میسرییەكان ئەبولهەول دەخەوێنن!

12:34 - 2022-06-05
ژینگە
770 جار خوێندراوەتەوە

تارا شێخ عوسمان
«كاتێك (ئەبولهەول) چاوەكانی داخست، با هەموو سەربازانی فیرعەون بچنە پەناگاكان و نەگەڕێنەوە، چونكە (رەع) دەگەڕێتەوە و مرۆڤایەتی لەناو دەبات»، بەم دەستەواژە ئەفسانەییە و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا میسرییەكان ئاوێتە بوون لەگەڵ سەمەرەترین دەنگۆ لە مێژووی وڵاتەكەیان».
چۆن هەواڵەكە بڵاوبووەوە؟
 لەبەرئەوەی لیستێكی دوور و درێژی ئەفسانە سەبارەت بە سەردەمی فیرعەونییەكان و دروستكردنی هەڕەمەكان و خودی پەیكەری ئەبولهەول لە یادگەی میسرییەكان و تەنانەت ئەوانەشدا هەیە كە سەرسامی مێژوی دێرینی میسر و شارستانیەتی دۆڵی نیلن.
كاتێك یەكێك لە چالاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنەیەكی ساختەكراوی پەیکەری (ئەبولهەول)ی بڵاوكردەوە و نووسیبووی، ئەبولهەول چاوی داخستووە و نووستووە، خەڵكێكی زۆر ئەو وێنەیەیان بینی ئیدی هەواڵەكە وەك ئاگری ناوپووش بڵاوبووەوە و زۆر كەسیش  كەوتنە زیندوكردنەوەی چیرۆك و ئەفسانە و بیر و باوەڕە كۆنەكانی كە پێیان وابووە هەركات ئەبولهەول كە بە پاسەوانی مەملەكەتی مردوان و زیندوان دادەنرێت چاوی بنوقێنێت یان بخەوێت ئەوا شتێكی خراپ روودەدات و مرۆڤایەتی بەرەو لەناوچوون دەچێت.
 ئەوەی سەیر بوو بۆ رۆژی دواتر خەڵكێكی زۆر چووبوونە ناوچەی جیزە بۆ بینینی پەیكەرەكەی ئەبولهەول بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لە خەوتنی ئەو پاسەوانە دێرینەی سێ هەرەمە گەورەكەی میسر.
هەرچەندە ناوەندە شوێنەوارناسییەكان هەر زوو هەواڵەکەیان رەتكردەوە و بە ناڕاست لە قەڵەمیاندا، بەڵام ئەوەی زیاتر خەڵكی لە راستیی هەواڵەكە دڵنیا دەكردەوە ئەو ژمارە زۆرەی پۆلیس بوو كە گەیشتبوونە نزیك پەیكەرەكەی ئەبولهەول و نەیاندەهێشت كەس لەو ناوچەیە نزیك بێتەوە بۆ دڵینابوون لە رەوشی ئەبولهەول.
ئەم دەنگۆیە وەك هەموو پرسێكی تر خەڵكی كردە دووبەرە ئەوانەی بڕوایان بە هەواڵەكە كردووە و ئەوانەشی بە كارێكی ساختە و سواڵكردنی لایك و كۆمێنتیان دەزانی، بەشی دووەم و ئەوانەی بڕوایان بە دەنگۆی لەو شێوەیە نەدەكرد پێیانوابوو حكومەتی میسر پشكی لەوەدا هەیە و ئەو  جۆرە كەس و ناوەندانە هاندەدات بۆ كاری لەو شێوەیە، ئەگەرنا چۆن دەكرێت  پەیكەرێكی چەند هەزار ساڵەی لە بەرد دروستكراو چاو بنوقێنێت یان بخەوێت؟ هەروەها دەڵێن: حكومەت ئێستا رێخۆشكەرە بۆ بڵاوكردنەوەی خورافە لەناو كۆمەڵگەدا و باشترین نموونەش بینینی كەسانی جادوگەرە لە شاشەی كەناڵە میسرییەكان و پیشاندانی كاری جادوگەران و غەیبزانەكانە لە چەند درامایەكدا كە رەمەزانی ئەمساڵ پەخشكران. 
