یەكێتی، خەمی ژینگە لە ئەستۆدەگرێت

09:38 - 2023-07-03
ژینگە
822 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە خەمی ژینگەدایە و هەوڵەكانی خۆی خستۆتەگەڕ تا ژینگەی كوردستان سەوزتر بكات و كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری بباتە قۆناغێكی نوێوە، ئەوەش بەو ئامانجەی هەموولایەك سوودمەندبن و كوردستان و عیراق لە مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بپارێزێت.
بەبڕیاری سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە هەڵمەتێكدا یەك ملیۆن نەمام لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان رووێنران و شارەزایانی ژینگەش دەستخۆشییان لەو هەنگاوە كرد و تەئكیددەكەنەوە كە «ئەم بڕیارە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژینگەی ناوچەكە دەبێت».
رۆژی 26/6/2023، لە هەولێر، بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان حكومەتی هەرێم و زیاتر لە 16 كونسوڵ و نێردەی دیپلۆماسی لە هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی پاراستنی ژینگە بەڕێوەچوو و تیایدا تاوتوێی چەندین پڕۆژە كرا بۆ پێكەوەكاركردن لەپێناوی پاراستنی ژینگەی كوردستان.

كۆبوونەوەكە سەرەتایەكی گرنگە
سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی قوباد تاڵەبانی، ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانPUKMEDIA ی راگەیاند: «جووتیاران و ژینگەپارێزان دڵخۆشن و هەست بەوە دەكەن كە پشتیوانێكی گەورەیان هەیە كە ژینگەی كوردستان بپارێزن، لایەنە پەیوەندیدارەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵ، دەستەی ژینگە و تیمی قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكە ئامادەبوون و كونسوڵەكانیش لەڕێگەی رێكخراو و وڵاتەكانیانەوە دەبێت هاوكاربن، بۆیە ئەم كۆبوونەوە بە سەرەتایەكی زۆر گرنگ سەیردەكەم». وتیشی: «لەسەر ئاستی دنیا مەترسی لەسەر ژینگە هەیە، لە عیراقدا خۆڵبارین زیادیكردووە، ئەوەش پەیوەندی هەیە بە زۆر سێكتەر و بواری دیكەوە، دەیان لێكەوتە و كاریگەریی گەورە لەسەر كوردستان دادەنێت».
بەپێی دوایین ئامار كە لە ساڵانی 2014 بۆ 2015 كراوە «رێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان %12.4ە، ئەم رێژەیە لە خوار ستانداردی جیهانییەوەیە و دەبێت رێژەكە لە سەرووی %20 بێت».
ئاماژەی بەوەشدا: «كاتێك لەسەر ئاستی دنیا زەنگی مەترسی لەسەر ژینگە لێدەدرێت، ئەمە هەموومان بەرپرسیار دەكات بەرامبەر بە ژینگەپارێزی و هێشتنەوەی سەوزایی و زیاتركردنی، ئێمە لە گەشتوگوزار هەوڵدەدەین ئەو پڕۆژانەی كە جێبەجێدەكرێن دۆستی ژینگەبن و سنووری سەوزایی نابێت لە رێژەی ستاندارد كەمتر بێت».

سەرۆك بافڵ، هەنگاوێكی گرنگی دەستپێكرد
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمامی دەستپێكرد، ئەمەش سوودی بۆ ژینگە دەبێت و خۆڵبارین كەمدەكاتەوە و رێگردەبێت لە مەترسییەكانی دیكەی گۆڕانی كەشوهەوا.
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، ئاماژەی بەوەدا كە «لە رابردوودا، سەرۆك بافڵ، هەنگاوێكی گرنگی دەستپێكرد كە تائێستاش بەردەوامە، ئەویش رواندنی یەك ملیۆن نەمام بوو، دەبێت ئەمانە زیاتر برەوی پێبدرێت هەنگاوەكانمان خێراتر بكەین تا ناوچەكانمان لە مەترسییەكانی داهاتوو بپارێزین».
هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمام، پڕۆژەیەكی گشتگیرە و هەموو كوردستان دەگرێتەوە، كاریگەریی لەسەر كەرتی گەشتیاری و بوژاندنەوەی ئابووری و زیادكردنی هەلی كار و پاراستنی دارستانەكانی كوردستان دەبێت.
لە درێژەی قسەكانیدا، ئەمەل جەلال، ئەوەی خستۆتەڕوو كە «هەنگاوی رواندنی یەك ملیۆن نەمام لەلایەن سەرۆك بافڵ-ەوە زۆر گرنگ بوو، چونكە ئەمە وادەكات مەترسیی خۆڵبارین كەمببێتەوە و سوودی بۆ ژینگەكەمان دەبێت».
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاراستنی ژینگە بەكاری لەپێشینەی خۆی دەزانێت و بەردەوام هەوڵیداوە ژینگەی كوردستان لە مەترسییەكان بپارێزێت و بۆ ئەم هەنگاوەش سەرجەم لایەنەكان دەستخۆشییان ئاڕاستەی یەكێتی كردووە، كە بە كردار سەلماندوویەتی لە خەمی ژینگەدایە.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان