ساڵۆنی لاپەڕە نۆ:

رۆمانی ئەو دەمەی دنیام شین بوو

10:36 - 2024-02-28
ڕاپۆرت
204 جار خوێندراوەتەوە
#هێڤی حەسەن

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

پێش نیوەڕۆی 10/2/2024 ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری (ی.ن.ك) رێوڕەسمێکی بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی رۆمانی (ئەو دەمەی دنیام شین بوو) لە نووسینی (هێڤی حەسەن) رێكخست.
لە رێوڕسمەکەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە نووسەران و رۆشنبیران ئامادەیبوون، تێیدا (هێڤی حەسەن) نووسەری رۆمانەكە باسی لە ئەزمونی كاری نووسینی خۆی كرد و وتی: كاتێك دەستم بە نووسین كرد حەزم دەكرد بە شێوەیەك بنووسم كە سوود و چێژ بە خوێنەر بگەیەنم و خوێنەرەكانم بێنە ناو كەشی خوێندنەوەكە لەگەڵ مندا وەكو ئەوەی من لەبەرامبەریان وەستابم، چونكە هەركاتێك خوێنەران بەرهەمێكی من دەخوێننەوە، واتا من دەخوێننەوە یا بیر و دنیابینیی من بەرامبەر هەر چەمكێك لە چەمكەكانی ژیان دەخوێننەوە.
نووسین و خوێندنەوە جوانترین شتە
لەبارەی رۆمانەكەشەوە وتی: (ئەو بابەتەم لەبەر ئەوە هەڵبژارد بە ڕۆمان بینووسم بەهۆی پڕۆسەی خۆدۆزینەوە و خۆناسینم بوو كە دەبێت بیر لەوە بكەینەوە ئێمە كێین؟ ئەركمان چییە؟ بۆچی باشین؟ چیبكەین؟  ئەگەر پەیامێكیشمان پێیە چۆن بیگەیەنین هەروەها لەبەرچی هەموومان جیاوازین و...هتد. لێرەوە دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارە فەلسەفیانە بدەینەوە و منیش شێوازی چیرۆکم بۆ قسەکردن لەسەر ئەم بابەتانە هەڵبژارد. 
وتیشی: (هەر ئەو پەیامەشی كە هەمە هەست دەكەم ئازادم بیری خۆم بڵێم، بەڵام ئازادییەكەم چییە لە چوارچێوەی سنوورداربوونی خۆت كە پەیامەكە ئەوەیە دەنگی ژن بە شێوەیەكی دروست و جوان و بەشێوەی رۆمان بگاتە لایەنەكانی ژیان، نووسین و كتێب خوێندنەوەش گەورەترین و جوانترین شتە لەژیاندا هەموو كات بۆ پێشكەوتنی وڵات و گەشەسەندنی هەموو لایەنەكانی ژیان دەگرێتەوە).
سەبارەت بە ناوەڕۆكی رۆمانەكە هێڤی وتی : (ناوەڕۆكی رۆمانەكەم چیرۆكێكە لە شوێن و كاتێك دەستپێدەكات چەند كارەكتەرێكی كەمی تێدایە كە ئەمەش بە مەبەست بووە وام لێكردووە، هەرچەندە لەبنچینەی نووسینی رۆمان هەندێك خاڵەبەندی تێدایە، بەڵام من نەهاتووم هەموو ئەو خاڵانە بخەمە ناو رۆمانەكە، بەڵكو هەر ئەو شتانەی لەلام هەبووە هەر ئەوانەم نووسیوە، بەڵام هەندێك كاری جیاوازم تێدا كردووە ئەویش بۆ ئەوەی زیاتر سوودی پەیامەكەی بگات نەوەك هەر چیرۆكێك بێت).
بۆ ئەوەی خەیاڵمان فراوان بێت
راشیگەیاند: (دەمتوانی ناوەڕۆكی رۆمانەكە درێژتر و بابەتی زۆرتری تێدا بنووسم، بەڵام من بەم شێوەیە نووسیومە كە پەیامەكەم بە كورت و پوختی بگات بەو شێوەیەش بێت كە خۆم مەبەستمە كە چیرۆكەكەی تێكەڵكێشی چەند چیرۆكێكی ترە بریتیە لە ژیانی كچێك كە هەندێك لە پێشهاتەكانی ژیانی دەگۆڕێت، بۆ هەر یەك لە ئێمەی مرۆڤیش روویداوە كە لە تەمەنی خۆماندا رووداوی وا دێتە سەر رێگەمان رێڕەوی ژیانمان بە تەواوی پێچەوانە دەكاتەوە، ئیتر ئەو كچەی ناو رۆمانەكە كە لە ساتێكی تەمەنی ژیانیدا دوور دەكەوێتەوە و گۆشەگیر دەبێت و تووشی چەند رووداوێك دەبێت و كەسانی نامۆ دەناسێت كە كەسە نامۆكانیش دیار نین ئایا سێبەری خۆیەتی یا دەنگی ناخیەتی و چ كەسێكە یا چ رەگەزێكە و تەمەنی چەندە كە ئەو شتانە هەر بەنادیاری دەمێننەوە).
ئەو كچە رۆماننووسە ئەوەشی ئاشكراكرد كە رەنگە رۆژێك بیری ئەوەی بۆ بێت بەرگی دووەمی رۆمانەكە بنووسێت و وتیشی: (چونكە كۆتایی چیرۆكەكە كۆتاییەكی تەواوەتی نییە، دەشێت ئەو كۆتاییە دەسپێكێكی تری هەبێت وەكو ئەوەی لە ژیانی هەمووماندا هەیە، چونكە مەبەستی سەرەكی من ئەوەیە بێینە ناو راستی ژیان، بە تایبەتی خوێندنەوەی رۆمان كە سوود و گرنگی بۆ ژیانی هەریەكەمان هەیە بۆ ئەوەی خەیاڵمان فراوان بێت).

دیمەنێک لە کۆڕەکە

بابەتە پەیوەندیدارەکان