لە فارسییەوە: هێلین محەمەد
بەنیسبەت پلەی مامناوەندی باقی خەڵكەوە، تۆ شۆفێریت چۆنە؟ وایدابنێ لە میواندارییەكدا تۆم بینی و ئەم پرسیارەم لێكردی، زۆربەی خەڵك پێیان وایە شۆفێریان لە پلەی مامناوەندیی باقی خەڵك باشترە. بەپێی پێناسەی مامناوەندی دەبینین شتی وا كاریكردە نییە، بەڵام زۆربەی خەڵك وا بیر دەكەنەوە. تەنانەت ئەو كەسانەی بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە لە نەخۆشخانەن و قاچ و دەستیان شكاوە، ئاوا بیردەكەنەوە.
بۆچی مەسەلەكە بەم شێوەیەیە؟ بۆچی ئێمەی مرۆڤ ناتوانین بەباشی توانای خۆمان هەڵسەنگێنین. چەند رستەیەك هەن و تەقریبەن هەموومان بیستوومانن كە دەڵێت: «نەزان زۆر متمانەی بەخۆیەتی، گێل پێی وایە زۆر دەزانێت، هەركەسێ كەمتر دەزانێت پێی وایە باشتر دەزانێت» یان پەندی پێچەوانەش هەیە دەڵێت: «درەخت هەرچەندە بەردارترە، داكەوتووترە.» زۆر كەس زۆر جەخت لەسەر قسەیەكی هەلەق و مەلەق یان قسەیەكی قۆڕ دەكەنەوە.
مەسەلەكە تەنیا زۆر متمانە بەخۆبوون نییە، تەنیا ئەوە نییە بڵێین كەسەكە زۆر لە خۆی دڵنیایە، بەڵكو ئەمە هەڵەیەكی عەقڵییە، یان لایەنگیرییەكی ناسینە، كە لەوانەیە ئێمەی مرۆڤ گیرۆدەی بین، ئەویش بەهادانانە بۆ هەڵەیەك ئێمە كەمتر یان زیاتر، سەبارەت بە عەقڵ و زانست و شارەزایی خۆمان دەیكەین، ئەمە بە (فاكتی دەنیگ، كرۆگەر) ناسراوە، كە دوو كەسی دەروونناس بوون هاتن ئەم بابەتە گشتییەیان لێكدایەوە، بە لۆجێك ئەوەیان سەلماند مرۆڤ لە هەڵسەنگاندنی خۆیدا باش نییە، زیاتر توانای خۆی بەرز دەگرێت، یان هەندێ جار بە پێچەوانەوە. چۆن؟ هاتن ئەم تاقیكردنەوەیەیان كرد؟ مرۆڤیان لە چەند بوارێكدا تاقیكردەوە، بۆنموونە: پرسیاریان كرد: لە بەڵگەی لۆجیكیدا چۆنیت؟ لە رێزماندا چۆنیت؟ لە قۆشمەییدا چۆنیت؟ لەم سێ بوارەدا چەند نمرە بە خۆت دەدەیت؟ پاشان ئەمانەیان لەگەڵ كەسانی تر بەراورد كرد.
گرنگە توانای خۆت هەڵبسەنگێنیت
باشە بۆچی گرنگە مرۆڤ باش توانای خۆی هەڵبسەنگێنێت؟ چەند هۆكارێكی هەیە:
یەكەم: متمانەبەخۆبوون، گرنگە مرۆڤ متمانەبەخۆبوونی بەرامبەر بەو شتە بێت كە لێی دەزانێت، متمانەبەخۆبوونی مرۆڤ حاڵەتێكی نۆرماڵی نییە، ناكرێت هەمیشە متمانەبەخۆبوونی لە یەك ئاستدا بێت. مەسەلەكە بەو شێوەیە نییە، دەكرێت مرۆڤ لە شتێكیدا متمانەبەخۆبوونی زۆر بێت، لە شتێكی تردا كەم، بۆنموونە: دەشێت لە بیركاریدا متمانەبەخۆبوونی زۆر بێت، لە قۆشمەیی، چێشتلێنان و گفتوگۆدا كەم بێت. كەواتە ئەوەی هەڵسەنگاندنمان بۆ متمانەبەخۆبوونمان راست و دروست بێت گرنگە.
دووەم: ئەوەیە مرۆڤ بزانێت كەی بەپێی هەڵسەنگاندنی خۆی دەتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت. كەی توانا و شارەزایی خۆی بەسە، كەی بەس نییە، كەی دەبێت راوێژ بە یەكێكیتر بكات، كەی ئیشەكە بە یەكێكیتر بسپێرێت؟ دەنیگ و كرۆگەر ئەمە روون دەكەنەوە: دەڵێن ئەو كەسانەی لە بوارێكی تایبەتدا شارەزاییان نییە، دەبێ چاوەڕێی دوو بەڵا بكەن: یەكەم ئەوەیە لەو ئیشەدا هەڵە دەكەن و ئەنجامێكیان دەست ناكەوێت، دووەم، ئەوە نازانن هەڵەیان كردووە یان لە كوێدا هەڵەیان كردووە، چونكە ئەو وەهمی زانینە نایەڵێ بزانن هەڵەیان كردووە یان لە كوێدا هەڵەیان كردووە؟ ئەمەش دەبێتە (جەهلی مورەكەب) واتە ئەوەی دەڵێت: نازانێت، كە نازانێت، كە نازانێت.
سێیەم: ئەنجامی هۆكاری یەكەم و دووەمە، مرۆڤ ئەگەر شتێك نەزانێت دەچێت فێردەبێت، بەڵام ئەگەر هەڵسەنگاندنی بۆ خۆی هەڵە بێت و پێی وابێت دەزانێت و ناشزانێت ناچێت فێربێت، ناچێت گەشە بەخۆی بدات. هەرچی دەخەنە بەردەستی دەڵێت: خۆم دەیزانم، خۆم شارەزام، خۆم پێشان كردوومە. ئەم خۆم خۆم خۆمە، كۆسپی بەردەمی پێشكەوتنە.
چۆن خۆت رزگار بکەیت؟
ئێستا مرۆڤ كە لایەنگری ناسین و هەڵسەنگاندنە، چۆن خۆی لەم كۆسپە رزگار دەكات؟ دەیڤید دەنیگ چەند رێكارێك دەخاتە بەردەمی مرۆڤ:
یەكەم: پێویستە فیدباك وەربگرێت، بۆ نموونە لە مامۆستاكەی، لە هاوڕێكەی، لەو كەسەی زۆر لێی نزیكە و باشی دەناسێت بپرسێت بزانێت توانای چەندە و دەتوانێت چی بكات.
دووەم: ئەوەیە نابێت لە فێربوون بوەستێت و لە جێگایەكدا چەق ببەستێت و بڵێت ئیتر تەواو پێویستم بە فێربوون نییە، مرۆڤ هەرچەندە زیاتر بزانێت هەڵسەنگاندنی بۆ خۆی باشتر و راستتر دەبێت. قسەیەكی ئینگلیز هەیە دەڵێت: كاتێك لەگەڵ گەمژەیەكدا قسە وباس و مشتومڕ دەكەیت، ئاگات لێبێت ئەویش هەمان شت نەكات.
سەرچاوە: علی بندری YouTube
بە خودت چند می دهی؟