سیناریۆ لە یەکچووەکانی مۆندیال و جامی ئاسیا

10:59 - 2024-02-20
وەرزش
108 جار خوێندراوەتەوە

هاوڕێ شەریف رەشید


‌قەتەر وڵاتێکی بچوکی کیشوەری ئاسیایە، بەڵام پڕە لە سەرکێشی و گۆڕانکاری هاوکێشەکانی یاریگاکانی تۆپی پێ، هەموو لەبیرمانە تۆپی پێ ساڵانێکە لە ژێر هەژموونی ووڵاتانی ئەوروپادا بوو، بەشێوەیەک کە بڕیاری سەرەتا و کۆتایی لەیارییەکان دەدرا، بەڵام لەدوای بەڕێوە بردنی مۆندیالی 2022 - قەتەر، سەرجەم وڵاتانی دنیا لەو بڕوایەدا نەبوون کە وڵاتێکی بەڕووبەر بچووکی ئاسیا لە کەندا و بتوانێت رێوڕەسمی گەورەترین ڕوداوی وەرزشیی جیهانی وەک مۆندیال بەڕێوەببات، بەڵام ئەوە رویدا و هەموو دنیا بینی کە هەژموونی ئەم ووڵاتە چۆن بە سەر تۆپی پێدا سەرکەوت و توانی بەجوانترین شێوە ڕێو ڕەسمی مۆندیالی ساڵی 2022 بەڕێوە ببات.
هەموومان ئەوەشمان بینی و بیست کە زۆرێک لە شرۆڤەکاران و هاندەران ئاماژەیان بەوە کرد کە مۆندیالەکە بەخشراوە بە ئەرجەنتین و مێسی و ئەوەش سینارۆیەکی نەخشە بۆ داڕێژراو بووە، بەڵام ئەو بۆچوونانە گومانیان لەسەرە و ئەرزی واقیع شتێکی تری باسکرد. لەوە دەچێت بازی بەڕێوەچوونی بۆنە گرنگە جیهانیی و کیشوەرییەکان بەسەر سەری ئەو وڵاتەوە نیشتبێتەوە، ئەوەتا پاش مۆندیالی 2022،  میواندارێتیی جامی وڵاتانی ئاسیاشی کرد کە دەبوو لە چین بوایە، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆنا وە هاتە قەتەر پاش ئەوەی ئوستورالیا و ئیندۆنیزیا ئامادە نەبوون میوانداریی بکەن.
بۆ ئەم پاڵەوانێتییەی ئاسیاش هیچ کام لە شرۆڤەکاران و چاودێران پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد کە قەتەری وڵاتی میواندارییکەر بگاتە یاری کۆتایی و بۆ دووەم جار لەسەر یەک ببێت بە پاڵەوانی ئاسیا، هەروەک بینیمان لەدوای گەیشتنی بە قۆناخی 16 هەڵبژاردە، کۆتایی ئەم بۆنە کیشوەرییەش ئەوە بوو یاریزانی ژمارە 10 عەبای عەرەبی کرایە شان و وەک جامی مۆندیال، ئەمیش جامی ئاسیای بەرز کردەوە.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا یاری تۆپی پێ بەهۆی هەژموونی پارەوە خەریکە خەسڵەتەکانی خۆی لەدەست دەدات یان نەخێر  ئەوە ئیدارییەکان و بەڕێوەبەرانی فیفایە دەیانەوێت تەنیا وڵاتانی ئەوروپا نەبنەخاوەن بڕیار لە یەکلای کردنەوەی چارەنووسی تۆپی پێی جیهاندا، با چاوەڕوان بین و بزانین هەمان ئەوەی لە قەتەر لە مۆندیال و جامی وڵاتانی ئاسیادا رویدا لە وڵاتانی تری دنیا روودەدەن و دووبارە دەبنەوە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان