خارە حەمید وەرزشکارێکی دێرینیش بوو

10:50 - 2024-02-27
وەرزش
110 جار خوێندراوەتەوە

زاگرۆس نانەكەلی

دەمویست بڵێم خارە حەمید ئەوە دێم بۆ تەلەفزیۆن یاری راستەوخۆ دەگوازمەوە و بەرنامەیەكی وەرزشیی پێشكەش دەكەم، كەچی کە لەخەوهەستام هێشتا بەیانییەكی تاریك بوو، ئەوجا زانیم خارە حەمید سەفەری ئەبەدی كردووە و هەموو جوانییەكانی كردە ملوانكەیەکی گوڵە مێخەك تا ئەبەد بۆن و بەرامی لە ویژدان و هاوڕێیەتیماندا دەمێنێتەوە.
کۆچکردوو پۆستێکی وای نەبوو نەبوو، بەڵام بەرێوەبەر و تێكڕای كارمەندان گوێڕایەڵی ئەوبوون، گەر پۆستی هەبووایە، لەبری ئەوەی قات و ریبات بپۆشێت، نانی بۆ كارمەندان ئامادە دەكرد و كارمەندانی بۆ شوێنی راپۆرت و بەرنامە دەبرد و هەرخۆشی دەیبردنەوە بۆ ماڵ.
خارە حەمید بەر لەوەی ئەكتەر بێت، وەرزشکارێکی دێرین بوو، وەرزشکارێکی دێرینی تیپە میللییەكانی هەولێریش بوو، خۆشەویستی ئەو بۆ هونەر و وەرزش، وای لێكردبوو وەرزش وهونەر لەخۆی دانەبڕێنێ.
پێش راپەڕین و دوای راپەڕینش هەر لە هۆڵ و یاریگاكانی شاردا بوو، ساڵی 1993 یانەی برایەتی لەگەڵ بەرنامەی زووم زووم یارییەكی دۆستانەیان بۆخۆشی ئەنجامدا، بلیتی یارییەكە بۆ كڕینی پەڕاوگە بوو بۆ قوتابخانە و خوێندنگاكانی هەولێر، حەمیدی كۆچكردوو یەكێك بوو لەیاریزانانی بەرنامەی زووم زووم، ئەو زۆر بەلێهاتووی رووبەڕووی یانەی برایەتی دەبووەوە.
دیارە ناكۆكی من و كۆچكردوو کۆن بوو، ناكۆكی من و ئەو زۆر باشتر بوو لە تەبایی و برایەتی ئێستا، چونكە ئەو ناكۆكییە، بۆ رق وكینە و دڵڕەقی و بەرژەوەندی و پۆست نەبوو، شەڕمان نەبوو، توڕە بوون هەبوو، پێك نەدەهاتین، هەردەم ئیشیشمان لای یەكتربوو، هەردووكمان هیچ بەرژەوەندییەکمان لەگەڵ یەكتر نەبوو، ئەو توڕە دەبوو، من نەمدەزانی بڵێم خۆ تۆ بەرپرسی من نیت بۆ تێكەڵ بە كارەكانی من دەبیت، چونكە دەمزانی بۆ خۆی نییە بۆ بەرژەوەندی گشتییە، بۆیە گوێی لەمن دەگرت.
ساڵی 2005 كۆچكردوو دەیگوت: ئێستا هیچم ناوێت، ئەتوو بەرنامەی وەرزش پێشكەش بكە، درم ئیسراحەت دەكات، هەروەها دەیگووت: چیت بۆ بەرنامەكە دەوێت من بۆتی  ئامادەدەكەم، شەوانەش تا بەرنامەكەم تەواو دەكرد نەدەچووەوە ماڵەوە، دەمگوت خارە تۆ بڕۆ، دەیگوت: نا حەز دەكەم لەدیار بەرنامەكە دانیشم.
ساڵی 1992 كە راستەوخۆ كاری كۆمێنتاریم بۆ یاری كۆتایی چامپیۆنس لیگی ئەوروپا بە زمانی كوردی كرد و بۆ مۆندیالی 1994 و 2006 یش وەك پێشكەشكار و كۆمێنتار كارم بۆكردن، كۆچكردوو هەموو چركەیەك لەگەڵم بوو تا مۆندیال كۆتاییهات.
زۆر بەداخم کە رۆژی دووشەممە 22/1/2024 بەكارەساتی ئۆتۆمبێل كۆچی دوایی كرد، بۆ ئەم کۆستە ئەمە یەكەمجارە بنووسم، نووسینەكەشم شوێنی خۆی ناگرێت، چونکە دەزانم چاوم بەرایی نایەت پاش 32 ساڵ پێكەوە بوونمان، دوا ماڵئاواییمان لێ بکات، هەزاران هەزار سڵاو لە گیانی پاكت برا و هاوڕێی ئازیزم خاری هەموان خارە حەمید، رۆحت شاد و گۆڕت چراخان بێت.

 

   

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان