سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال سەردانی مامۆستا جەمال عەبدول دەکەن

03:26 - 2024-02-27
کوردستان
284 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ 2024/2/27 مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، سەردانی رووناکبیر و پەروەردکار و کەسایەتی دیاری شاری سلێمانی مامۆستا جەمال عەبدولیان کرد.
لە دیدارێکدا رۆڵی مامۆستا جەمال عەبدول لە خزمەتکردن بە کایەی رووناکبیری و کەلتوور و زمان، پەروەردە بەرزنرخاند کە لە هەموو وێستگەکانی ژیانیدا بەرامبەر هەر ئەرکێکدا پێی سپێردرابێت،  دڵسۆزانە و لێبڕاوانە خزمەتی چاکەی گشتی و هەموانی کردوە کە هەر ئەوەش وایکرد ببێتە جێگەی متمانە و خۆشەویست و دۆستی نزیکی سەرۆک مام جەلال و بکرێتە یەکەم پارێزگاری دوای راپەڕینی سلێمانی کە لەو بارودۆخە هەستیارانەشدا توانی سەرکەوتوانە خزمەتی سلێمانی و خەڵکەکەی بکات.
مەکتەبی سکرتاریەت  رێز و پێزانینی بێپایانیان بۆ ئەو مێژووەی مامۆستا جەمال عەبدول دەربڕی کە لەبوارە جیاکاندا خزمەتیکردووە و جێ دەستی دیار و بەرچاوە.
لە بەرامبەردا مامۆستا جەمال عەبدول سوپاسی ئەو بەسەرکردنەوە و رێزلێنانەی کرد و جەختیکردەوە هەر کارێک لە خزمەتی گشتی و چاکەی هەمواندا بێت بە ئەمانەتەوە رایدەپەڕێنێت و بەئەرکی خۆی زانیوە لە بوارە جیاجیاکاندا خزمەت پێشکەش بکات دوور لە هەر بەرژەوەندییەکی تایبەتی و لە وتەکانیشیدا یاد و یادەوەرییەکانی سەرۆک مام جەلالیشی بە شکۆوە وەبیرهێنایەوە.

#مام جەلال #سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال

بابەتە پەیوەندیدارەکان