فێستیڤاڵی بازدانی شەیتان

10:40 - 2024-02-25
دووتوێ
91 جار خوێندراوەتەوە
لەو فێستیڤاڵەدا ئەو کارەکتەرە باز بەسەر هەموو ئەو منداڵانەدا دەدات کە ئەو ساڵە لەدایکبوون

 

لەجەژنی قوربانی ئایینی کاسۆلیکی لە شارۆچکەی کاستریلۆی ئیسپانیا لە سەدەی شانزەوە هەموو ساڵێک بەناوی «کۆلاشۆ» یان «بازدانی شەیتان» رێکدەخرێت، هەفتەیەک بەر لەو چالاکییە ئایینی کۆمەڵایەتییە جاڕچی کڵێسا بەناو ئاواییەکەدا رۆژی دەستپێکردنی فێستیڤاڵ جاڕدەدات کە ئاسایی رۆژانی یەکشەممەیە و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەڕێوەدەچێت، لەم رۆژانەدا کەسێک دەهێنن بەسەر منداڵی کۆرپەدا بازدەدات، ئەو کەسایەتییە لەلایەن کڵێساوە دیاری دەکرێ و جلی شەیتانی لەبەردەکەن کە رەنگی سورو زەردە و دەمامکی ترسناک دەکاتە سەری تا وەک شەیتان دەرکەوێت، ئەو کارەکتەرە بەسەر هەموو ئەو کۆرپە ساوایانەدا بازدەدات کە لەماوەی ئەو ساڵەدا لەو ناوە لەدایکبوون و دەیانهێننە حەوشەی کڵێساوە و دایک و باوکەکان لەوێ کۆدەبنەوە، شەیتان بەسەریاندا بازدەدات وای لێکدەدەنەوە کۆرپەکان رۆحی شەڕانگێزی و خراپەکارییان لێ دەردەچێ و دەبن بە مرۆڤی پاک و راستگۆ و ئیدی شەیتان زەفەریان پێنابات، لەکاتی رێوڕەسمەکە دەهۆڵ لێدەدرێت و هەموو ئامادەبوان نیگای چاویان دەبڕنەسەر کۆرپەکان و لەکاتی بازدانەکە دایک و باوکان هەناسەیان دەگرن و قوڕگیان پڕ گریان دەبێت، لەترسی ئەوەی نەبادا بەسەریاندا بکەون وبمرن، دایک و باوکان هەرچەندە زۆر دەترسن، بەڵام بە شەوقەوە پێشوازی لە مەراسیمەکە دەکەن، چونکە پێیان وایە ئەوە ئەرکە و دەبێت جێبەجێی بکەن و بۆ داهاتووی منداڵەکانیان باش دەبێت، کاتێک شەیتان بەسەریاندا بازیدا ئیدی مەترسی کەوتن و ئازارگەیشتن بە کۆرپەکان نامێنێ و دایک و باوکان دڵخۆش دەبن و بەهاوار خۆشیەکانیان دەردەبڕن و بۆن بەسەر منداڵەکانیان دادەبارێنن و دەیکەنە هەلهەلەی خۆشی وشادی.

دڵخۆشترین کەسن
لەو فێستیڤاڵەدا لەدوای پرۆسەی بازدان و پێچانەوەی کۆرپەکان بەدەم خواردنی خۆش و سفرەی رازاوەی دیوەخانی کڵێسا خەڵکی دەست دەکەن بە ئاهەنگ و گۆرانی هەڵپەڕکێ، ئەوانەی کۆرپەیان هەبووە لە هەموویان دڵخۆشترن و خۆیان بە خانەخوێی ئاهەنگ دەزانن و لەوانی دی زیاتر خەرجی ئاهەنگەکە دەگرنە ئەستۆ و پاداشت پێشکەش بە کڵێسا و قەشە دەکەن، بۆ خێزاندارەکان ئەم رۆژە یەکێکە لە جەژن و رۆژە تایبەتەکان، هەرچەندە ئەو نەریتەیان زۆر کۆنە و بۆتە کەلتورێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی، بەڵام ئێستا کڵێسا نیازی وایە لای بدات، چونکە زۆرجار ئازار بە منداڵەکان دەگات و لەوەش زیاتر دەڵێن منداڵ خۆی پاک و بێگەردە و پەروەردە و ژینگەی باش وا دەکات ببێتە مرۆڤێکی بەڕەوشت و خێرخواز و مرۆڤدۆست، بەڵام لادێیەکانی ئەو ناوچەیە ئامادە نین دەستبەرداری ئەو نەریتە باوە ببن و هەموو ساڵێک رێکیدەخەن، چونکە باوەڕیان وایە لەماوەی ئەو هەفتەیەی فێستیڤاڵ هەموان پاک دەبنەوە بەهۆی ئەو رێوڕەسمەوە رۆحیەتی ناپاکی و شەڕانگێزی لەخۆیان دەردەکەن و شەیتان لە بەردەستی خۆیان دەبێت و ناتوانێت خراپەیان بەرامبەر بکات، جگەلەوەش هەفتە ئاهەنگەکە پڕیەتی لە قسەی خۆش و گاڵتەوگەپ و کۆبوونەوە و نوێکردنەوەی خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و بەسەربردنی کاتی خۆش لەگەڵ یەکتر.
سەرچاوە:
South Tours Magazine

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان