دەتەوێ كەسێكی ژینگەپارێز بیت؟

10:28 - 2023-11-26
ژینگە
527 جار خوێندراوەتەوە
ژیانێکی تەندروست لە گرەوی ژینگەیەکی تەندروستدایە

مەعروف مەجید* 
زۆر جار گۆڕینی خووەكان  لەلایەن مرۆڤەكانەوە یەكێكە لە قورسترین بڕیارەكانی ژیانی، بەڵام ئەگەر مرۆڤ خاوەن ئیرادە و بڕیاری خۆی بێت هیچ بڕیارێك هێندە قورس و گران نییە كە لە ژیانیدا نەتوانێ بەسەریدا زاڵ بێت، بەتایبەتی بڕیارێك كە هەموو مرۆڤێكی خاوەن هەست و ژیر پێویستە پەلەی تێدا بكات، ئەویش تایبەت بێت بە ژینگە.
ئێمەی مرۆڤ زۆر جار دوای رووداوەكان دەڵێین خۆزگە پێشتر بڕیارمان بدایە، پێشینانی خۆشمان وتوویانە، كردە پەشیمان بیت، نەك نەكردە پەشیمان.

كەواتە بۆ ئەوەی ئێمە مرۆڤێكی ژینگەدۆست بین لە خوارەوە 10 پێشنیازی سادە كە هەموو كەسێك دەتوانێ جێبەجێی بكات دەخەینەڕوو كە بەم هەنگاوانە هەسیارەكەمان لە مەترسی رزگار بكەین.

كەم بەكارهێنانی ئاو
دەتوانیت رۆژانە نزیكەی 30 لیتر ئاو پاشەكەوت بكەیت بە تەنها گرتنەوەی بەلوعەكان  لەكاتی شوشتنی ددانەكانت، یان وەستاندنی رۆیشتنی ئاو بۆ ماوەی نیو خولەك لەكاتێكدا دەستەكانت بە سابوون، یان قژت بە شامپۆ دەشۆیت. هەروەها ئەو دڵۆپە بچووكانەی ئاو كە لە بە لوعەكانەوە دزە دەكەن، ئەگەر زیانیان پێگەیشت، بەفیڕۆدانی بەردەوامی ئاو پێكدەهێنن، ئەمەش پێویستی بە چاكردنەوەی خێرا هەیە.

ئەگەر ئامێرە كارەباییەكان بەكارناهێنی، لە كارەبایان بكەرەوە
ئامێرەكانی ناوماڵ تەنانەت كاتێك كە داگیرسێنرێن وزە بەفیڕۆ دەدەن. لەبری ئەوەی بۆ هەمیشە بە پلاكەوە بەجێی بهێڵیت، لەبیرت بێت كاتێك بەكاری ناهێنیت لێیبكەرەوە، هەمان شت بۆ كوژاندنەوەی گڵۆپەكان دەگونجێت، كاتێك لە ماڵەوە نیت، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی بڕی وزەی بەكارهێنان بە شێوەیەكی بەرچاو.

بەكارهێنانی ئاوی شلەتێن بۆ شۆردنی جلوبەرگ
نزیكەی 90 % ئەو وزەیەی كە ئامێری جلشۆردن بەكاری دەهێنێت بۆ گەرمكردنی ئاو دەڕوات. بۆیە واباشە بەرنامەی ئاوی شلەتێن بۆ شۆردن بەكاربهێنرێت، كە رەنگە بۆ پاراستنی جلوبەرگەكان لە بچووكبوونەوە، كاڵبوونەوەی رەنگ، یان چرچبوونیش باشتر بێت. هەروەها باشترە جلوبەرگ كۆبكرێتەوە بۆ ئەوەی كاتێ جلشۆرەكە كارپێدەكەی سەرجەم جلەكان بە یەكەوە بشۆیت.

بوتڵی پلاستیكی بەكارمەهێنە

مادە پلاستیكییە ئاساییەكانت بگۆڕە كە یەكجار بەكاردێت بە شووشەی تر كە لە شووشە یان پۆڵا دروستكراون، كە بەهۆی هەڵمەتە زۆرەكانی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی پلاستیكەوە زۆر بەناوبانگ بوون، كە یەكێكە لە گەورەترین هۆكارەكانی پیسبوونی دەریاكان. هەروەها دەتوانیت ئەو كوپەی قاوەكەی پێدەخۆیتەوە یا چایی و شلەمەنی،  دەتوانرێت دووبارە بەكاربهێنرێتەوە لەگەڵ خۆت بیهێنی بۆ شوێنی كارەكەی خۆت.

