زۆر لە رۆژنامەنووسان پەست بوو

10:49 - 2024-02-27
وەرزش
67 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی پێش یاریی نێوان هەردوو یانەی ناپۆلی و بارسیلۆنا كە یاریی چوونی قۆناغی 16 یانەی نێوانیان بوو لە چامپیۆنس لیگدا و 1-1 کۆتاییهات، چاڤی و فرانكی دی یۆنگ ئامادەی كۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەكە بوون و ئەوان وەڵامی پرسیارەكانی رۆژنامە نووسانیان دایەوە.
لەم كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، فرانكی دی یۆنگ لە قسەكانیدا هێرشی توندی كردە سەر رۆژنامە نووسان و بەتایبەتیش هێرشی كردە سەر پەیامنێرێكی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ كە لە بارسیلۆنا دەردەچێت و رۆژنامەیەكی نزیك لە یانەی بارسیلۆنایە.
سەرەتا با ئەوە بڵێین؛ ماوەیەكە رۆژنامەكانی نزیك لە یانەی بارسیلۆنا باسی ئەوە دەكەن كە گوایە یانەی بارسیلۆنا دەیەوێت لە میركاتۆی هاوینەی ئایندەدا یەك دوو ئەستێرەی دیاری بفرۆشێت، لەنێو ئەو ئەستێرانەدا باسی فرانكی زۆر دەكرێت، تەنانەت ئەو رۆژنامانە باسی ئەوەدەكەن كە یانەی بارسیلۆنا نرخیشی بۆ فرانكی دیاریی كردووە و داوای 100 ملیۆن یۆرۆ دەكات، ئەوەشیان نووسیوە كە یانەكانی وەك پاریس سان جێرمان و مان یونایتد و چێڵسیش لەسەر هێڵن بۆ كڕینی ئەم یاریزانە.
بەڵام دی یۆنگ لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا هەموو ئەو هەواڵانەی رەتكردۆتەوە، تەنانەت ووتی: من زۆر توڕەم لەو شتانەی لەم بارەیەوە لەسەر من دەنوسرێت، چەندین شت لەسەر من دەنووسرێت كە هەموویان درۆن، نازانم ئەم رۆژنامانە و ئەو نووسەرانە چۆن شەرم لە درۆكانیان ناكەن.
هەروەها باسی ئەوەشی كرد كە ئەوە زۆر دوورە لە ڕاستییەوە كە موچەكەم 400 ملیۆن یۆرۆیە، من هیچ زانیارییەكم نییە، بۆ ئەوەش كە وەك ئێوە نووسیوتانە گوایە یانەكەم دەیەوێت من بفرۆشێت ئەمەش هیچ بنە مایەکی نییە، ئێوە شتی ناڕاست زۆر دەنووسن، هەواڵی زۆر هەڵدەبەستن، پێویستە ئێوە خۆتان بگۆڕن.
كاتێكیش پەیامنێری رۆژنامەی مۆندۆ پرسیارێكی لێدەكات، دی یۆنگ زۆربە توندی وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت: تۆ زۆر شتت نووسیوە كە هەموویان درۆ و دەلەسەن، تۆ زۆر شت درووست دەكەیت و لە راستیدا هیچ بنەمایەكیان نییە، تۆ بۆ وا دەكەیت؟.
دیارە فرانكی زۆر شتی تریشی ووت، لەوانە ووتی؛ ئەو لە بارسا ئاسودەیە، یاریزانانی تیپەكەی و تیمی راهێنەری و ئەندامانی ژووری خۆگۆڕین  هەموویان براو هاوكارمن، من رێزی تایبەتیان لێدەگرم، بەڵام رۆژنامەكان بەپێچەوانەوە قسە دەكەن، بۆیە ئەم جۆرە لەكاركردنی رۆژنامەكان پێویستە بگۆڕدرێت.
ئەم توڕەیی و هەراسان بوونەی فرانكی كاردانەوەی زۆری لێكەوتۆتەوە، بەجۆرێك رۆژنامە نووسێكی رۆژنامەی سپۆرت لە وەڵامی فرانكیدا دەڵێت: لەوەدەچێت فرانكی خۆی دوای ئەوەی كردبێت ئامادەی ئەم كۆنگرە رۆژنامەوانییە ببێت بۆ ئەوەی ئەم وەڵامە توندانەی رۆژنامە نووسان بداتەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو وەڵامانەی فرانكیدا:
*نەیتوانی سەرچاوەی ئەو هەواڵە ناراستانە ئاشكرا بكات كە چەند ئیدارییەكی یانەكەیەتی یان ژووری خۆگۆڕینە.
*بە هیچ شێوەیەك نەچوو بەلای باسكردنی سەرۆك و ئیدارەی یانەكەدا كە زۆرجار ئەوان سەرچاوەی هەواڵەكانن.
لەلایەكی ترەوە ئێستا باسێكی تر لە ناوەندی یانەی بارسیلۆندا گەرمە و قسەو باسی زۆری لێوە دەكەن ئەویش ئەوەیە نهێنییەكانی ژووری خۆگۆڕینی یانەی بارسیلۆنا دەچنە دەرەوە و دەگەنە رۆژنامە نووسان.
ئەم مەسەلەیەش چاڤی راهێنەری توڕە كردووە، بەجۆرێك كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ یاریزانەکانی رێكخستووە و بەدوای سەرچاوەكەدا گەڕاوە، تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی یەكە یەكە مۆبایلی لە یاریزانەكان وەرگرتووە و پشكنینی كردوون تابزانێت كێ سەرچاوەی ئەو دزەپێكردنانەی هەواڵەكانی ژووری خۆ گۆڕینە، سەرەنجام هیچی دەست نەكەوتووە، تا دواجار ئێستا گومانی لە تیمی راهێنانی یانەكەی هەیە تەنانەت لەبراكەی خۆیشی كە یاریدەدەرێتی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان