مۆمە داگیرساوەکان، ئەزموون و بیرەوەری

11:52 - 2024-02-29
کەلتور
357 جار خوێندراوەتەوە

جەمال نوری

لە وەرزی یەکەم و دەستپێکی کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوان (کۆمەڵەی کەلەپور و فۆلکلۆری کورد و رێکخراوی رۆشنبیری جەمال نەبەز)،  پێشانگای مەزارگەی مۆمە داگیرساوەکانی بۆ فۆتۆگراڤەر  شیروان نامیق لە 27/2/2024  لەگەلەری  ئەمنە سوورەکە  کردەوە.
مۆمە داگیرساوەکان پرۆژەیەکی هونەریی و ئێستاتیکی63 کەسایەتی دیار و هونەرمەند و رووناکبیر و نووسەری گەلەکەمان لەخۆدەگرێ.
چیرۆکی پشتی  وێنە و مەزاری هەریەک لەو ژمارەیە خۆی لەخۆیدا بە سەدان و چیرۆک و دراما و  پەند و وانە و ئارگۆمێنت لەخۆدەگرێ، وێناکردن و نیشاندانی وێنەی هەریەک لەو خاوەن کەسایەتییانەی گەلەکەمان کە لەئێستادا بە جەستە  نین، بەڵام تەماشاکردن و رامان بۆ هەر یەکێک لەو کەسایەتییە دڵسۆز و خەمخۆرانەی ئەم گەلە سەربڵندە و بەرکەوتنی ئێمەی موتەلەقی بۆ ئەوانی  لەدنیا دەرچوو لە زمەن و مەکانێکدا، راماندەکێشێتە ناو دنیای هەریەک لەو ماندوونەناسانە، کە بۆ گەلەکەیان وەک مۆم سووتان، رۆژ لە دوای رۆژ ساڵەهای ساڵ بۆ بەرەوپێشەوەچوونی سەرخانی کۆمەڵگاکەیان وچانیان نەدا. بەمانایەکی تر کردنەوەی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی لەم چەشنە گەڕانەوەی هزر و ئەندێشە و هەست و عاتیفەی هەریەکەمان دەجووڵێنێ کە ئیدی بتوانین بیر لە شوناس و بوون و کەینونەی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆمان بکەینەوە، کە رێز لە ئەزموونی  دڵسۆزانی نەتەوەکەمان بگرین کە بۆ ئێمە بوونەتە شوناس و  رێڕەوی مەعریفی، واتە ئاوڕدانەوەی هەر تاکێکی بینەری ناو پێشانگاکەیە بۆ رابردوویەکی جوانی ئەوان. ئەو رابردووەی رۆژانێک خەونیان پێوە بینیوە کە بخوازن هەریەکێکیان نەخشیان هەبێ تیایدا بۆ بەدیهێنانی رۆژانێکی باشتر و جوانتر لەو شوێن و جێگایانەی بوونەتە بەشێک لە بیرەوەری، شوێنێک کە ئەوان دەناسێ، خەڵکەکەی، ئاو و رووبار و شاخ و دەشت و ئاسمان و خاک و خۆڵی ئەوان دەناسن، بۆیە کاتێک رۆژگارێک، تەمەنێک دەبەخشێتە ئەو جێگا و خەڵک و خاکە، ئیدی لە هزری خەڵکەکەیدا وەک ئەزموون و  بیرەوەری دەمێنێتەوە کە ئێستایان بۆ هێناوینەتە بەرهەم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان