دیاردە ناشیرینەکان تەنگیان بە تۆپی پێ هەڵچنیوە

12:11 - 2024-02-27
وەرزش
90 جار خوێندراوەتەوە

ئومێد محەمەد پیرۆت

دنیای وەرزشی ئێمە پڕە لەو کێشانەی کە پێشتر ڕویانداوە و ئێستاش دووبارە دەبنەوە، لە یاریگاکانی هەموو شوێنێکی ئەم دنیایە کێشە ڕوودەدەن، بەڵام بە دەرکردنی سزای زۆر و قورس،  هەتا بکرێت خۆیان لەکێشەکان لادەدەن. 
سێ دەردی کوشندە خەریکە بەرۆکی یاریگاکانی کوردستان دەگرێت، یەکەمیان؛ ئەو گیروگرفت و شەڕە بەردەیە کە ژمارەیەکی کەم لەئاژاوەگێڕان دروستی دەکەن، بەبڕوای من هێندەی حەزی ئاژاوەگێڕی ئەو ژمارە کەمەیە، هێندە هەڵچوونی دەرونی کۆی گشتی هاندەرانی یانەکان نییە، خۆئەگەر ئاڕاستەکراو بن جێگەی داخ و نیگەرانییە، بەڵام  هیوادارین هێزە ئەمنییەکان هەرکام لەو ئاژاوە گێڕانەیان دەستگیر کرد، بێ سڵەمینەوە بیدەنە دادگا، تا لە بەرامبەر کارە گێرەشێوێنییەکانیاندا  توشی سەرئێشەی زۆر ببن.
دەردی دووەم؛ هەڵچوونی یاریزانان و دەستەی ئیداریی یانەکانە بەرامبەر ناوبژیوانان و دواتر هاندەرانیش پەلکێش دەکرێن بۆ ناو ئاگری شەڕو ئاژاوەکان، بۆیە هیوادارین سزاکان هێندە قورس بن، تەنانەت هیچ کەس ولایەنێکیش نەتوانێت لێی دەرباز ببن. 
دەردی سێهەم؛ سوشیال میدیایە کە رۆڵێکی خراپ لەو رووەوە دەگێڕن، هەر کاتێک دوو ڕاکەڕاک دەبینن وێنەی دەگرن و وەک ئەوەی هەنگوینیان لە کلۆرە داردا بینیبێتەوە بڵاوی دەکەنەوەوە و دەست ناپارێزن، بەوەش بەشێوەیەک کێشەکە گەورە دەکەن، وا دەزانی دیمەنێکی گۆڕەپانی جەنگی جیهانییە، ڕەنگە ئەمەش (بەمەبەست بێت)، ئەوەش بۆ ناشیرین کردنی شار و یانە و خەڵکی ئەو جێگایانە و مەبەستیش  لێی گەورەکردنی کێشەکان بێت، بۆئەوەی بار و دۆخەکە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی بچن.
کاتێک ئەو ژمارە کەمەی ئاژاوەگێڕان خۆیان تێکدەدەن و پەنا دەبەنە بەر شەڕ و ئاژاوە و بەردباران کردن، کاتێکیش لەم بارو دۆخەدا یانەیەک بەڕێدەکرێت و پۆلیس و ئاسایش لەگەڵیاندا دەبن و پارێزگارییان لێدەکەن، بۆدەبێت  ڕەخنە لەمەش بگیرێت، من لێرەوە دەستخۆشی لە برایانی پۆلیس و ئاسایش دەکەم کە بەڕاستی ڕۆڵی گەورە و باش دەبینن لەوەی کە ناهێڵن شەڕ و ئاژاوەکان تەشەنەبسێنن، چونکە ئەگەر ئەوان نەبن ئەوە روداو و کارەساتی خراپتر دەبینین چونکە ئەمڕۆ خەڵکانێک هەن چێژ لە شەڕ و ئاژاوە و پشێوی دەبینن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان