چارەسەرێك بۆ قەیرانی راگرتنی ئۆتۆمبێل

10:36 - 2024-02-25
دووتوێ
109 جار خوێندراوەتەوە
#ئەو پارکە مۆدێرنانە جێی 400 ئۆتۆمبێل دەبێتەوە

ئا: فەرید دڵشاد

لە شاری وۆڵفسبۆرگی ئەڵمانیا دوو تاوەری تایبەت بە راگرتنی ئۆتۆمبێل دروستكراوە كە لەلایەن رۆبۆتێكەوە ئۆتۆمبێلەكان رادەگیرێن.
ئەو تاوەرانە تیرەكەیان 20 مەترە و بەرزییەكەیان 60 مەترە و هەریەكەیان شوێنی 400 ئۆتۆمبێلی تێدا دەبێتەوە، ئەم داهێنانە سەرسوڕهێنەرە چارەسەرێكە بۆ ئەو وڵاتانەی ئۆتۆمبێلی زۆری تێدایە و قەیرانی شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێلیان هەیە.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەكەی تێدا رادەگیرێت ژینگە دۆستە و دەردانی گازی زیان بەخش لە كاتی راگرتنی ئۆتۆمبێلەكەدا كەمدەكاتەوە.

هۆکاری بەکارهێنانی
لە سەرەتاو ئێستادا هۆكاری بەكارهێنانی ئەمجۆرە شوێنانە بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل دەگەڕێتەوە بۆ كەمیی زەوی بەردەست بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل و پێویستیی شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێلەكان.
یەكەم وڵاتیش ئەمجۆرە سیستمەی بەكارهێنا بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل فەرەنسا بوو لە ساڵی 1905 كە ناوی  گەراجی «ریۆ دی پۆنتۆ» بوو.
تا ساڵی 1920 ئەم سیستمە لە شێوەی خولگەیەكی بەرزدا بوو كە شوێنی راگرتنی 8 ئۆتۆمبێلی بەبەرزی تێدا دەبۆوە، لە زۆرێك لە باڵەخانەکاندا بەكاردەهێنران.
 دواتر كۆمانیای كێنت ئۆتۆماتیك گەراج سیستەمی راگرتنی ئۆتۆمبێلی پەرەپێدا كە توانای راگرتنی هەزار ئۆتۆمبێلی هەبوو.

لە ئەمریکا زیادی کرد
راگرتنی ئۆتۆمبێل بەشێوەی ئۆتۆماتێكی لە چلەكان و پەنجاكانی سەدەی رابردوودا لە ئەمریكا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی ئێستاش كاردەكەن، دواتر بەهۆی كێشەی میكانیكی و چاوەڕوانی زۆری شۆفێرەكان بۆ وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێلەكانیان دوای راگرتن  گرنگیدان بەم سیستمە كەمیكرد.
بە پێچەوانەی ئەمریكاوە لە چل و پەنجاكاندا لە ئەوروپا و ئاسیا خواست لەسەر ئەو جۆرە سیستەمە بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل زیادیكردووە، بەڵام بەشێوەی پێشكەوتووتر.
جارێكی تر لە ئەمریكا لە ساڵانی نەوەدەكان خواست لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل بەو شێوەیە زیادیكردەوە تا ساڵی 2012 شەش هەزار شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل دروستكرا.
لە ئێستاشدا ئەم سیستمە لە هەندێك شوێنی ئێران كاری پێدەكرێت، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتۆتە هەرێمی كوردستان كە ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی تێدا جێبێتەوە.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان