سەرۆكایەتیی كۆمار و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەرۆك وەزیرانی عیراق و كونسوڵخانەی ئەمریكا، ئیدانەی پەلاماردانی كێڵگە نەوتییەكانی خورمەڵە لە هەولێر و سەرسەنگ لە دهۆك و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەكەن.
سەرۆكایەتیی كۆمار، رایدەگەیەنێت: دووبارەبوونەوەی ئەم پەلامارە ئاشكرایانە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری و ئابووریی وڵات دەكات و ژیانی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە. بۆ ئەوەش داوا لە دەزگا ئەمنییەكان لە حكومەتی فیدراڵ و هەرێم دەكات رێوشوێنی گونجاو و بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئاشكراكردنی تاوانباران و رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەكان، كە مایەی مەترسین.
لە راگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیشدا هاتووە: بەتوندی سەركۆنەی ئەو هێرشانە دەكەین كە بە درۆن دەكرێنەسەر ژێرخان و ناوچە جیاجیاكان لە هەرێمی كوردستان، پێویستە حكومەتی عیراق رێكاری بەپەلە و پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگەگرتن و دۆزینەوەی هێرشبەران و سزادانیان، كە ئەو هێرشانە سەقامگیری و سەروەریی وڵات و وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی، دەخەنە مەترسییەوە.
هەروەها، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، داوادەكات رێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئەنجامدەرانی هێرشەكان بگیرێتەبەر.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە كە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لایەنی پەیوەندیداری راسپاردووە بەپەلە لێكۆڵینەوە لەو رووداوانە بكەن و رێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئەنجامدەران و ئەوانەی لەپشت ئەو هێرشانەوەن، بگرنەبەر.
وتەبێژ، لە راگەیەنراوەكەیدا دەڵێت: محەمەد شیاع سودانی تەئكیددەكاتەوە كە هێرشەكان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم، مەترسییەكی راستەوخۆیە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی عیراق و سەقامگیری و گەشەپێدانی وڵات.
لە بەیاننامەیەكیشدا، كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، سەركۆنەی هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان و كێڵگە نەوتییەكان دەكات و داوادەكات حكومەتی عیراق رێكاری پێویست بگرێتەبەر.
بەیاننامەكە تەئكیددەكاتەوە: هێرشكردنەسەر ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، جێگای قبووڵ نین، وەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەركۆنەی دەكەین و بەپێویستی دەزانین حكومەتی عیراق پیادەی دەسەڵاتی خۆی بكات بۆ رێگریی لە گروپە چەكدارەكان كە ژێرخانی وڵاتەكەی خۆیان وێران دەكەن و هۆكارێكیشن بۆ دوورخستنەوەی وەبەرهێنەرانی دەرەكی لە ئاوەدانكردنەوەی عیراقدا.