ئەوان دەڵێن: حكومەت دەیەوێت لە رێگەی كەناڵەكانی نزیك لە دەزگاكانی خۆیەوە وا لە خەڵك بگەیەنێت كە چارەسەری قەیرانەكانی دونیا وەك (گرانی نرخ و ئەو مەترسییانەی لە هەموو لایەكەوە روویان تێدەكات) شتێك نین دەستكردی مرۆڤ بن و چاوەڕوانكردنی هێزی سەروو  سروشت لە شوێنە نادیارەكانەوە یارمەتیدەریان دەبێت، كە ئەمەش دوورخستنەوەی خەڵكە لە هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشە واقیعییەكان بە شێوازی راست و دروست.
 خەمۆكی و دڵەڕاوكێ دەنگۆ ناڕاستەكان گەرمتر دەكات 
ئیبراهیم حسەین پزیشكی پسپۆڕی دەروونی لەبارەی ئەم  دەنگۆیەوە وتی: چینێكی بەرفراوانی میسرییەكان كە بوونەتە چالاكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خۆیان كۆمەڵێك پشێوی و كێشەی دەروونییان هەیە  كە بەهۆی دڵەڕاوكێ تووشیان بووە، لە پزیشكیی دەرونییدا هۆكاری ئەوانە بۆ ئەو قەیرانانە دەگەڕێنرێتەوە كە روبەڕوی كەسێك یان گەلێك دەبێتەوە، كاتێك دەزانن ناتوانن كاروبارەكانیان بە ئاسانی بەڕێوەبەرن و داهاتوویان بە رۆشنی نابینن،  وایان لێدێت توندوتیژ دەبن، لەسەر شەقام شەڕ لەگەڵ یەك دەكەن و هەندێكیان بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكەن و هەندێكیشیان بۆ راكردن لە كێشەكانیان بەدوای خورافەدا دەگەڕێن و پەنای بۆ دەبەن و بڵاویدەكەنەوە و بڕوای پێدەكەن، لێرەوە دۆخێكی گشتیی دروست دەبێت بۆ گەڕان بە دوای دەرەتانێكی سەلامەتدا.
هەروەها دەڵێت: داكشانی ئابوریی بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ كاردەكاتە سەر ژیانی هاووڵاتیان و سروتەكانیان و ژینگەی دەوروبەریان و تەنانەت كێشەكانیشیان ئیدی وایان لێدێت گرفت دروست دەكەن تاكو تازەكاری لە ژیانیاندا بكەن و ئەمەش كار لە كیمیای مێشكیان دەكات و خەیاڵ لە کۆمەڵەشتێک دەكەنەوە كە راست نییە و هەندێك شت گەورە دەكەن كە لە بنەڕەتدا بوونیان نییە.
بیانییەكان چۆن لەو رووداوەیان روانی؟
رۆژنامەنووسێك ئاماژە بەوە دەدات لە رۆژنامەیەكەوە راسپێردراوە بچێت بۆ ناوچەی جیزە بۆ رووماڵكردنی ئەوەی لەوێ روودەدات و دەڵێت: كەسانێكی زۆر لەوێ بوون دەیانویست بە چاوی خۆیان ئەبولهەولی نوستوو ببینن، بەڵام پۆلیس رێگەی نەدەدان و چەندین هاووڵاتیی و رۆژنامەنووسیشیان دەستگیر كرد كە ویستبوویان وێنەی ئەبولهەول بگرن، زۆر كەسیش پێیان وابوو پۆلیس بۆیە ناهێڵێت نزیك كەونەوە دەترسێت دەنگۆكە راست بێت.
ئەو رۆژنامەنووسە دەشڵێت: ئەوەی سەرنجڕاكێش بوو ئەوە بوو ژمارەیەك بیانیش لەوێ بوون، بەڵام ئەوان دەیانزانی پەیكەرێكی هەزاران ساڵەی بەردین نە دەخەوێت و نە بێدارە، بەڵكو هاتبوون وێنەی دیمەنی ئەو ژمارە زۆرەی میسرییەكان بگرن و پیشانی هاوڕێ بیانییەكانیان بدەن  و پێیان بڵێن: لە وڵاتی شارستانیەتی دۆڵی نیلدا، میسرییەكان بۆ راكردن لە واقیعی تاڵییان، ئامادەن پەیكەرێكی بەردینی هەزاران ساڵەی پاسەوانی چاوكراوەی جیزە  بكەنە خەو.
سەرچاوە: سایتی Daraj

بابەتە پەیوەندیدارەکان