بەكارنەهێنانی كیسەی  نایلۆن و پلاستیك
ئەو كیسە نایلۆنانەی كە هەر جارێك دەچینە بازاڕكردن دەستمان دەكەوێت ناتوانرێت دووبارە بەكاربهێنرێنەوە.
بۆیە جانتای بازاڕكردن بەكاربهێنە كە لە قوماش یان قوماشی كاغەزی دروستكراوە، كە ئێستا بە چەندین قەبارە و شێوە و دیزاینی سەرنجڕاكێش بەردەستە و بۆ چەندین ساڵ كارا دەمێنێتەوە، دەتوانی بیكەیتە شوێنی ریكلامیش بۆ كارەكەت دەتوانی لۆگۆی خۆت یا وێنەی منداڵەكانت، یا هەر شتێكی تر لەسەری بنەخشێنی.

بەرهەمی دۆستی  ژینگە هەڵبژێرە
بەدوای «بەرهەمی سەوز»دا بگەڕێ كە دەتوانرێت دووبارە بەكاربهێنرێتەوە، سەرچاوەی بەردەوامیان هەبێت، یان لە كەرەستەی ریسایكل كراو دروست بكرێت.
 بۆ نموونە خاولییەكی قوماش باشترە لە رۆڵێكی نوێی خاولی كاغەزی(كلینكس) هەموو هەفتەیەك.
بەكارهێنانی پاتری بارگاویكەرەوە باشترە، لە مەترسی فڕێدانی پاتری بەتاڵ بە شێوەیەك كە زیان بە ژینگە بگەیەنێت.

ئۆتۆمبێل تەنها لە كاتی پێویستدا
هەوڵبدە، بۆ هاتوچۆی گشتی، پاسكیل بەكار بهێنە یان بە پێ بڕۆ. هەوڵبدە لەگەڵ هاوڕێ و هاوكار و دراوسێكانت رێكبكەون بۆ بەكارهێنانی یەك ئۆتۆمبێل، ئەگەر شوێنی مەبەستت وەك یەك بێت، چونكە ئەمە یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و كەمكردنەوەی دەردانی ژەهراوی و كەمكردنەوەی تێچوونەكان.
 لە هاتوچۆی زۆردا هەوڵبدە بزوێنەرەكە بوەستێنیت لە كاتی وەستانی ترافیك لایتەكان، یا وەستان بۆ ماوەیەكی زۆر.

چاككردنەوە لەبری فڕێدان
دەكرێت زۆرێك لە بەرهەمە شكاوەكانت چاك بكەیت، بەبێ ئەوەی پێویست بكات فڕێیان بدەیت و بیگۆڕیت. ئەگەر چاك نەكرانەوە، ئەوا دەتوانیت بچیتە ناوەندە تایبەتەكانی ریسایكلكردنی ئەلیكترۆنیات بۆئەوەی بە شێوەیەكی سەلامەت فڕێیان بدەیت.

رووەك و درەخت
رووەكەكانی ناو ماڵ دەتوانن یارمەتیدەر بن، لە رێكخستنی پلەی گەرمی لە رێگەی ئەو شێیەی كە دەیدەن بۆ هەوا، ئەمەش یارمەتی كەمكردنەوەی وزەی پێویست دەدات بۆ گەرمكردنەوە و ساردكردنەوەی ماڵەكەت یا شوێنی كارەكەت.
 ئەگەر باخچەیەك لە ماڵەكەت یا شوێنی كارەكەتدا هەبوو دڵنیابە لە چاندنی نەمامی گونجاو بەپێی قەبارەكەی و هەم كەشو هەوای شوێنەكەت، چونكە  ئەوانە سەرچاوەی ئۆكسجینن.
دەستپێكردنی سفر بەفیڕۆدان
هەوڵبدە خۆت رابهێنی بۆ ئەوەی كەمترین بڕی پاشماوە لە ماوەی مانگێكی تەواودا بەرهەمبهێنیت، بۆ ئەوەی هەموو رۆژێك پلانێكی نوێ بكات بۆئەوەی رووبەڕووی ببیتەوە.
 بە دڵنیاییەوە ئەمە وا دەكات بیر لە تەواوی شێوازی ژیانت و بڕی ئەو پاشماوەیەی كە بەرهەمی دەهێنیت بكەیتەوە.
دەبێ ئەمە بكەینە دروشمان(بەكارنەهێنان، كەمبەكارهێنان، دووبارە بەكارهێنانەوە).

* سەرۆكی رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

بابەتە پەیوەندیدارەکان