجمه خشایار دیهیمی، تهران، نسل قلم 1373، ص34.
-4 نویسندگان روس: به سرپرستی خشایار دیهیمی، ص125.
سه‌رچاوه: جمال میر صادقی
جهان داستان غرب ص18-25